ئۆجالان و دەوڵەت؛ لە ڕەخنەی دەوڵەت-نەتەوە تا پرۆژەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، زۆر جار بیر و ڕوانگەی عەبدوڵڵا ئۆجالان بە شێوەیەکی کەمخوێندنەوە و هەندێک جاریش بە ئەنقەست چەواشە کراوە. یەکێک لەو چەواشەکارییانە ئەوەیە کە هەندێک کەس بە سادەیی دەڵێن: «ئۆجالان دژی دەوڵەتە.» بەڵام ئەگەر بە ویژدان و بە خوێندنەوەیەکی ورد سەیری نووسین و مانیفێستۆ فکرییەکانی بکەین، دەبینین کە ئەم تێگەیشتنە لەگەڵ ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی بیرکردنەوەکەی ناگونجێت.
ئەو پەرەگرافەی لە نووسینەکانی ئۆجالاندا باس لە دەوڵەت دەکات، بەڕوونی پیشان دەدات کە کێشەکەی لەگەڵ بوونی هەر دامەزراوەیەکی دەوڵەتی نییە؛ بەڵکو ڕەخنەکەی ئاراستەی شێوازێکی دیاریکراو لە دەوڵەتداری دەکات. ئەو شێوازەی کە بە تایبەتی لە سەردەمی نوێدا بە ناوی «دەوڵەت-نەتەوە» ناسراوە و ناسنامە، زمان، کەلتوور و مافەکانی گەل و کۆمەڵگا جیاوازەکان لە ژێر دەسەڵاتی ناوەندێکی یەکڕەنگدا دەخاتە ژێر فشار.
ئۆجالان دژی دەوڵەت نییە، دژی چۆنیەتی دەوڵەتدارییە
لێرەدا پێویستە جیاوازییەکی گرنگ بکەین: شتێکە بڵێین «دەوڵەت هیچ مانایەکی نییە و دەبێت لەناوبچێت»، و شتێکی دیکەیە بڵێین «شێوازی باو و سەرکوتکەری دەوڵەتداری ناتوانێت چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگا بێت».
ئۆجالان لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی خۆیدا زیاتر لە شێوەی دووەم دەڕوانێت. ئەو دەڵێت کە دەوڵەت-نەتەوە، وەک مۆدێلێکی سیاسی، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرجار لەسەر بنەمای یەکڕەنگکردن، ناوەندگەرایی و زاڵبوونی ناسنامەیەک بەسەر ناسنامەکانی دیکە دروست بووە. لەبەر ئەوەش، دەوڵەتە نوێیەکانی ناوچەکە، بە تایبەتی لە تورکیا، ئێران و عەرەبیدا، نەیانتوانیوە هەمیشە وەڵامێکی دادپەروەرانە بۆ فرەیی نەتەوەیی و کەلتوورییەکان بدۆزنەوە.
بۆیە، کاتێک ئۆجالان ڕەخنە لە دەوڵەت دەگرێت، مەبەستی لەناوبردنی ژیان و ڕێکخستنی کۆمەڵگا نییە؛ چونکە هیچ کۆمەڵگایەک بەبێ ڕێکخستن، دامەزراوە و سیستەمی بەڕێوەبردن ناتوانێت بەردەوام بێت. پرسیارە بنەڕەتییەکە لە ڕوانگەی ئەودا ئەوەیە: کام شێوازی بەڕێوەبردن دەتوانێت ئازادی و یەکسانی و مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بپارێزێت؟
ڕەخنەکردن لە دەوڵەت-نەتەوە بە مانای ڕەتکردنەوەی دەوڵەت نییە
ئەو کەسانەی بەبێ خوێندنەوەی تەواوی مانیفێستۆکان و بەبێ لێکۆڵینەوە لە گەشەی فکریی ئۆجالان، تەنها بە یەک ڕستە یان چەند دەستەواژەیەک حوکم دەدەن، زۆرجار جیاوازیی نێوان «دەوڵەت» و «دەوڵەت-نەتەوە» تێکەڵ دەکەن.
ئۆجالان نەدەڵێت بە سادەیی دەبێت هەموو دەوڵەتەکان بڕووخێنرێن. هەروەها ئەو لە واقیعی سیاسی و مێژووییی ش دەڕوانێت. کورد، لەم قۆناغەی ئێستادا، نە دەتوانێت بە ئاسانی دەوڵەتە بەهێزەکانی دەوروبەری خۆی بڕووخێنێت و نە هەلومەرجی سیاسی و نێودەوڵەتی بە سادەیی ڕێگە بە دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەدات.
بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک بە مانای دەستبەردان لە ماف و ئازادی نییە.
