هەڵبژاردن کرا؛ حکومەت بە داواکاریی ئەلیکترۆنی بەڕێگاوەیە و هەرگیز ناگات!

هەڵبژاردن کرا؛ حکومەت بە داواکاریی ئەلیکترۆنی بەڕێگاوەیە و هەرگیز ناگات!

جار بینراوە: (6.8K)

ئاکام جەمال

لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان وەک کڕیارێکی بەپەرۆش چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بە پەنجەمۆرەکانیان داواکارییەکی ئەلیکترۆنییان بۆ کڕینی “حکومەتێکی خزمەتگوزار” تۆمار کرد، بەو هیوایەی لە بەرامبەر متمانەکەیان و هەڵبژاردنی ١٠٠ پەرلەمانتاردا کاڵایەکی بەسوودیان دەست کەوێت، بەڵام ئەوەی دوای ئەو ڕۆژە ڕوویدا بەتەواوی شۆکهێنەر بوو؛ چونکە سیستەمی سیاسی ڕێک وەک کۆمپانیایەکی ساختەکاری گەیاندنی لێهات کە بەردەوام پەیامی دووبارەی “داواکارییەکەت لە ژێر ئامادەکردندایە” بۆ خەڵک دەنێرێت و پاش نێزیکەی دوو ساڵ هێشتا هیچ شتێک نەگەیشتووە. لە کاتێکدا پەرلەمان تەنیا یەک جار دەرگاکەی کرایەوە بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران وێنەیەکی یادگاری بگرن و بەبێ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی کۆتایی بە دانیشتنەکە بهێنن، بەڵێنە درەوشاوەکانی کەمپەین وەک چارەسەری یەکجاریی کارەبای بیست و چوار کاتژمێری، بژێویی سەقامگیر، و ڕێکخستنەوەی بنەڕەتیی مووچە، لە واقیعدا گۆڕان بۆ پچڕانی بەردەوامی تەزووی کارەبا، سەپاندنی تێچووی قورس، و مانەوەی قەیرانی دارایی وەک مۆتەکەیەک بەسەر ژیانی فەرمانبەران و هەزاران دەرچووی بێکاری زانکۆوە. ئەم چەقبەستووییە تاقەتپڕووکێنە دەرسێکی تاڵمان پێدەڵێت؛ کە دیموکراتی ناکرێت تەنیا “یەک جار دەنگدان و پاشان چاوەڕوانیی بێهودە” بێت، چونکە کاتێک دانوستانە دوورودرێژەکان لەبری داڕشتنی بەرنامەیەکی خزمەتگوزاری دەبنە گەمەیەکی بێئامانج بۆ دابەشکردنی وەزارەتەکان و کورسییە داهاتسازەکان، ئیتر متمانەی گشتی بە دەوڵەتداری بەتەواوی دەپووکێتەوە و تەنیا یەک ڕاستیی کۆمیدی دەمێنێتەوە: دەنگدەر کاغەزی دەنگدانی بەدەست گەیشت و پەنجەی مۆر کرد، بەڵام ئەو حکومەتەی کە بڕیار بوو ئەو کاغەزە بەرهەمی بهێنێت، بۆ هەتاهەتایە لە کۆگاکانی حیزبدا بەڕێگاوە مایەوە و هەرگیز نەگەیشتە دەستی خاوەنەکەی.

بابەتى تر


👤
Live: 125 Today: 305 📊 Click Here