خۆڵەمێشی شکستی یاخیبوون و ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد و وانە لێوەرگرتنیان !

خۆڵەمێشی شکستی یاخیبوون و ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد و وانە لێوەرگرتنیان !

جار بینراوە: (1.2K)

زیاتر لە سەد ساڵە گەلی کورد دەیان یاخیبوون و شۆڕش و ڕاپەڕینی لەسەر خاکی کوردستان دژی داگیرکەران کردوە و، هەر هەمووی بەهۆی بەهێزی دەوڵەتانی داگیرکەر و پشتێکردنی وڵاتانی زلهێز و خیانەت و دووبەرەکی ناوخۆ شکستیان هێناوە و، بەڵام هەموو ئەمانە لە ویژدانی زۆرێک لە تاکی کوردا ماوە و بۆتە برینێک لەبیرچوونەوەیان زۆر قوڕسە و، ئەوەتا لەسەر خۆڵەمێشی ئەو شکستانە و تاڵیی کەوتندا پێداگری لەسەر گەڕاندنەوەی خاک و کەڕامەت لەدایک بوون ، بەڵام تائێستاشی لەگەڵدابێت وەک پێویست وانەمان لەو شکستانە وەرنەگرتووە، مێژوومان خوێندۆتەوە، بەڵام پەندامان لێوەرنەگرتووە و بە هەڵەکانمادا نەچوینەوە و تائێستاش هەمان هەڵەی سەد ساڵ لەمەوبەر لە بەرگێکی نوێدا دووبارە دەکەینەوە و دان بە هەڵەکانمان نانێین و چاکی ناکەینەوە و، ناتوانین لەگەڵ خودی خۆمان ئاشت ببینەوە و لەیەکتری نابوورین کە کلیلی ڕاستەقینە و جەوهەری پێشکەوتنە .

