حکومەت دەبێتە دروستکەری سیناریۆ!

حکومەت دەبێتە دروستکەری سیناریۆ!

جار بینراوە: (13.4K)

سەلام قادر پیرۆت

سەرنجڕاکێشترین و تەنزئامێزترین گۆڕانکاری لە پێکهاتەی حوکمڕانیدا بریتییە لەوەی دەسەڵاتی سیاسی بە شێوازێکی پلاندار هاوشێوەی ئەژمارێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کێبڕکێ لەسەر ڕاکێشانی سەرنجی جەماوەر دەکات. ڕاگەیاندنە فەرمییەکان، ڕێوڕەسمی بڕینی قاچکەکان، وێنەگیراوەکان بە کوالێتیی بەرز، ڕێکخستنی فیستیڤاڵە دراماتیکییەکان و دروستکردنی کەسایەتی و جەنجاڵی ڕۆژانە، هەمویان گۆڕدراون بۆ کاڵای سیاسی و ناوەڕۆکی ڕاگەیاندن! تێزە تەنزئامێز و بکوژەکە لێرەدا ئەوەیە: بەدڵنیاییەوە دەوڵەتی مۆدێرن لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئیتر لە بنەڕەتدا پرسیاری ئەوە لە خۆی ناکات کە “ئێمە لەسەر زەمینی واقیع چیمان ئەنجام داوە؟” بەڵکو ڕۆژانە بەپەرۆشەوە پرسیاری ئەوە دەکات کە “چەند هەزار کەس بینەری و نمایشەکانمان بوون؟” لەم هاوکێشە تاڵەدا، سەرکەوتنی ئیداریی وەزارەتەکان بەپێی ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان هەڵسەنگاندنی بۆ ناکرێت،

بەڵکو بەپێی ڕێژەی بینەر و کلیک و لایکەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەپێورێت! لەم واقیبە تەنزئامێزەدا، مرۆڤ ناچارە زمانی حاڵی حوکمڕانی بەم شێوەیە دەرببرێت: “ئێمە ناتوانین کێشەی بێکاری، کارەبا و مووچەکەت بۆ چارەسەر بوبکەین، بەڵام بێگومان دەتوانین ناوەڕۆکێکی زۆر سەرنجڕاکێشت بە کوالێتیی بەرز بۆ بەرهەم بهێنین تا لەسەر شاشەکانت سەیرمان بوبکەیت!” ئەم گۆڕانکارییە نیشانەی ئەوەیە کە دروستکردنی ناوەڕۆکی وەهمی گۆڕدراوە بۆ ئامرازێکی ی دەسەڵاتدارێتی تا لە رێگەیەوە بێتوانایییەکان بشاردرێنەوە. کاتێک بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەت بچووک بوبکرێتەوە بۆ ڕێژەی بینەر،

ئیتر تەواوی پرۆسەی حوکمڕانی مانای ڕاستەقینەی خۆی لەدەست دەدات و دەگۆڕێت بۆ شانۆگەرییەکی بەردەوام. لە کۆتاییدا، تا ئەو کاتەی جەماوەر داوای دەستکەوتی بەرجەستە نەکات و بە ناوەڕۆکی میدیایی ڕازی بێت، ئەم حکومەتە دروستکەرەی ناوەڕۆکە بەردەوام دەبێت لە کۆکردنەوەی بینەر لە کاتێکدا وڵات بەرەو داڕمانی زیاتر دەچێت.

بابەتى تر


👤
Live: 124 Today: 679 📊 Click Here