پۆلیسی هەولێر لەبارەی ئاڵۆزییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی هەرکییەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، هێزەکانیان پرۆسەیەکی دەستگیرکردنیان لە گوندی گردەرەشەی سەر بە قەزای خەبات ئەنجامداوە و چەند تۆمەتبارێکیان راگرتووە.
بەپێی روونکردنەوەیەکی فەرمیی پۆلیسی هەولێر کە ئەمڕۆ دووشەممە 24ی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، رووداوەکە شەوی یەکشەممە 23ی ئابی 2026 روویداوە، ئامەژەی بەوەکردووە، کە “هێزە ئەمنییەکان دوای دروستبوونی پشێوی و نائارامی و پێشێلکردنی یاسا لەلایەن چەند کەسێکەوە، گەیشتوونەتە گوندی گردەرەشە و بە فەرمانی دادوەر ئەو لایەنانەی دەستیان لە ئاڵۆزییەکاندا هەبووە، دەستگیر کراون”.
پۆلیسی هەولێر جەختی کردووەتەوە کە ئامانجیان لەم جوڵەیە پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتییان و بەرگریکردن بووە لە زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵی گشتی، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە رێکارە یاساییەکان بەرانبەر هەر کەس و لایەنێکی تری تێوەگلاو لەم دۆسیەیەدا بەردەوام دەبێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، پۆلیسی هەولێر هاوڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە “بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت ئاسایش و دۆخی ئارامی سنوورەکە تێکبدرێت و هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی یاسا بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە”.














Post Comment