لێرەدا ئۆجالان هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگایەکی سێیەم دەدات؛ ڕێگایەک کە نەتوانین تەنها بە «ڕووخاندنی دەوڵەت» ناوی بنێین و نە تەنها بە «دروستکردنی دەوڵەتێکی نوێ». ئەو جەخت لەسەر کۆمەڵگەی دیموکراتیک، خودبەڕێوەبردن، پێکەوەژیان و دیموکراسییەکی بنەڕەتی دەکات.
کۆمەڵگەی دیموکراتیک؛ وەڵامی پرسیارێکی قووڵ
لە ڕوانگەی ئۆجالاندا، کۆمەڵگە نابێت تەنها چاوەڕێی دەوڵەت بێت بۆ ئەوەی هەموو شتێک بەڕێوەببات. کۆمەڵگا خۆی دەبێت توانای ڕێکخستن و بەشداری لە چارەنووسی خۆیدا هەبێت. ژنان، گەنجان، پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەبێت ببنە بەشێکی چالاک لە بڕیاردان.
لەبەر ئەوە، پرۆژەی «چارەسەری دیموکراتیک» لە بیرکردنەوەی ئۆجالاندا تەنها پرۆژەیەکی بۆ کورد نییە؛ بەڵکو هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پێکەوەژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم ناوچەیە بۆ سەدەیەک بە هۆی ناکۆکییە نەتەوەیی، ئاینی و دەوڵەتییەکانەوە لە شەڕ و ململاێی بەردەوامدا بووە. بۆیە پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە «کێ دەبێت دەوڵەت هەبێت؟»، بەڵکو پرسیارە گەورەترەکە ئەوەیە: چۆن دەتوانین سیاسەتێک دروست بکەین کە هەمووانی جیاواز بتوانن بەبێ سەرکوتکردنی یەکتر پێکەوە بژین؟
خوێندنەوەی مێژووییی ئۆجالان بۆ دەوڵەتەکانی ناوچە
ئۆجالان لە لێکدانەوە مێژووییەکانی خۆیدا هەوڵ دەدات سەرچاوەکانی دروستبوونی دەوڵەتە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخوێنێتەوە. لەو چوارچێوەیەدا، باس لە ی گۆڕانکارییە گەورە و ناوچەییەکان بە دروستبوونی دەوڵەتەکانی ناوچە دەکات و ڕەخنە لە مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە دەگرێت.
بۆیە، هەرچەندە هەندێک لە لێکدانەوە مێژووییەکانی ئەو جێگای گفتوگۆ و ڕەخنەی ئەکادیمی بن، بەڵام نابێت تێگەیشتنە فکرییەکەی بە یەک دەستەواژەی سادەی «دژی دەوڵەتە» کورت بکرێتەوە.
ئەمە چەواشەکردنی بیرکردنەوەیە، نەک ڕەخنەیەکی زانستی.
پرۆسەی ئاشتی؛ بەرهەمی بیرکردنەوەیەکی درێژخایەن
ئەمڕۆ کە باس لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیادا دەکرێت، پێویستە ئەم پرۆسەیە تەنها وەک ڕێککەوتنێکی تاکتیکی نەبینرێت. ئەوە بەرهەمی ساڵان بیرکردنەوە و گەڕان بەدوای چارەسەرێکی نوێیە.
ئۆجالان نزیکەی دوو دەیەیە بە شێوەیەکی ڕوونتر لەسەر ئەوە کار دەکات کە کێشەی کورد بە شەڕی بەردەوام و بە یەک لایەن بەسەرکەوتنی یەک لایەن چارەسەر نابێت. هەروەها، ئەو تێگەیشتووە کە دروستکردنی ئاشتی پێویستی بە گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەی هەموو لایەنەکان هەیە.
بۆیە، پرۆسەی ئاشتییەکی بەردەوام پێویستی بە زمانێکی نوێ، سیاسەتێکی نوێ و تەنانەت تێگەیشتنێکی نوێ لە بابەتی دەوڵەت، نەتەوە و کۆمەڵگا هەیە.
پێویستمان بە ڕاستگۆییە، نەک چەواشەکاری
لە کۆتاییدا، پێویستە بۆ باسکردن لە بیر و فەلسەفەی هەر بیرمەندێک، بە تایبەتی کەسێک وەک ئۆجالان کە بە درێژایی ساڵان تیۆری و مانیفێستۆی زۆری نووسیوە، تەنها بە چەند ڕستەیەک حوکم نەدەین.
ڕەخنەکردن مافە، بەڵام پێش ڕەخنەکردن پێویستە بخوێنینەوە.















Post Comment