وەهمی سەقامگیری

وەهمی سەقامگیری

جار بینراوە: (1)

جیهاد عمر احمد

ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا مەترسیدارترین درۆکان  بە گەلی داماو دەفرۆشرێت، ئەو وێنە ساختەیەیە کە گوایە وڵات گەیشتووەتە قۆناغی “سەقامگیری” تەنها لەبەر ئەوەی دەنگی تەقە لە شەقامەکاندا کەم بووەتەوە و بینای وەزارەتەکان بەیانیان دەرگاکانیان دەکرێتەوە. بەڵام کاتێک پەردەی ئەم شانۆگەرییە لا دەدەین، ناچارم بەوپەڕی سەرسوڕمانەوە بپرسم: ئایا بەڕاستی ئێمە هێندە ساویلکەین کە بێدەنگیی مافیاکان بە ئاشتی و سەقامگیری تێبگەین؟

ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە، ئەوەی ئێستا لە عێراقدا دەیبینین سەقامگیرییەکی ڕاستەقینە نییە کە لەسەر بنەمای دامەزراوەی بەهێز و عەدالەتی کۆمەڵایەتی بونیاد نرابێت، بەڵکو تەنها ڕێکەوتنێکی کاتی و بێدەنگییەکی پڕ لە دڵەڕاوکێیە لە نێوان ئەو زلهێزە سیاسی و گروپە چەکدارانەی کە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی “نەشەڕکردن” زۆر قازانجی زیاترە لە شەڕکردن. ئەوان ئێستا بێدەنگن نەک لەبەر ئەوەی کێشەکانی ڕابردوویان چارەسەر کردووە یان لێبوردنیان بۆ یەکتر دەرکردووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بە هاوبەشی خەریکی پارچەپارچەکردن و خواردنی کێکی ئابووریی وڵاتن لە ناو سیستەمێکدا کە هەموویان بە نایاسایی لێی سوودمەندن؛ کاتێک پارەی نەوت و گرێبەستە زەبەلاحەکان بەشی هەموو لایەنە چەکدار و سیاسییەکان دەکات، ئیتر چ پێویست دەکات فیشەک بە یەکترەوە بنێن؟

کاتێک بە وردی سەیری ناوەوەی ئەم “سەقامگیرییە ساختەیە” دەکەین، دەبینین کە دامەزراوەکانی دەوڵەت لەوپەڕی لاوازیدان و تەنها وەک دیکۆرێک بۆ داپۆشینی ڕێکەوتنە ژێربەژێرەکان بەکاردەهێنرێن. کێشە چارەسەرنەکراوەکان، گەندەڵییەکی ڕێکخراو و سیستماتیک، و نەبوونی هیچ جۆرە یەکسانییەک لە جێبەجێکردنی یاسادا، بە شێوەیەکی مەترسیدار لە قووڵایی کۆمەڵگادا کەڵەکە دەبن. چۆن دەتوانین باس لە ئاشتی بکەین کاتێک یاسا تەنها بۆ سزادانی هاوڵاتییە بێدەسەڵاتەکانە، بەڵام ئەوانەی سەروەتی وڵات تاڵان دەکەن لە سەرووی هەموو لێپرسینەوەیەکەوەن؟ سیستەمێکی سیاسی دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی لەسەر شاشەکان خۆی وا نیشان بدات کە زۆر سەقامگیرە، لە کاتێکدا لە ژێر پێیدا کێشە بنەڕەتییەکان وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو گەورەتر دەبن.

مێژوو هەمیشە وانەیەکی تاڵی پێیە بۆ ئەو وڵاتانەی کە بێدەنگیی تفەنگەکان بە سەقامگیری تێدەگەن. ئەگەر بە وریاییەوە سەیری قۆناغەکانی پێشووی مێژووی عێراق بکەین (بۆ نموونە پێش ساڵی ٢٠٠٣ یان تەنانەت پێش تەقینەوەی خۆپیشاندانەکانی تشرین)، دەبینین کە دەسەڵاتداران هەمیشە پێیان وابووە کۆنترۆڵی تەواوی دۆخەکەیان کردووە و وڵات بێدەنگە، بەڵام تێنەگەیشتبوون کە ئەو بێدەنگییە تەنها کەڵەکەبوونی فشاری شەقام بووە لە نێو “مەنجەڵێکی بوخاردا”  کە قەپاغەکەی بە زەبری هێز داخراوە.

دەرەنجامەکە زۆر ڕوونە و دەبێت زەنگی مەترسی لای هەموومان لێبدات: ئەگەر ئەم گرفتە قووڵانە چارەسەر نەکرێن، ڕۆژێک دێت ئەو بێدەنگییە تێکدەشکێت و ڕێکەوتنی بەرژەوەندییەکانی نێوان زلهێزەکان کۆتایی دێت. ئەو کاتە، کاتێک گرژییە شاراوەکان دەتەقنەوە، تێدەگەین کە ئەو “سەقامگیرییەی” پێمان فرۆشرا، تەنها بێدەنگییەکی کاتی بوو بۆ خۆئامادەکردن بۆ وێرانکارییەکی گەورەتر. ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە: وڵاتێک کە تێیدا حوکمڕانی لەسەر بنەمای دابەشکردنی تاڵانی بێت نەک سەروەریی یاسا، هەرگیز ئاشتیی ڕاستەقینە بەخۆیەوە نابینێت، بەڵکو تەنها پشوویەک وەردەگرێت لە نێوان دوو کارەساتدا.