تەڵەی نەوت

تەڵەی نەوت

جار بینراوە: (2.0K)

محمد زیاد عەزیز

وەک پاشایەک کە کلیلەکانی تاقە بیرێکی ئاوی شارەکەی لە گیرفانی خۆیدا هەڵگرتووە، و لەبری ئەوەی خەڵک فێری دروستکردنی بیر و کێڵگە بکات، تەنها بەقەد پێویستیی مانەوەیان ئاویان پێدەدات تاوەکو هەمیشە وەک سواڵکەر لەبەردەم کۆشکەکەیدا بمێننەوە؛ دەسەڵاتدارانی هەرێمی ش ڕێک بەمجۆرە نەوتیان کردووەتە ئامرازێکی کۆنترۆڵکردن. کاتێک زیاتر لە سەدا ٨٠ی داهاتی هەرێمەکە پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە و کەرتەکانی تری وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی بەتەواوی ئیفلیج کراون ، ئێمە درک بەوە دەکەین کە ئەمە هەڵەیەکی ئابووری نییە، بەڵکو ستراتیژێکی سیاسییە. نەوت لێرەدا سەرچاوەی گەشەپێدان نییە، بەڵکو خوێنبەرێکە کە ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو دڵی سیستەمێکی پاتڕۆناژ و خێڵەکییەوە، تاوەکو دەسەڵات بتوانێت بە پارەی گشتی، وەلائی حیزبی و سوپایەک لە مووچەخۆری گوێڕایەڵ بکڕێت.

ئەم ئابوورییە ، گەورەترین دوژمنی دیموکراسی و سەربەخۆیی تاکی کوردە. کاتێک حکومەت پێویستی بە باجی خەڵک نابێت و پارەکەی ڕاستەوخۆ لە بۆرییە نەوتەکانەوە دێتە دەستی ، ئیتر خۆی بە بەرپرسیار نازانێت لەبەردەم هاوڵاتییاندا. لە لایەکی تریشەوە، سەرکردە سیاسییەکان بەئەنقەست ڕێگری دەکەن لە فرەجۆرکردنی ئابووری و دروستبوونی کەرتێکی تایبەتی سەربەخۆ، چونکە دەزانن ئەگەر خاوەنکار و سەرمایەدارەکان لە دەرەوەی سێبەری حیزب گەشە بکەن، دەبنە هەڕەشە بۆ سەر هەژموون و دەسەڵاتی قۆرخکراوی بنەماڵەکان.

پێموایە کە  “هەرگیز نابێت هاوڵاتییەک هێندە دەوڵەمەند بێت کە بتوانێت یەکێکی تر بکڕێت، و هیچ کەسێکیش هێندە هەژار بێت کە ناچار بێت خۆی بفرۆشێت”)ئەمەش ڕێک پێچەوانەی ئەو واقیعەیە کە لە ڤێنیزوێلای سەردەمی چاڤێز و مادورۆدا دروستکرا، کاتێک دەوڵەت بە پارەی نەوت هەموو کەرتەکانی تری وێران کرد و کۆمەڵگای کردە کۆیلەی مووچەی حکومی، تا ئەو ڕۆژەی نرخی نەوت دابەزی و تەواوی وڵاتەکە لە برسا داڕما. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لە سەرکردەکانی کاراکاسیش بێباکترن؛ ئەوان نەوتیان نەک بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی خۆشگوزەران، بەڵکو بۆ دروستکردنی دوو کۆمپانیای گەورەی حیزبی بەکارهێناوە کە تێیدا تەنانەت گرێبەستە نەوتییەکانیش بە شێوەی هاوبەشی  دەچنە گیرفانی شەخسیی سەرکردەکانەوە.

لەم زەلکاوە ئابوورییەدا، نەوت بووەتە تەماشاگەرییەکی مەدەنی کە تێیدا حکومەت بەردەوام پاساوی قەیرانەکان دەخاتە ئەستۆی بەغدا یان دابەزینی نرخی نەوت ، بەڵام هەرگیز ئامادە نییە شەفافییەت بباتە ناو سێکتەرەکەوە یان دەستبەرداری ئەو مۆنۆپۆڵە ببێت. ئەم مافیا و کارتێلە سیاسییە دەیانەوێت هاوڵاتی هەمیشە لە دڵەڕاوکێی مووچەدا بژیت، تاوەکو کەس بیر لەوە نەکاتەوە کە چۆن ئەم نیشتمانە دەوڵەمەندە کراوە بە کێڵگەیەکی داگیرکراو کە تێیدا بڕیاردان لە دەستی چەند کەسێکی دیاریکراودایە.da

ئەم فەنتەڵۆسانە لە ئابوورییەکی سەربەخۆ و تاکی سەربەخۆ دەترسن زۆر زیاتر لەوەی لە هەر قەیرانێکی نێودەوڵەتی بترسن. ئەگەر ئەوان لە شەرعیەتی خۆیان دڵنیابوونایە، نەیاندەویست نانی ڕۆژانەتان بەستراوەتەوە بە میزاجی فرۆشتنی نەوتی قاچاخ و ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکانەوە. سیستەمێک کە سامانی وڵات بکاتە چەکێک بۆ بەکۆیلەکردنی میللەتەکەی، پێشتر هەرەسی ئەخلاقی و نیشتمانیی هێناوە — و تەنها هۆشیاری و دەنگی ڕەتکردنەوەی ئێوەیە کە دەتوانێت ئەو بۆرییانەی گەندەڵی لە ڕەگەوە ببڕێت و ئابوورییەکی ڕاستەقینە بۆ داهاتوو بونیاد بنێت!

بابەتى تر

👤
Live: 113 Today: 1,585 📊 Click Here