رۆژهەڵات عەفرین: تێکەڵبوونمان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش رەتدەکەینەوە و دەبێت لە دەستووردا بناسرێین

رۆژهەڵات عەفرین: تێکەڵبوونمان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش رەتدەکەینەوە و دەبێت لە دەستووردا بناسرێین

جار بینراوە: (152)

ئەمڕۆ 7ی حوزەیرانی 2026، رۆژهەڵات عەفرین، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ)، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی رۆژنیوز جەختی لەسەر بەردەوامیی تێکۆشانی هێزەکەیان کردەوە بۆ چەسپاندنی پێگەی یاسایی خۆیان وەک هێزێکی سەربەخۆ لە سوریای نوێدا، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجیانە وەک هێزێکی پارێزەری ژنان، دانپێدانانی فەرمییان لە دەستووری داهاتوو و ناو سوپای سوریادا هەبێت.

رۆژهەڵات عەفرین ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی دیالۆگەکانیاندا لەگەڵ حکومەتی راگوزەر، پێشنیاز کراوە کە یەکینەکانی پاراستنی ژنان لەناو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا تێکەڵ بکرێن، بەڵام ئەوان ئەمە رەتدەکەنەوە و داواکارن وەک هێزێکی پاراستنی سەربەخۆ لەناو سوپادا بمێننەوە، وتیشی: “بەبێ بەشداریی کاریگەری ژنان، هیچ چارەسەرێکی دیموکراتی لە سوریادا بونیاد نانرێت”.

هەروەها ستایشی کەمپینە یەکان بۆ پشتگیری لە هێزەکەیانی کرد و رایگەیاند، کە “ئەم پاڵپشتییانە هێز و ئیرادەی زیاترمان پێ دەبەخشێت”، داواشی لە سەرجەم ژنان کرد کە لە هەر شوێنێکی جیهان بن، بەرپرسیارێتی خۆپاراستن بگرنە ئەستۆ.

یەکینەکانی پاراستنی ژنان کە لە ساڵی 2013 دا و لە بارودۆخێکی سەختی شەڕی سوریادا دامەزراون، ئێستا داکۆکی لەوە دەکەن کە پاراستنی مافەکانی ژنان لە دەستووری نوێدا گەرەنتییە بۆ سەقامگیری و ئاشتی، روژهەلات عەفرین جەختی کردەوە کە ئەوان باجێکی گرنگیان لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگەدا داوە و رێگە نادەن دەستکەوتەکانیان پەراوێز بخرێن.

بابەتى تر

👤
Live: 120 Today: 410 📊 Click Here