كۆمەڵە لەنێوان خارو خاسدا
كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان یەكێك لە بزوتنەوە سیاسی و چەكداریە هەرە دیارەكانی باشوری كوردستان بوو، بزوتنەوەیەك كە سەدان ئەستێرەی دیارو بێخەوش و ڕوناكی بەخشیە مێژوی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی كوردستان، نمونەی ئازاد هەورامی ئەو پیاوەی لێوان لێوبوو لە جوانی و شۆڕشگێڕی ئەو كەسەی هونەرو ئازادیخوازی و دەستپاكی بەیەكەوە گرێدا، هەروەها نمونەی جەنگاوەری وەك مامە ڕیشە ئەو گەرمەسێریەی بەعس بەو هەموو جەبەروتەوە لە بەری دەلەرزی، ئاسۆی دەلاك و زۆری تر كە لێرەدا مەبەستی ئێمە ناو هێنان نیەو ئەو چەند ناوەنمونەیەكی دیاری ئەو بزاوتەن هەڵبەت ناكرێت سەرداری سەعید سۆفی و ناوگەلی دیكەش نەهێنرێن، بەڵام ئەم كۆمەڵەی ڕەنجدەرانە بەرتاقای ئەوەی شەهیدو ئەستێرەو گوڵی بۆنداری شۆڕشی هەبوو خاریشی كەم نەبوو، خار گەلێك كۆمەڵەیان كرد بە پەیژەو پێیدا سەركەوتن، شەهیدەكانیان كرد بە بەردەبازو بەسەریدا ڕۆیشتن، ئەو نمونە گەلە دەكرێت وەك ناشرینی نێو باخێكی گەورە ببینرێن، ئەوانەی شۆڕش لە شۆڕشی دەخەن و جوانی دەكەنە قێزەونی، ئەوانەی بە نێو خوێنی شەهاب و ئەنوەرو جەعفەرو مەلا عەلی شاعیرو زۆر لە سێدارە دراوی دیكەدا هاتن و خەیاڵیان تژی بوو لە دەسكەوتنی پارەو دەستبازی و دەستبردن بۆ كیژی بە ڕومەتی كوردستان، ئەوان پاش ئەوەی هەزاران كوڕی گەنجیان بۆ خەونی خۆیان بە كوشتداو سەنگەریان بە كوڕەكان لەم حزب و لەو بنەماڵەو لەو بیرو باوەڕگرت، خۆیان سەریان كرد بە ماڵی ئەو حزب و بیرو باوەڕو بنەماڵانەداو كەوتنە مەدح و سەنایەكی ماستاو ئاسا، وەك ئەوەی نەئێمە ڕابردوی ئەوانمان زانیبێت، نەبنەماڵەو حزبەكان ئەو هەموو دژایەتی و جنێودان و سوكایەتیەی ئەوانیان لە بیر مابێت، بەشێك لە سوكایەتی و جنێوەكانیان هیچ ەكی بە بیرو باوەڕەوە نەبوو تەنها بۆ جۆشدانی گەنجەكان بوو تا بە كوشت بچن.
كۆمەڵە بەرلەوەی كەس تۆمەتبار بكرێت بە هەڵوەشانەوەی ئەمانە لە مێژبوو هەڵیان وەشانبوەوە، ئەوان خوێنی شەهیدو لە داردراوەكانیان تەنها ئەو كاتە لە بیرە كە خەریكی فریودانی گشتین، دەنا هەر گاڵتەیان بە شەهیدو قوربانی دێت و زۆر تەنگیان پێهەڵبچنی دەڵێن خۆ بۆ ئێمە خۆیان بە كوشت نەداوە، كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان بەرلەوەی هیی هەر مشە خۆرێك بێت كە ئێستاش هەڵپەی ئەوەیەتی قڕانێك ببچڕێت هی شەهیدو قوربانی و كەس و كاری شەهیدو لە دار دراوانە، بۆیە كەسانێك ئەو مافەیان نیە دوای خزان و لادان ببنەخاوەنی و باسی بكەن، كەسانێك زۆر جار درۆ بەدەم مردوەكانیشەوە دەكەن.















Post Comment