دزی بە فەرشی سوورەوە

دزی بە فەرشی سوورەوە

جار بینراوە: (1.4K)

بەڵێن جەمال بابەکر

دزێک لە جیاتی ئەوەی لە نیوەشەودا و بە دەمامکەوە لە پەنجەرەی ماڵەکەتەوە بێتە ژوورەوە، لە نیوەڕۆی ڕووناکدا بە ئۆتۆمبێلێکی گولە نەبڕی ڕەش و بە لێدانی فیکەی پۆلیس دەگاتە بەردەرگاکەت. پاسەوانەکانی فەرشێکی سووری بۆ ڕادەخەن، بە زەردەخەنەوە قردێلەیەک دەبڕێت پێش ئەوەی خەزێنەکەت بەتاڵ بکات، و لە کۆتاییشدا وەسڵێکی فەرمی و مۆرکراوت پێ دەدات بۆ دزییەکە! لە کاتێکدا تۆی هاوڵاتی لەبەر گەرمای چل و پێنج پلەدا لە ڕیزێکی درێژدا وەستاویت تەنها بۆ وەرگرتنی ناسنامەیەک، تاڵانچییەکان بەوپەڕی شکۆوە بەناو ڕاڕەوەکانی دەسەڵاتدا تێدەپەڕێت. لە عێراقی ئەمڕۆدا، گەندەڵی تاوان نییە کە لە تاریکیدا بشاردرێتەوە؛ بەڵکو کارەکتەرێکی یاساییە کە خاوەنی پرۆتۆکۆڵ، پاسەوانی تایبەت، و ئۆتۆمکاروانی ڤی ئای پی (VIP)یە.

“هیچ ستەمکارییەک هێندەی ئەو ستەمە دڕندانە نییە کە لە ژێر قەڵغانی یاسا و بە ناوی دادپەروەرییەوە ئەنجام دەدرێت.” ئەمە ڕێک وەسفی ئەو سیستەمەیە کە حکومەتی عێراقی لەسەر بینا کراوە. ئەوان گەندەڵییان لە تاوانێکی شاراوەوە گۆڕیوە بۆ پێکهاتەیەکی کارگێڕی. ڕێک وەک سیستەمی تاڵانکاری ی مۆبوتو سێسێ سێکۆ لە زائیری پێشوو، یان تاڵانیی دەوڵەت لەلایەن ئۆلیگارشەکانی ڕووسیای دوای سۆڤیەت، لە بەغداش نەوت و سەروەت و سامان تەنها موڵکی ئەو مافیایانەیە کە بەناوی دەوڵەتەوە حوکم دەکەن. کاتێک گەندەڵی بە دامەزراوەیی دەکرێت، دزەکان ئیتر پێویستیان بە خۆشاردنەوە نییە، چونکە خودی یاسا و دامەزراوەکان بۆ پاراستنی ئەوان داڕێژراونەتەوە.

ئەم بەدامەزراوەییکردنەی دزی، گەورەترین سووکایەتییە بە هۆشیاری و کەرامەتی هاوڵاتی. ئەگەر گەندەڵی تەنها پرۆسەیەکی ڕۆتینییە و بە فەرشی سووردا تێدەپەڕێت، ئەی کەواتە ئەو هەموو دادگا، دەستەی دەسپاکی، و پەرلەمانە ساختەیە کاریان چییە جگە لە شەرعییەتدان بە تاڵانییەکە؟ ئەو سەدان ملیار دۆلارەی داهاتی نەوت بۆ کوێ دەچێت، کاتێک نەخۆشخانەکانی بەغدا دەرمانیان تێدا نییە و خەڵکی بەسرە ئاوی پاکیان دەست ناکەوێت؟ بۆچی هاوڵاتییەکی ئاسایی یان کارمەندێکی سادە لەسەر هەڵەیەکی بچووک دەخرێتە زیندانەوە، بەڵام بەرپرسێک یان بەڵێندەرێکی مافیا کە ملیاران دۆلاری ئاوەژوو کردووە، بە ئۆتۆمکاروانێکی بیست ئۆتۆمبێلی و بە لێدانی سڵاوی سەربازییەوە دەچێتە ناو کۆشکەکانی حکومەتەوە؟ حکومەتێک کە دزەکانی کردووەتە خاوەنماڵ و خەڵکەکەی کردووەتە سواڵکەر لەسەر خاکی خۆیان، چۆن دەتوانێت باس لە سەروەریی نیشتمانی بکات؟

باوەڕ بەو فەرشە سوورانە و ئەو قەرەباڵغییەی پرۆتۆکۆڵەکان مەکەن. ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە گوللەنەبڕە و پاسەوانە دەمامکدارانەی کە دزەکان دەپارێزن، نیشانەی هێز نین، بەڵکو گەورەترین بەڵگەی ترسێکی کوشندەن لە تووڕەیی و تەقینەوەی ئێوە. ئەو حکومەتەی کە تێیدا گەندەڵی دەبێتە پڕۆتۆکۆڵی فەرمی و دەستپاکی دەبێتە تاوان، لە ڕاستیدا دەوڵەت نییە، بەڵکو مافیایەکە کە تەنها ئاڵایەکی نەتەوەیی بەسەر لاشەی وڵاتێکی کوژراودا هەڵداوە!

بابەتى تر

👤
Live: 61 Today: 1,578 📊 Click Here