“بەرژەوەندیی نیشتمانی”!
هەوراز حوسێن ڕەسوڵ – چالاکوان
لە فەرهەنگی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا، زاراوەیەک هەیە کە کارکردنی وەک دارسێحرێک وایە لە دەستی دەسەڵاتداراندا بەتایبەتی دەسەڵاتدارانی هەر جووت حیزبی بنەماڵەیی بارزانی و تاڵەبانی، لە هەرێمدا کاتێک سیاسییەکان دەیانەوێت بڕیارێکی ناپەسەند، شکستێکی ئیداری، یان گەندەڵییەکی ئاشکرا بەسەر هاووڵاتییاندا تێپەڕێنن و دەنگی ناڕەزایەتییەکان بپەستێنن، ڕاستەوخۆ پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی دەستەواژەی بریقەدار و تەمومژاویی “بەرژەوەندیی نیشتمانی”! ڕێک لەو ساتەی جەماوەر داوای شەفافیەت لە داهات، کارابوونی پەرلەمان، جێبەجێکردنی یاسا و باشکردنی بژێوی ژیانی دەکات، میدیا و لێدوانە فەرمییەکان پڕ دەکرێن لە دروشمی وەک: “یەکێتیی نیشتمانی”، “پاراستنی سەقامگیری”، “قۆناغی هەستیار و دژوار”، و “بەرپرسیارێتیی مێژوویی”.
بەم شێوەیە، هەر ڕەخنەیەکی ڕەوا و داواکارییەکی بەرهەق، لەژێر سێبەری ئەم زاراوە پیرۆزکراوەدا دەکرێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و گومان لە نیشتمانپەروەریی خەڵک دەکرێت! لەم شانۆگەرییە بێزارکەرەدا، پرسیاری جەوهەری و مەترسیدار ئەوەیە: لە بنەڕەتدا کێ مافی هەیە پێناسەی “بەرژەوەندیی نیشتمانی” بکات؟ ئایا هاووڵاتییەکی ئاساییە کە ڕۆژانە باجی ڕاستەقینەی قەیرانەکان دەدات کە بەدەستی هەردوو حیزبی گەندەڵی پارتی و یەکێتی درووست بووە؟ یان پەرلەمانێکە کە نوێنەرایەتیی جەماوەر دەکات؟ یان دامەزراوە نیشتمانی و دەستوورییەکانن؟ بەداخەوە لە واقیعی کوردستاندا وەڵامەکە هیچ لەم بژاردانە نییە! لێرەدا، “بەرژەوەندیی نیشتمانی” ڕێک بەم شێوەیە پێناسە دەکرێت: “بریتییە لە هەر شتێک کە لە کۆبوونەوەی سیاسی داھاتوودا بۆ بەرژەوەندی، بەقاو و پشکی حیزبەکان گونجاو و دەستداو بێت!” بەم شێوەیە، چەمکێک کە بڕیار بوو بەرزترین بەهای هەبێت بۆ پاراستنی مافی کۆمەڵگە، دابەزێنراوە بۆ ئامرازێکی سیاسیی هەرزان بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد و داپۆشینی ناکاراییەکان.
سیاسییەکانی ئێمە بە تایبەت دەسەڵاتداران و سیاسییەکانی هەردوو حیزبی یەکێتی و پارتی ئەم زاراوەیەیان کردووە بە ئامرازێک تا گفتوگۆکانی پێ کۆتایی پێبهێنن و ڕێگە لە دەربڕینی هەموو ڕەخنەیەک بگرن، بەبێ ئەوەی ئامادە بن هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر جەوهەرەکەی بدەن. کەچی لە سیستەمە دیموکرات و تەندروستەکاندا، بەرژەوەندیی نیشتمانی ڕاستەقینە ئەو بڕیار و سیاسەتەیە کە دەتوانێت لە بەرامبەر وردبینیی جەماوەر، سەربەخۆیی دادگا و ڕەخنەی ڕاگەیاندندا خۆی بگرێت و بەهاکەی بپارێزێت؛ نەک ببێتە پەردەیەکی درەوشاوە بۆ بێدەنگکردنی خەڵک و بەردەوامیدان بەو ئیفلیجییە سیاسییەی کە تەواوی دامەزراوەکانی وڵاتی داڕزاندووە.















Post Comment