کۆنترۆڵی ڕەها، شکستی ڕەها
سەروەر عارف ڕەسوڵ
ڕێک ئەو دەستەواژەیەیە کە کورتکراوەی سێ دەیە لە مۆدێلی حوکمڕانیی پارتی و یەکێتییە لە هەرێمی کوردستان. ئەم مۆدێلە لەسەر یەک بنەمای پارادۆکس دروست بووە: دەسەڵاتداران دەیانەوێت هەموو وردەکارییەکی ژیانی سیاسی، ئابووری، و ئەمنیی وڵات لەژێر کۆنترۆڵی خێزان و حیزبدا بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ناتوانن بچووکترین قەیرانی خزمەتگوزاری یان ئابووری چارەسەر بکەن. لەبری دروستکردنی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی کە لە کاتی قەیرانەکاندا بەرگە بگرێت، ئەوان سیستەمێکی “کلیپتۆکراسی” (پشتبەستوو بە دزی و گەندەڵی)یان دروست کردووە کە لەگەڵ یەکەم شۆکی دەرەکیدا دادەڕمێت.
گەورەترین بەڵگە بۆ ئەم شکستی مۆدێلە، شکستی ئابووریی سەربەخۆیە. دەسەڵاتی کوردی پێی وابوو بە کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتەکان و فرۆشتنی نەوت بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، دەتوانێت بنەمایەک بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بکات. بەڵام ئەم کۆنترۆڵە ڕەهایە بەسەر سامانە سروشتییەکاندا کە بە نھێنی و دوور لە چاوی پەرلەمان بەڕێوە دەبرا و تەنانەت لە ساڵی ٢٠١٢وە بودجە پەسەند نەکراوە، تەنها بووە هۆی گۆڕینی وابەستەیی کوردستان لە بەغداوە بۆ وابەستەیی بە تورکیا و ناجێگیریی بازاڕی نەوت. لە ئەنجامدا، کاتێک قەیرانەکان هاتن وەک قەیرانی ٢٠١٤ و دواتریش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە ٢٠٢٤، حکومەتەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی نەیتوانی تەنانەت مووچەی ئەو ١.٤ ملیۆن فەرمانبەرەش دابین بکات کە خۆیان بۆ مەرامی دەنگدان دامەزراندبوو. کۆنترۆڵی ڕەهای حیزب بەسەر ئابووریدا، بووە هۆی شکستی ڕەهای بژێویی خەڵک.
لە ڕووی سیاسی و ناوخۆییشەوە، ئەم مۆدێلە باجێکی قورسی بە نەتەوەی کورد داوە. پارتی و یەکێتی هەرگیز نەیانتوانی هێزی پێشمەرگە و دامەزراوەکان یەکبخەن، چونکە کۆنترۆڵی حیزبیان پێ گرنگتر بوو لە ئاسایشی نەتەوەیی. ئەم ململانێ ناوخۆییە وای کرد کە لە دوای ڕیفراندۆمەکەی ٢٠١٧دا، هەرێم ٤٠٪ی خاکەکەی و نەوتی کەرکووک لەدەست بدات و سەرۆکایەتیی هەرێم کە نوێنەرایەتیی شەرعیەتی دەکرد، هەڵپەسێردرێت. ئێستاش کە لە ساڵی ٢٠٢٦داین، ئەم ململانێیە وای کردووە کە دوو ئیدارەیی زەقتر ببێتەوە و بەغداش ئەم پەرتەوازەییە بقۆزێتەوە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم و گواستنەوەی مووچە و دارایی بۆ ژێر کۆنترۆڵی خۆی. دەسەڵاتی کوردی هێندە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ناوخۆ و زیندانیکردنی دەنگە ناڕازییەکان بوو، کە لەبیریکرد خەریکە قەوارەکەی لەدەست دەدات.















Post Comment