ئایا یۆرانیۆمی عەجەمەکان پشەکەی ترەمپ خواردی..؟

ئایا یۆرانیۆمی عەجەمەکان پشەکەی ترەمپ خواردی..؟

جار بینراوە: (21)

رۆژانی ٤ و ٥ی ئەم مانگە دونیا شاهیدی یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکان بوو لە مێژووی بەشەریەتدا.

ئۆپەراسیۆنەکە لە ژێر پەردەی رزگارکردنی ئەفسەرێکی ئەمریکی بوو کە گوایە فرۆکەکەی لە قوڵایی خاکی عەجەمەکاندا کەوتبووە خوارەوە.

لەم ئۆپەراسیۆنەدا لە نێوان ١٧٠ تا ٢٠٠ فرۆکەی هەمەجۆر بەشداربوون، لەناویاندا ١٣ فرۆکەی MC-130J Commando II کە هەر تاکێکی توانای هەڵگرتنی ١٩ تۆن کەرەستەی هەیە.

ئەوسا هەموو چاوەکان لەسەر هەواڵی ئۆپەراسیۆنەکە و چارەنووسی ئەفسەرە ئەمریکییەکە بوو.

بەڵام ئەمریکییەکان پێدەچێت لە ئۆپەراسیۆنەکەدا چاویان لەسەر ئەفسەرەکە نەبووبێت و لەسەر یۆرانیۆمی عەجەمەکان بووبێت.

ئەمە کاتێک ئاشکرابوو کە ئیسماعیل بەقایی، گۆتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عەجەمەکان، رایگەیاند کە ئەمریکیەکان بۆ ئەفسەرە فرۆکەوانەکەیان نەهاتبوون و بۆ یۆرانیۆمەکە هاتبوون.

بەڵام کەس بەقای بە قسەکانی بەقایی نەکرد و ئیدیعا و تۆمەتی دزینی یۆرانیۆمی عەجەمەکان بە ئەقڵی کەسدا نەچوو و تەنانەت میدیای کەم وڵات ئیدیعاکەی بەقایی کردە هەواڵ.

خەڵك ناهەقی نەبوو بەقا نەکەن.

٣٥ رۆژ چۆلەکەیەکی ئەمریکا لەسەر خاکی ئێران نەخرایە خوارەوە، بەڵام لەپڕ ئێف ١٥ دەخرێتە خوارەوە و میدیای ئەمریکی و ئەلگۆریزمی سۆشیال میدیا دونیایان پڕ کرد لەو هەواڵە و چارەنووسی تاقمەکەی.

ئێرانییەکان کە پێویستیان بە موعجیزەیەک بوو، بەزمی خستنی فرۆکەکە و ونبوونی فرۆکەوانەکانی ئەو موعجیزەیە بوو.

ئەمریکییەکان سەرکەوتوانە، پرسی شەڕیان کردە پرسی فرۆکەوانەکە و هەر بەتەنها ئێرانییەکان نا، هەمووانی ناردە کەوەر.

بە ئیدیعای ئەمریکییەکان، فرۆکەوانی یەکەم بە چاو تروکانێک و بە بەشداری تەنها ٢١ فرۆکە ئازاد دەکەن.

دوای ئازادکردنی فڕۆکەوانەکە، ئەمریکیەیکان دۆخێکی میدیایی و دەروونی وەهایان خوڵقاند کە لەو یەک دوو رۆژەدا، خولیای زانینی چارەنووسی کەسی دووەمی ناو فرۆکەکە بن چارەنووسی شەڕەکە لەبیربکەن.

لەو ئان و ساتەدا هەر بۆ خەڵکی سادە و چاودێران نا، تەنانەت بۆ عەجەمەکانیش، چارەنووسی کەسی دووەم بەقەد چارەنووسی شەڕەکە بایەخی پەیدا کردبوو.

هەر بۆیەش، لایەکی پاسدار و بەسیج و عەوای عەجەمەکان لە چیاکانی زاگرۆسی پارێزگای گیهگولویە سەرقاڵی رووماڵکردن بوون بۆ دەسگیرکردنی ئەفسەرە ئەمریکییەکە.

نەگبەتی عەجەمەکان لێرەوە دەست پێدەکات.

ئەو کاتەی عەجەمەکان بە زاگرۆسدا هەڵدەگەڕان، ئەمریکییەکان لە دەشتی مەهیار، کە دەکەوێتە نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر لە باکووری شەهرەزا، واتە لە دووری تەنها ٦٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی یۆرانیۆم، سەرقاڵی دروستکردنی بنکەیەکی جێگیر بوون.

بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر، ئەو هەوارە تازەیە کرایە بنکەی جێگیر و وەک فرۆکەخانەیەک بۆ زۆرینەی ئەو ١٧٠ فرۆکەیە و ووک گەراجێک بۆ دەیان ئۆتۆمبێل وە بارەگایەک بۆ سەدان کۆماندۆ بەکار هات.

بە پێوانە سەربازیەکان و لەسەردەمی ژیری دەسکرددا، مەودای ٦٠ کیلۆمەتر لەنێوان بنکەکە و ناوەندی یۆرانیۆمی عەجەمەکان وەک مەودای نیوان ژووری میوان و حەوشەی پشتەوە وایە.

ئەم مەودایە بۆ ئەو ١٧٠ فرۆکە و هێلیکۆپتەرە خێرایانەی ئەمریکا تەنها چەند خولەکێک کاتی دەوێت بۆ چوون و هاتنەوە.

بە واتایەکی دی، گواستنەوەی بارە قورسەکەی یۆرانیۆمی عەجەمەکان لە نێوان بنکەی یۆرانیۆم و بنکەیەکی سەربازی کە ١٣ بارهەڵگری ١٩ تۆنی لێ جێگیرە، تەنها چەند خولەکێکی پێویستە.

بێننە پێش چاوتان کە لە ٢٤ کاتژمێر کات و بەو هەموو فڕۆکە و ئۆتۆمبێلە خێرایانە وە هاتووچۆی بێ گرفت و رێگری لە نێوان بنکەی سەربازی و بنکەی ئەتۆمی، گواستنەوەی یۆرانیۆمەکە چەندە لەگوینە.

لە سیناریۆیەکی وەهادا، ئەوەی هاتووچۆی نێوان بنکە سەربازی و بنکە ئەتۆمیەکە مسۆگەر و بێگرفت کردووە ئەوەیە کە ئەمریکا لەرێگای تەکنەلۆژیایەکەوە عەجەمەکانی خستۆتە ناو هەڵە و خەڵەتاندنێکی هەرە مەزنەوە.

خەڵەتاندنێک لە رێگای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ پیشاندانی هەزاران “ئامانجی خەیاڵی” (Ghost targets) لەسەر ڕاداری عەجەمەکان.

ئەم ئامانجە خەیاڵیانە بواری بۆ هاتووچۆی فرۆکە بارهەڵگرەکان لە بنکە جێگیرەکەوە بۆ ناوچە ئەتۆمییەکە و بە ئاسانی بارکردنی یۆرانیۆمەکە و هێنانی بۆ بنکەکە ئاسانتر دەکات.

عەجەمەکان درەنگ بەئاگا هاتنەوە و ئەو کاتەش کە بەئاگاهاتنەوە کار لەکار ترازابوو و ئەمریکییەکان ناوچەکەیان جێهێشتبوو و تەنها ئاسەواری چەند فرۆکەیەکی تەقێنراویان لە دوای خۆیان جێهێشتبوو.

بەواتایەکی دیکە، ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکە بۆ بردن و گواستنەوەی یۆرانیۆمی عەجەمەکان بووبێت، ئەوا ئەمریکییەکان هیچ رێگری و فشار مەترسییەکی سەربازی وەهایان لەسەر نەبووە.

عەجەمەکان دەڵێن ئۆپەراسیۆنی بردنی یۆرانیۆمەکەیان شکستی هێناوە.

ئەگەر ئەمریکا شکستی هێنابێت هۆکارەکەی بەرگری و ئاگایی فشاری سەربازی عەجەمەکان نەبووە، بەڵکو گرفت و کێشەی تەکنیکی خۆیان بووە.

چەند سەرەداوێک هەن، کە ئیدیعای عەجەمەکان بەتاڵ دەکاتەوە و ئەگەری بردن و گواستنەوەی یۆرانیۆمەکە دەکاتە ئەگەرێکی بەهێز.

سەرەداوی یەکەم خودی عەجەمەکان خۆیانن.

ئەوە عەجەمەکانن نەک ئەمریکا، کە ئیدیعای هەوڵێکی وەهای ئەمریکیەکان بۆ “دزین”ی یۆرانیۆمی ئەوان دەکەن.

سەرەداوی دووەم جوگرافیای کەمپە ٢٤ کاتژمێریەکەیە.

