قوباد تاڵەبانی: سلێمانی بە غاز دەوڵەمەندە و دەتوانین وەبەرهێنانی تێدا بکەین

قوباد تاڵەبانی: سلێمانی بە غاز دەوڵەمەندە و دەتوانین وەبەرهێنانی تێدا بکەین

جار بینراوە: (24)

-

ئەمڕۆ هەینی 24ی نیسانی 2026، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشدارییکردنی لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی دێڵفی رایگەیاند، “سلێمانی دەوڵەمەندە بـە غاز و سـتراتیژی خۆمان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی و دەتوانین ببینە هەناردەکاری غاز”.

ئاماژەی بەوەکرد، “لەئێستادا گەشەپێدان لە شارە گەورەکاندا، پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام وەک حکومەتی هەرێم دەمانەوێت ئەو گەشەپێدانە بگوازینەوە بۆ گوند و شوێنە دوورەکان، کە سەرچاوەی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین”.

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کرد و وتی، “هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە بەشێک لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران”.

وتیشی، “ئەم جەنگە لە رووی ئابووری، ئەمنی و دەروونییەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەرێم هەبووە، بۆیە هەموو هەوڵێکیان بۆ پاراستنی سەقامگیریی کوردستانە و دەیانەوێت وەک پردێک بن بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە”.

قوباد تاڵەبانی جەختی لە پێشوازیی هەرێم لە رێککەوتنی ئاگربەست کردەوە و هیوای خواست ئاگربەستەکە بەردەوام بێت و وەک هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدەن.

راشیگەیاند، “لە رووی ستراتیجیشەوە، کورد لە رابردوودا وەک کێشە سەیری کورد کراوە و ئەمڕۆ کورد ئەو قۆناغەی تێپەڕاندوە و لە ئێستادا وەک پردێکن، کە پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا دەکەن، لە تورکیا و لە سوریا هەوڵدەدەن مافەکانی کورد پارێزراوبێت و لە رۆژهەڵاتیش تەواوی هەوڵیان بۆ ئەوەیە کوردان زیانیان پێنەگات”.

قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە، “ئامانجمانە وەک هەرێمی کوردستان سوود لە وڵاتانی تر وەربگرین و ببینە هەناردەکار، بەو پێیەی هەرێم خاوەنی بەرهەمی کوالێتی بەرزی کشتوکاڵی و میوەیە وەک هەنار، هەنگوین و گوێز، کە دەکرێت لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا جێگەی خۆیان بکەنەوە و کێبڕکێی وڵاتان بکەین”.

بابەتى تر

👤
Live: 53 Today: 1,500 📊 Click Here