حەشدی شەعبی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دروست کرا؛بەڵام بوو بە دادوەرى هاوڵاتییانی مەدەنی؟

حەشدی شەعبی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دروست کرا؛بەڵام بوو بە دادوەرى هاوڵاتییانی مەدەنی؟

جار بینراوە: (3.9K)

مولود حسن محمود

کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤ و لە دوای کەوتنی سێیەکی خاکی عێراق بەدەست داعشەوە، فەتوای مەرجەعییەت بۆ دروستکردنی “حەشدی شەعبی” درا، ئامانجەکە زۆر ڕوون بوو: دروستکردنی هێزێکی پشتیوانی بۆ ڕزگارکردنی وڵات لە تیرۆر. بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دە ساڵ و کۆتاییهاتنی شەڕی سەختی داعش، ئەم هێزە نەک هەر نەگەڕاوەتەوە بۆ ناو دەزگا مەدەنییەکان و سوپا، بەڵکو بووەتە “دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدا” کە سەرجەم جومگەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری، و ئەمنیی کۆنتڕۆڵ کردووە. ئەوەی کە زۆر مەترسیدارە، گۆڕینی ڕۆڵی ئەم گرووپانەیە لە هێزی شەڕکەرەوە بۆ “دادوەری سەر شەقام” و دەسەڵاتێکی لێپرسینەوەلێنەکراو کە ڕۆژانە مافی هاوڵاتییانی مەدەنی زەوت دەکەن و یاسا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەچەمێننەوە.

سەرەڕای ئەوەی یاسای “دەستەی حەشدی شەعبی” لە ساڵی ٢٠١٦دا پەسەند کرا بۆ ئەوەی ئەم هێزانە بخاتە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع، زۆرێک لەم میلیشیایانە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادوەری و مەدەنی کار دەکەن. ئەوان هەڵمەتی دەستگیرکردنی خەڵک ئەنجام دەدەن بەبێ ئەوەی هیچ مۆڵەتێکی دادگایان هەبێت. بۆ نموونە، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٢دا، هێزەکانی حەشد هەڵمەتێکیان ڕاگەیاند بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە پێیان دەگوتن “گرووپە لادەرەکان و بەعسییە نوێیەکان”، کە تیایدا دەیان کەسیان بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرد؛ ئەمەش وای کرد چاودێران ڕایبگەیەنن کە ئەم کارە پێشێلکارییەکی ئاشکرایە بەرامبەر دامەزراوە یاساییەکانی وڵات، چونکە لێپێچینەوە و دەستگیرکردن بەهیچ شێوەیەک لە دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدا نییە. لەلایەکی ترەوە، کاتێک دادگاکان یان هێزەکانی دژە تیرۆر هەوڵی دەستگیرکردنی ئەندامێکی حەشد دەدەن لەسەر تاوانێک (وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٠ ڕوویدا کاتێک ژمارەیەک چەکداری کەتائیبی حیزبوڵڵا دەستگیرکران)، ڕاستەوخۆ بە هێزی چەکدار هەڕەشە لە حکومەت دەکەن تا ئەو کاتەی دەستگیرکراوەکانیان بەزۆر ئازاد دەکەن.

ئەمە لوتکەی گاڵتەجاڕییە؛ هێزێک کە بەپێی ڕاپۆرتەکان بەرپرسیارە لە کوشتنی سەدان خۆپیشاندەری مەدەنی و تاڵانکردنی ماڵ و موڵکی هاوڵاتییان لە ناوچە جێناکۆکەکان (بە تایبەت لە خورماتوو و کەرکووک لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە)، ئێستا خۆی وەک پارێزەری یاسا دەناسێنێت و خەڵک سزا دەدات. دادگاکانی عێراقیش لە ئاست ئەم پێشێلکارییانەدا ئیفلیج بوون و ناتوانن لێپرسینەوەیان لێ بکەن. کێشە گەورەکە ئەوەیە کە عێراقییەکان خۆیان لە ڕێگەی بودجەی دەوڵەتەوە باجی ئەم هێزانە دەدەن کە دەیانچەوسێننەوە و بڕیار لەسەر چارەنووسیان دەدەن.

بابەتى تر

👤
Live: 106 Today: 1,931 📊 Click Here