ئۆپۆزسیۆن کورسیی چی لێکرد؟
یوسف محمد
لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٤دا، کاتێک جوڵانەوەی نەوەی نوێ ١٥ کورسی و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەش ژمارەیەکی بەرچاوی کورسییەکانی پەرلەمانیان بردەوە، هاووڵاتییان وایانزانی دەنگدان بە بەدیلەکان دەبێتە هەوێنی گۆڕینی هاوکێشەی دەسەڵاتی زاڵ، بەڵام ئەمڕۆ واقیعەکە ڕاستییەکی زۆر تاڵترمان پێدەڵێت؛ کە ئۆپۆزسیۆن تەنیا کورسیی نەبردۆتەوە، بەڵکو بلیتێکی درێژخایەنی ژووری چاوەڕوانیی سیاسیی بەدەستهێناوە! پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: کاتێک دامەزراوەی پەرلەمان خۆی پەکخرابێت و کار نەکات، ئایا مانەوە لە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆندا هیچ بەهایەکی مەعنەوی یان کرداریی دەمێنێت؟
هەڵوێستی ڕاستەقینەی ئەم پارتانە لە دەرەوەی هۆڵی چۆڵبووی پەرلەمان کوان و تا چەند گوشاری جدی دەخەنە سەر دەسەڵات، یان تەنیا چاوەڕێی ئاماژەیەکی پارتی و یەکێتین تا بڕیار لە داهاتوویان بدەن؟ تاوانبارکردنی پارتی و یەکێتی بۆ دروستکردنی ئەم چەقبەستووییە ڕوونە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنیش ناچارە وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە: ئایا ئەوان شەڕی هەڵوەشاندنەوەی ئەم سیستەمە دەکەن، یان بەهێمنی لە هۆڵی چاوەڕوانیدا دانیشتوون تا کاتی خۆی هات، پشکێکی چووکەیان لە هەمان هاوکێشەدا پێببڕێت؟
کاتێک ئۆپۆزسیۆن لە بری ڕابەرایەتیکردنی شەقام، تەنیا تەماشاکەرێکی بێهەڵوێست بێت، دەسەڵات ئاسوودەتر دەبێت و هاووڵاتییش تێدەگات کە هیوابەستن بە بەدیلەکانیش تەنیا درێژەدان بووە بە هەمان درامای بێزارکەر.















Post Comment