ژاپۆن بە لێدانی دوو بۆمبی ئەتۆمی شکستیان پێهێنا و، بەناچاری « هیرۆهیتۆ »ی ئیمپڕاتۆری ژاپۆن لە ڕادیۆ لە کارگەکان و شوێنە گشتیەکان و قوتابخانە و زانکۆ و ماڵ و لە کێلگە کشتوکاڵیەکان لە بڵندگۆی سەر داتێلەکان، تەسلیمبوونی شەرمەزارانەی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و، هەر دوای گەکە سەدان فەرماندەی سەربازی و هاوڵاتی ژاپۆنی خۆیان کوشت و، ژاپۆن خەم و گریان دایپۆشی…..ئەو زالیلکردنەی کە بەسەر چین هات بەهۆی جەنگی ئەفیون بەسەر هیچ وڵاتێکدا نەهاتوە….ئەو بڕیارە تووند و نامەردانەیەی کە وڵاتانی خۆرئاوا بەسەر ئەڵمانیا-یاندا سەپاند لە جەنگی یەکەم کە بە پەیماننامەی فرسای ناسراوە، وای لەو وڵاتەکە کە جەنگی دووەم هەڵگیرسێنێت، پاریس داگیرکرا و ستالینگراد ئیبادە کرا، شکست برین و ئاگرە، خۆڵەمێشی شۆڕش بەهۆی تەمەن و کاتەوە بڵاونابێتەوە، بەڵکو بەهۆی تەمەنەوە کەلەکەدەبن و بەهۆی کاتەوە خەراپتر و تووندتر دەبێت، گەلانی زیندوو ویژدانیان بە زیندوویی بمینێتەوە ناشکێن و ڕەتکردنەوە و ئینکار لە ویژدانیان نەکەن و سازشی لەسەر ناکەن، لەوانەیە سوپاکەی بشکێت و دوڵەتەکەی نەمێنێت و ئیهانە و شەرمەزاری بە سیستەمی دەسەڵاتەکەی وەنوسێت ، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە نەتەوە باوەڕ و روح و مانایە، کێ دەتوانێت باوەڕ لە ڕەگەوە دەربێنێت یان روح کەلەبچە بکات و مانا بکوژێت، نەتەوەی زیندوو وەڵام دەداتەوە و لێپرسینەوە دەکات….ئەڵمانەکان لە خۆڵەمێشی جەنگی دووەم هەڵنەستانەوە، ئینکاری ئەو تراژیدیایەی کە بەسەریان هات نەکرد و شکستەکانیان لەبیر نەکرد، ئەڵمانەکان بەوپەڕی بوێریانەوە گوزارشتێکی فەلسەفی و کۆمەڵایەتیان داڕشت کە بریتی بوو لە ( زاڵبوون بەسەر ڕابردوو لەمیانی بەروەڕووبونەوەی و لێکهەڵوەشانەوەی«تفكیك» )، ئەڵمانەکان وەکو ئێمە نەبوون سەریان لەناو لمدا بنێژن، بەڵکو پێگەکانی شکست و کاولکاری-یان گۆڕی بۆ ناوەندەکانی هۆشیاری بۆ نەوەکان، بەجۆرێک لێکۆڵینەوەیان کرد کە بزانن کەوتن چیە و شکستەکانیان بیرهێنانەوە، تا ڕێگری بکەن لە گەڕانەوەی ئەو ژینگە فکری و سیاسیەی کە ئەوانی وێرانکرد…. ژاپۆن-یش بەهەمان شێوە دووچاری یەکێک لە خەماویترین دیمەنی مێژوویی بووەوە، ئەوان وەکو ئێمە شکستەکانیان نەکردە ڕەمزی مەزڵومیەت و پڕۆژەی سیاسی، بەڵکو گوزارشتێکیان دانا بەناوی ( داننان بە هەڵە ) و ووزەی تووڕەییان گۆڕی بۆ فەلسەفەی کار….چین ئەو نەتەوەیەی کە ناسراوە بە ( سەدساڵەی زەلیلبوون )، لەجەنگی ئەفیون لە سەدەی نۆزدە تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، دووچاری داگیرکاری و دابەشبوون و شکستی سەربازی لەبەردەم هێزەکانی خۆرئاوا و ژاپۆن بووەوە، بەڵام ئەوڕۆ چین شەرم لەوەناکات کە ئەو شکستانە بخوێنرێن و، بەڵکو حزب و دەوڵەت و کۆمەڵگا ( یادی زەلیلبوونەکەیان ) بەشێوەیەکی سیستەماتیک لە کۆعەقلی چینی دەهێننەوە و یادی دەکەنەوە وەک « جورعەیەکی خۆپارێز » دژی تەمبەڵی و لێپاڵدانەوە، نموونەی تر کە لە کورد نزیکن وەک ڕواندا و ئەسیوبیا و کەمبۆدیا…تاد، ئەگەر سەیری « تبت » بکەیت کە هەرێمێکە سەر بە چین-ە وەکو هەرێمی کوردستان-ە ئەوە چەند ساڵیکە وا پێشکەوتووە، ناچار « دالای لاما »ی ڕابەری روحی تبتیەکان کە بەردەوام لە ڕاگەیاندن دوای سەبەخۆیی دەکرد، ئێستا دوای ئەوی چین بایەخێکی زۆری بەو هەرێمەدا و خەڵکەکەشی خەریکی تەعلیم و کار بوون و سەرکردەکانیشیان لە خزمەت خەڵکەکەدا بوون، وازی لە بیرۆکەی سەربەخۆیی هەرێمەکە هێناوە و خەڵکەکەی لە خۆشگوزەرانیەکی وادان کە هەرگیز ئەویان نەدیوە ، ڕاوەستان لەبەردەم شکستەکانمان و شیکردنەوەی هۆکارەکانی و هەڵوەشانەوەی بناخە سیاسی و سەربازی و فکریەکەی نابێتە ڕێگایەکی نشوستخواردوو و، لەخۆدانیش نیە وەک هەندێک کەس وایدەبینن، بەلکو چاوی بوێریە لەپێناوی ئاییندەدا، شارستانیە زیندووەکان بە لێدانی سەربازی نامرن، بەڵکو بە کوێرکردنی چاو لە واقیع دەمرن، گەلی زیندوو لە مێژووی خۆی ناترسێت ، مردنی مرۆڤ بریتیە لە لەدەستدانی یادگە « الژاكرە »، ئەگەر مردنی مرۆڤ بە لەدەستدانی یادەوەری بێت، مردنی گەلانیش بە غیابی هۆشیاری و مردنی یادگەیە، ئەو گەلەی وازی لە مێژوو و سومبولەکانی و یادەوەری گەلەکەی هێنا و لەبیری کرد ئەوە گەورەترین مەرگەساتە کە تووشی ئەو گەلە دەبێت، هەموو ئەو وڵات و قەوارانەی کە هەڵسانەوە و گەشەیان کرد بە بەخۆداچوونەوەی هەڵەکانیان و چاککردنیان بوو، بەو هیوایەی کورد لەنێو ئەو گۆڕانکاریە خێرا و پێکهێنانی نوێی جیۆسیاسی و، فراونبوونی کایەی ژیری دەستکرد و گۆڕانکاریە قووڵە ئابووریەکان بەخۆیدا بچێتەوە و لە کەلی شەیتان بێتە خوارێ و گوزارشتێک داڕێژێت و بڵێت ئای لەو هەموو هەڵەیەی کە ئێمەی گەیاندە ئێرە !!

بابەتى تر


👤
Live: 103 Today: 2,038 📊 Click Here