قوباد تاڵه‌بانی: له كوردستان ده‌رفه‌تی زۆر گه‌وره هه‌یه كه ببێته هاوبه‌شێكی گرنگی بازرگانیی ئه‌مریكا

-
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به وه‌فدی ژووری بازرگانیی ئه‌مریكای راگه‌یاند كه له كوردستان ده‌رفه‌تی زۆر گه‌وره هه‌یه كه ببێته هاوبه‌شێكی گرنگی بازرگانیی ئه‌مریكا، ده‌شڵێت: “ده‌مانه‌وێت هه‌رێم وه‌ك ناوه‌ندێكی گرنگی ئابووری و ته‌كنه‌لۆژیا له ناوچه‌كه‌دا ده‌ربكه‌وێت”.
قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسی:
*له‌گه‌ڵ وه‌فدی ژووری بازرگانیی ئه‌مریكا به سه‌رۆكایه‌تیی ستیڤ لۆتس، جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانیی ئه‌مریكا و به ئاماده‌بوونی ئه‌نجومه‌نی ئابووریی ئه‌مریكا _ عێراق، گفتوگۆمان كرد له‌باره‌ی چۆنییه‌تی سوودوه‌رگرتن له ته‌كنه‌لۆژیای نوێ و زیره‌كیی ده‌ستكرد له پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی ئابووریی كوردستان و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی بازرگانی نێوان كوردستان و ئه‌مریكا.
*باسمان له هه‌وڵه‌كانمان كرد له په‌ره‌پێدانی تواناكانی گه‌نجانی كوردستان له بواره‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا و كارسازیدا، چونكه ئه‌م گه‌نجه به‌هره‌مه‌ند و داهێنه‌رانه‌ن كه ده‌توانن ڕۆڵ ببینن له به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیای نوێ و زیره‌كیی ده‌ستكرد له پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی كوردستان و هه‌روه‌ها له رێگه‌ی تواناكانیان له بواری ته‌كنه‌لۆژیادا به‌شدارده‌بن له به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیی بازرگانی نێوان ئه‌مریكا و كوردستان.
*ئاماژه‌مان به‌وه‌شدا به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندیی بازرگانی نێوان كوردستان و ئه‌مریكا یارمه‌تیده‌رمان ده‌بێت له گه‌یشتن به ئامانجه‌كه‌مان كه ده‌مانه‌وێت له داهاتوودا هه‌رێمی كوردستان هه‌م وه‌ك ناوه‌ندێكی گرنگی ئابووری و هه‌م وه‌ك ناوه‌ندێكی گرنگی ته‌كنه‌لۆژیا له ناوچه‌كه‌دا ده‌ربكه‌وێت.
*زۆر دڵخۆش بووین به سه‌ردانی ئه‌م وه‌فده بازرگانییه‌ی ئه‌مریكا و به دڵنیاییه‌وه له كوردستان ده‌رفه‌تی زۆر گه‌وره هه‌یه كه ببێته هاوبه‌شێكی گرنگی بازرگانیی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه‌دا.




















Post Comment