دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان تووشی لەبیرچوونەوەی مێژوویی بووە!

دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان تووشی لەبیرچوونەوەی مێژوویی بووە!

جار بینراوە: (10.1K)

ئەنداز خالید احمد

سیستەمی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا لەسەر بنەمای مۆدێلێکی سەیر لە “لەبیرچوونەوەی جەماوەری” و سڕینەوەی بەئەنقەستی مێژوو کار دەکات؛ مۆدێلێک کە تێیدا سیاسییەکان هەمیشە هەمان چیرۆک و هەمان خەونی باو بەبێ هیچ شەرمێک بەسەر خەڵکدا دابەش دەکەنەوە. پرۆسەکە بە شێوەیەکی بازنەیی و ئەندازیاریی زۆر ڕێكخراو بەڕێوە دەچێت: سەرەتا لە وەرز و ساتی هەڵبژاردنەکاندا سیاسییەکان دێنە سەر شاشەکان و بەڵێنی بێسنوور، دروشمی ڕەنگاورەنگ، و نەخشەڕێگای گەش و پرشنگدار بۆ چاکسازی و خزمەتگوزاری بە گوێی جەماوەردا دەدەن. دواتر کە دەگەنە دەسەڵات، قۆناغی دووەم یان ئەنجامی ڕاستەقینە دەست پێ دەکات کە بریتییە لە شکستی تەواوەتی، پەککەوتنی بەڵێنەکان، و سپاردنی دروشمەکان بە با!

لە بەرامبەر ئەم شکستە ڕوونەدا، قۆناغی سێیەم بەکار دەهێنرێت کە بریتییە لە بێدەنگییەکی کوشندە، بە تێپەڕبوونی کات و ڕاهێنانی خەڵک لەسەر فەرامۆشکردن. پاشان بە هاتنی وەرزێکی نوێی دەنگدان، هەمان ئەو سیاسییانەی پێشتر فەشەلیان هێنابوو، بە بێشەرمییەوە دەگەڕێنەوە ناونیشانی یەکەم و بە دیاریی نوێ و بەڵێنی زلترەوە دێنەوە مەیدانەکە، بە بێ ئەوەی هیچ لێپرسینەوە، هەڵسەنگاندن، یان دادگایییەکی سیاسی بۆ شکستی بەڵێنەکانی پێشوویان کرابێت! بەم شێوەیە هاوکێشەکە دەبێتە زنجیرەیەکی بەردەوام: بەڵێن، شکست، بێدەنگی، بەڵێنی نوێ، هەڵبژاردنی نوێ، و دووبارەبوونەوەی هەمان شانۆگەری! ئەگەر بە وردیی تەماشای ئەم ڕەوشە نامۆیە بوبکەیت، دەبینیت “هەر هەڵبژاردنێک لەگەڵ خۆیدا دەستەیەک بەڵێنی تازە دەهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام دیارە هیچ کەسێک لە بیریدا نییە یان نایەوێت بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی پێشوو لەگەڵ خۆی بهێنێتە کۆبوونەوەکەوە!” پرسیاری جەوهەری ئەوەیە:

بۆچی لەم سیستەمەدا هیچ یادەوەرییەکی دامەزراوەیی یان باجێکی سیاسی بۆ شکستەکان نییە؟ بۆچی سیاسییەک لەبەرامبەر جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکانیدا هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم داهاتووی سیاسییدا ناکەوێتە ڕێی؟ وەڵامەکە زۆر ڕوونە؛ چونکە دەستەبژێری دەسەڵاتدار چاک دەزانێت کە نەکردنی کارەکان و نەبردنی بەڵێنەکان باجێکی ئیداری و جەماوەریی لێ ناکەوێتەوە. کاتێک سیستەمێکی سیاسی بێبەش دەبێت لە یادەوەریی مێژوویی و دامەزراوەیی، توانای زۆری دەبێت بۆ ئەوەی بۆ چەندین دەیە بەردەوام هەمان چارەسەری ئاڵتونی بۆ هەمان کێشەی مزمن بە هاووڵاتییان بپێچێتەوە و بفرۆشێتەوە. ئەمە تەنیا کێشەی بێباکی سیاسییەکان نییە، بەڵکو نەخۆشییەکی قووڵی دەسەڵاتدارییە کە تێیدا مێژوو دەسڕدرێتەوە تا شکستەکان ببنە شتێکی ئاسایی، بەمەش هاووڵاتی لەبری ئەوەی بڕیار لەسەر بنەمای ئەزموونی ڕابردوو بدات، جارێکی تر دەکەوێتە داوی هەمان ئەو فێڵە دراماتیکییانەی کە چەندین جار تاقی کراونەتەوە و پووچییان سەلمێنراوە.

بابەتى تر


👤
Live: 120 Today: 679 📊 Click Here