ئاسایش بەبێ مافەکانی مرۆڤ سەقامگیری نییە، بەڵکو دەسەڵاتدارییە!

ئاسایش بەبێ مافەکانی مرۆڤ سەقامگیری نییە، بەڵکو دەسەڵاتدارییە!

جار بینراوە: (433)

محمد حوسێن عەزیز

کاتێک دەسەڵاتدارانی عێراق بەردەوام باس لە “سەقامگیری و ئاسایش” دەکەن و وەها نیشانی دەدەن کە ئارامییەکی ڕێژەیی باڵی بەسەر وڵاتدا کێشاوە، لەو حەقیقەتە تاڵە بێئاگان یان خۆیان لێ گێل دەکەن کە ئەو ئاسایشەی لەسەر حیسابی پێشێلکردنی مافە مەدەنییەکان و زەوتکردنی خاوەندارێتیی هاوڵاتییان بونیات دەنرێت، هەرگیز نابێتە سەقامگیرییەکی ڕاستەقینە، بەڵکو تەنیا جۆرێکی تری داگیرکارییە. لە ڕووکەشدا حکومەتی عێراق باسی سەروەریی یاسا دەکات، بەڵام لە واقیعدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ (و هەندێک جار ڕاستەوخۆ) ڕێگەی بە هێزەکانی حەشدی شەعبی داوە کە کۆنتڕۆڵی تەواوەتی بەسەر دامەزراوەکان و ژیانی مەدەنیی هاوڵاتییاندا بکەن. حەشدی شەعبی چیتر تەنیا هێزێکی چەکدار نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەڵکو بووەتە “دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدا” کە بەپێی ڕاپۆرتەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ چەندین وەزارەت (وەک ناوخۆ)، دادگای باڵا، و تەنانەت سەرچاوە ئابوورییە زەبەلاحەکانیش کۆنتڕۆڵ دەکات. کاتێک هێزێکی وەک حەشدی شەعبی بە بڕیاری حکومەت دەبێتە خاوەنی کۆمپانیای گشتی (وەک کۆمپانیای موهەندیس) و زەوییەکی بە قەبارەی نیوەی وڵاتی لوبنان لەسەر سنووری سعودیە پێ دەدرێت بۆ پڕۆژەی ئابووری، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەت نەک هەر ناتوانێت مافی خاوەندارێتیی خەڵک بپارێزێت، بەڵکو خۆی خاک و سامانی گشتی ڕادەستی گرووپە چەکدارەکان دەکات.

ئەم پاوانخوازییە تەنیا لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە نییە، بەڵکو کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانە و ئازادییەکانی هاوڵاتییان هەیە. حەشدی شەعبی کە ساڵانە زیاتر لە ٢.٦ ملیار دۆلار لە بودجەی دەوڵەت وەردەگرێت و دەیان ملیۆن دۆلاریش لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی باجە نافەرمییەکان و خاڵە سنوورییەکانەوە بەدەست دەهێنێت ، توانیویەتی ببێتە دەسەڵاتێکی لێپرسینەوەلێنەکراو کە هاوڵاتییان لە ترسی هەڕەشەکانیان ناتوانن بچووکترین ڕەخنە بگرن یان داوای مافە زەوتکراوەکانیان بکەن. حکومەتی عێراق، لەبری ئەوەی ئەم هێزانە بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی مەدەنییەوە، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بە یاسا شەرعییەتی پێداون و مووچە و ئیمتیازاتی وەک سوپای عێراقی بۆ بڕیونەتەوە. ئەم دۆخە وای کردووە کە لە زۆرێک لە ناوچەکان (بەتایبەت ناوچە سوننەنشینەکان و جێناکۆکەکان)، هاوڵاتییان لە مافە سەرەتاییەکانی خاوەندارێتی و پارێزبەندیی یاسایی بێبەش ببن، چونکە هێزە چەکدارەکان بە پاساوی “پاراستنی ئاسایش” دەست بەسەر زەوی، موڵک، و کەرتی وەبەرهێناندا دەگرن و تەنانەت ڕێگری لە پرۆژەی کۆمپانیا بیانییەکانیش دەکەن ئەگەر لە بەرژەوەندییان نەبێت. بەم شێوەیە، ئەو ئارامییەی کە حکومەت شانازیی پێوە دەکات، سەقامگیرییەکی درۆینەیە کە لەسەر بنەمای بێدەنگکردنی زۆرەملێ، ترساندن، و تاڵانکردنی مافی تاکەکان بونیات نراوە، نەک لەسەر بنەمای دیموکراسی و دادپەروەری.

بابەتى تر

👤
Live: 149 Today: 1,869 📊 Click Here