مەسعود بارزانی: مامۆستایانی ئایینی هەمیشە سەنگەرێکی بەهێزی بەرگریکردن بوون لە مافەکانی گەلەکەمان

مەسعود بارزانی: مامۆستایانی ئایینی هەمیشە سەنگەرێکی بەهێزی بەرگریکردن بوون لە مافەکانی گەلەکەمان

جار بینراوە: (16)

-

ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئەیلوولی 2026، مەسعود بارزانی بەبۆنەی تێپەڕبوونی 56 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە سەرۆک، ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی، ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتییەکە و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان کرد.

لە پەیامەکەیدا، مەسعود بارزانی رایگەیاند، دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان بە راسپاردەی مەلا مستەفای بارزان، بڕیارێکی مێژوویی بوو لە پێناو بەهێزکردنی رۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلی کوردستاندا.

بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، مامۆستایانی ئایینی هەمیشە وەک سەنگەرێکی بەهێز بەرگرییان لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان کردووە و رۆڵی دیاریان لە قووڵکردنەوەی هزری نیشتمانپەروەریدا هەبووە، هاوکات بەردەوام پەیامی خوداپەرستی، دینداری، لێبوردەیی، میانڕەوی و پێکەوەژیانیان لە ناو کۆمەڵگەدا بڵاوکردووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: “رێز و پێزانینی بێپایانم هەیە بۆ ماندووبوون و قوربانیدانی مامۆستایانی ئایینی لە رابردوو و ئێستادا، هەروەها هیوای سەرکەوتن و بەردەوامییان بۆ دەخوازم لە بەجێگەیاندنی ئەم پەیامە پیرۆزە و رێنوێنی و ئاراستەکردنی کۆمەڵگەدا”.


👤
Live: 138 Today: 1,278 📊 Click Here