دادگایەک کە لە دەسەڵات بترسێت، دادگا نییە؛ بەشێکە لە ئامێری دەسەڵات.
ڕۆکان محمد ئەحمد
لە هەرێمی کوردستاندا، یەکێک لە گەورەترین کێشەکان ئەوەیە کە سەربەخۆیی دادوەری هێشتا نەبووەتە واقعێکی سیاسی و دامەزراوەیی. کاتێک حیزبە دەسەڵاتدارەکان بتوانن کاریگەرییان لەسەر دامەزراوەکان و بڕیارە دادوەرییەکان هەبێت، ئەوا یاسا لە ئاستی دەقێک لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە.
پارتی و هەر دەسەڵاتێکی سیاسی دەبێت بزانێت: دادگا ملکەتی هیچ حیزبێک نییە.
ئەگەر هاوڵاتی بۆ وەرگرتنی مافی خۆی ناچار بێت سەرەتا بزانێت پشت ئەو دادگایە کێیە، ئەوا ئەوە نیشانەی نەبوونی دادپەروەرییە، نەک دادپەروەری.
دەسەڵات نابێت حاکم هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی حاکم بزانێت کێ دەسەڵاتە. حاکم دەبێت تەنها لە یاسا بترسێت، و دەسەڵاتیش دەبێت لە بڕیاری حاکم بترسێت.
هەرێم بە پەرلەمان و حکومەت و حیزب تەنها دیموکراسی نابێت؛ دیموکراسی ئەوەیە کە هیچ حیزبێک لەسەر یاسا نەوەستێت.
ئەگەر دادوەری سەربەخۆ نەبێت، قسەکردن لە دیموکراسی، مافی مرۆڤ و حوکمی یاسا تەنها دروشمێکی سیاسییە.
خەڵک دادگایەکی دەوێت کە لە دەسەڵات نەترسێت، بە حیزب نەفرۆشرێت و بڕیاریش بە ناوی یاسا بدات، نە بە ناوی دەسەڵات.
تا دادوەری سەربەخۆ نەبێت، هیچ دەسەڵاتێک مافی بانگەشەکردن بە دادپەروەری نییە.
بۆیە بانگەوازمان ڕوونە: دادوەری دەبێت بە تەواوی لە دەسەڵات و حیزبە سیاسییەکان سەربەخۆ بکرێت؛ دەسەڵاتەکان دەبێت دەست لە دەستێوەردانی کارەکانی دادگا هەڵبگرن، و هەموو بڕیار و حوکمە دادوەرییەکان بەبێ جیاوازی و بەبێ فشار جێبەجێ بکرێن.
حوکمی یاسا نابێت دروشم بێت؛ دەبێت بنەمای کارکردنی هەموو دامەزراوە و کەسێک بێت. هیچ حیزب، بەرپرسیار و دەسەڵاتێک نابێت لەسەر یاسا بێت. دادوەریی سەربەخۆ و جێبەجێکردنی بێمەرجی یاسا، داواکارییەکی سیاسی نییە؛ مافێکی بنەڕەتیی خەڵکە.















Post Comment