فەلسەفەی چاندنی ناو لە کێڵگەی هیچدا

فەلسەفەی چاندنی ناو لە کێڵگەی هیچدا

جار بینراوە: (992)

ئای لەم عەقڵانیەتەی کە تێیدا دەژین! ئێمە دەبێت دەست بەسنگمانەوە بگرین بۆ ئەو بلیمەتە ئەکادیمیانەی کە دواجار مەتەڵی گەورەی زانستیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چارەسەر کرد. لە کاتێکدا زانکۆکانی تری جیهان خەریکی ماندووکردنی مێشکی خۆیانن بە دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشییەکان و لێکۆڵینەوە لە کونە ڕەشەکانی گەردوون، زانکۆی ئێمە ڕێگەیەکی کورتتر و سەوزتری دۆزییەوە بۆ چوونە ناو مێژوو: ئەویش”نووسینی ناوی خۆی بە چاندنی درەخت!”.

بۆ ئەوەی لەم سەرکەوتنە تێبگەین، دەبێت بزانین قیبلەنمای نوێی زانست لای ئێمە چییە. کتێبی گینس! ئۆهـ، چ ناوێکی پیرۆزە! با هەموو جیهان بزانێت کە ئەم کتێبە لە مێژووی خۆیدا چۆن دروست بووە، لە ساڵی ١٩٥٥دا، “سیر هیو بیڤەر”، کە بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی بیرە بوو، لە کاتی ڕاوکردندا کە تەقەی لە مەلێک کرد، بەڵام زۆر خێرا هەڵفڕی، بۆیە لەگەڵ هاوڕێکانی تووشی دەمەقاڵێ بوو لەسەر ئەوەی خێراترین باڵندە چییە. هەر لەوەوە تێگەیشت کە مەیخانەکان پێویستیان بە سەرچاوەیەک هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو دەمەقاڵێیانەی تێدا دروست دەبن. بەم شێوەیە، گینس بووە ئینجیلی عەجایبات. ئێستا، زانکۆی ئێمەش، بە هەموو شکۆ و فیز و عابای ئەکادیمییەوە، بڕیاری داوە جێگەی خۆی لەناو ئەو کتێبەدا بکاتەوە!

تەماشای ئەو لیستە شکۆدارە بکەن کە زانکۆکەمان خۆی تێدا دەبینێتەوە: لە تەنیشت “ڕۆبەرت وادلۆ” کە بەرزترین پیاو بوو، یان “ئۆساین بۆڵت” کە خێراترینە. بەڵام نا، زانکۆکەی ئێمە نایەوێت کێبڕکێ لەگەڵ ئەمانە بکات، ئەو دەیەوێت کێبڕکێی “شریدھار چیلال” بکات، ئەو پیاوە هیندییەی کە ٦٦ ساڵ نینۆکەکانی نەبڕی هەتا درێژییەکەی گەیشتە ٩ مەتر! یان کێبڕکێی “ئاشریتا فۆرمان” کە ڕیکۆردی هەیە لە “بازدان لەسەر گەورەترین دارسێو”. ئایا ئەمە لوتکەی عەقڵانیەت نییە؟ زانکۆیەک کە دەبوو سەنتەری (عەقڵ) بێت، ئێستا هاوشانی ئەو کەسانەیە کە درێژترین قژ یان درێژترین نینۆکیان هەیە.

ئەمڕۆ لە سلێمانی (٣-٩-٢٠٢٦)، ئێمە شایەتحاڵی کەرنەڤاڵێکی سەیر بووین. هەموو پیاوە گەورەکان! کۆببوونەوە، سیاسییەکان بە قاتی گرانبەها و ئەکادیمییەکان بە ڕوخسارێکی مۆنەوە. بۆچی؟ بۆ پیرۆزباییکردن لە ڕستەیەک کە “درەختەکان” نووسیویانە. ئەمە لوتکەی نیهیلیزمی ئەکادیمییە. کاتێک زانکۆیەک ناتوانێت ناوی خۆی لە ڕیزبەندییەکانی وەک “شەنگەهای”دا جێگیر بکات، کاتێک ناتوانێت لە گۆڤاری “نەیچەر”دا ڕیکۆرد بشکێنێت، پەنا دەباتە بەر مەترکاریی ژماردن و باخەوانی هەتا ئەو کورتییەی لە ناوەرۆکدا هەیەتی، بە درێژیی ڕستەیەکی دارین دایپۆشێت.

ڤۆڵتێر دەڵێت: “جێگای سەرسوڕمانە مرۆڤەکان زۆر بە ئاسانی بە وەهمێک ڕازی دەبن، تەنها بۆ ئەوەی هەست بکەن کە هەن”. زانکۆی ئێمە دەیەوێت بە جیهان بڵێت: “ئێمە لێرەین!”. بەڵام چۆن؟ بە دۆزینەوەی چارەسەری شێرپەنجە؟ نەخێر، بە ڕیزکردنی دار! ئایا ئەکادیمی بەمە سەرسام دەبێت؟ نەخێر، جیهان تەنها پێدەکەنێت. ئەوان دەڵێن: “تەماشا بکەن، وڵاتێک هەیە ناتوانێت مافی مامۆستاکانی بدات، بەڵام کات و پارەی هەیە بۆ ئەوەی بە دار ڕیکۆردی بازرگانێکی بیرەفرۆش بشکێنێت!”.

کارەساتەکە لێرەدایە: لە وڵاتێکدا کە کوردبوون لە خانەقین تاوانە و نیشتمان لە هەولێر و سلێمانی مەزاد دەکرێت، سیاسی و ئەکادیمییەکانی ئێمە خەریکی جەژنی گینسن. ئەمە وەهمی دەستکەوتە بۆ شاردنەوەی حەقیقەتی شکست. زانکۆ کە دەبوو ئیرادەی ئازاد و عەقڵی ڕەخنەیی بەرهەم بهێنێت، ئێستا بووەتە “شەتڵگەیەکی گەورە” کە کارەکەی تەنها ئەوەیە پیتەکان بە دار ڕیز بکات.

پیرۆزبایی لە هەموو ئەو زانایانە دەکەم کە ئەمڕۆ مەترێکیان بەدەستەوە بوو و ڕەنجی نیوتن و گالیلۆیان کردە قوربانی ناوبانگێکی بیڤەریی. جا با بمێنن لە ناو ئەو وەهمە سەوزەیاندا، چونکە بێداربوونەوە تێچوویەکی زۆری دەوێت کە ئەوان ناتوانن بیدەن.

بابەتى تر


👤
Live: 103 Today: 1,811 📊 Click Here