وەزارەتی تەندروستی: ئەو نەخۆشخانەیەی کچەکەی تێدا گیانی سپارد، مۆڵەتی نەبووە

وەزارەتی تەندروستی: ئەو نەخۆشخانەیەی کچەکەی تێدا گیانی سپارد، مۆڵەتی نەبووە

جار بینراوە: (9)

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وردەکارییەکی سەبارەت بە گیان لەدەستدانی کچێکی تەمەن ٢١ ساڵ لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی هەولێر بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، نەخۆشخانەکە دوو مانگ بووە هۆڵەکانی نەشتەرگەریی داخرابوون، بەڵام پزیشکەکان بە قاچاخ و بە دەرگای لاوەکی چوونەتە ژوورەوە و نەشتەرگەرییان ئەنجامداوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی تەندروستی ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی سەبارەت بە گیان لەدەستدانی نەخۆشێک بڵاوکردەوە.

تیمی پشکنین و بەدواداچوونی وەزارەت چەند سەرپێچییەکی گەورەیان لەو نەخۆشخانەیە ئاشکرا کردووە کە بریتین لە:

ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی ئەنجامداوە، هیچ ڕێگەپێدانێکی کارکردنی لەو نەخۆشخانەیە نەبووە.

پزیشکەکە ناوی لە میلاکی ڕێگەپێدراوی وەزارەت نەبووە بۆ کارکردن لەو شوێنە.

نەخۆشخانەکە بەبێ بوونی بەشی فریاکەوتن و هۆڵی چاودێری چڕ، نەشتەرگەریی فریاکەوتنی ئەنجامداوە.

هۆڵەکانی نەشتەرگەریی ئەم نەخۆشخانەیە بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی، لە سەرەتای مانگی 6ـی ئەمساڵەوە بە فەرمی داخرابوون، بەڵام پزیشکی نەشتەرگەر، پزیشکی سڕکردن و ئیدارەی نەخۆشخانەکە بە شێوەیەکی نایاسایی و بە دەرگای لاوەکی و نافەرمی چوونەتە ژوورەوە و نەشتەرگەرییان کردووە.

وەزارەتی تەندروستی جەختی کردەوە، بەهۆی ئەوەی سەرپێچی بڕیاری داخستنیان کردووە و بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی نەخۆشەکە، بڕیاردرا بە داخستنی تەواوەتی نەخۆشخانەکە و ڕەوانەکردنی ئیدارەی نەخۆشخانە و پزیشکە سەرپێچیکارەکان بۆ دادگا.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی تەندروستی هۆشداری توند دەداتە تەواوی نەخۆشخانە ئەهلییەکان و سەنتەرە پزیشکییەکان، کە دەبێت پابەندی مۆڵەت و ڕێنماییەکان بن، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی توندترین سزای یاسایی دەبنەوە.

👤
Live: 117 Today: 1,178 📊 Click Here