لەکاتێکدا گوایە ئەفسەرەکە لە چیاکانی زاگرۆسی پارێزگای کوهگیلویە کەوتۆتە خوارەوە، ئەمریکییەکان لە دووری ٢٠٠ کیلۆمەتر لەو شوێنە و تەنها لەدووری ٦٠ کیلۆمەتر لە ناوچەی یۆرانیۆمەکە، بنکە ٢٤ کاتژمێرییەکەیان دانابوو.

دووری نێوان ئاکرێ و ئۆردووگای پیرەمەگروون، نموونەیەکی باشە بۆ ئەوەی خوێنەر دووری نێوان زاگرۆس و دەشتی مەهیاری ناوچەی شەهرەزای بێتە بەرچاو.

با وای دابنێین بنکەی یۆرانیۆمەکە لە گۆیژەی سلێمانیە و روداوی کەوتنەخوارەوەی فرۆکەکەش لە ناوچەی ئاکرێ بووە، بەڵام ئەمریکیەکان هاتوون لە ناوچەی پیرەمەگروونی نزیک سلێمانی بنکە ٢٤ کاتژمێریەکەیان داناوە.

سەرەداوی سێیەم لە بەراوردی نێوان ئەو هێزەی بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە بەکارهاتبوو لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکانی هاوشێوە لە نیو سەدەی رابردوودا دەردەکەوێت.

لە ئۆپەراسیۆنی ساڵی ١٩٨٠دا و بۆ رزگارکتدنی ٥٢ بارمتەی ئەمریکی لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە تاران ئەنجام درا، تەنها ٨ هەلیکۆپتەر و ٣ دانە فڕۆکەی C-130 بەشدار بوون.

لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی فرۆکەوانی ئەمریکی، سکۆت ئۆگرەید، لە سربیا و لە ساڵی ١٩٩٥ تەنها ٤١ فرۆکە بەشدار بوون.

لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئوسامە بنلاندن لە پاکستان و دەست بەسەرداگرتن و گواستەنەوەی سەرتاپای دیسک و دۆکومێنتەکانی ئەلقاعیدە، تەنها ٤ فرۆکە بەشدار بوون.

لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی فرۆکەوانەکەی هەمان ئەو فرۆکەیەی ئەفسەرەکەی تێدابوو، لە ٣ی نیسانی ٢٠٢٦دا، تەنها ٢١ فرۆکە بەشدار بوون.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوشێوانەیەی سەرەوە، بەکارهێنانی زیاتر لە ١٧٠ پێشکەوتووترین فرۆکە، ئەوە دەردەکەوێت کە ئەم ئۆپەراسیۆنە زۆر گەورەترە لە ئۆپەراسیۆنێک کە ئامانجی رزگارکردنی تاکە کەسێک بێت.

دوا سەرەداو و لەهەمووشی گرنگتر، رووداوە خێرا و ماراسۆنئامێزی دوای ئۆپەراسیۆنەکەیە، بە ئاراستەی ئاگربەست و رێککەوتن.

لەو رووداوە ماراسۆنیانەش، ئامادەبوونی ترەمپ بۆ هەرجۆرە رێککەوتنێک و رازیبوونی ناتانیاهۆ و رێککەوتنی خێرای سەرجەم پاشماوەی هەموو باڵەکانی کۆماری ئیسلامی و کۆبوونەوەی هەر سێ لایەنەکەیە لە پاکستان.

ئەو رووداوە ماراسیۆنانەی دوای ئۆپەراسیۆنەکە، بە ئاراستەی رێککەوتن پێمان دەڵێت، “ئیننە”یەک لەم ئامادەییەدا هەیە.

هەموو سەرەداوەکان دەڵێن ئەو “ئیننە”یە رەنگە دەست بەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی عەجەمەکان بێت و ئەوەش هۆکاری ئەسڵی هەڵگیرساندنی شەڕەکە بوو.

بەواتایەکی دی، پێدەچێت یۆرانیۆمی عەجەمەکان پشەکەی ترەمپ خواردبێتی و دوای ئۆپەراسیۆنەکە هۆکارێک نەمابێت بۆ شەڕ، بۆیە هەموویان بەعەجەمەکانیشەوە ئامادەن لەسەر مێزی بەهارات لە پاکستان رێکبکەون.

بابەتى تر

👤
Live: 154 Today: 1,549 📊 Click Here