بەکارهێنانی چەکی بێکاری وەک تەڵەیەک بۆ بەحیزبیکردنی هاووڵاتییان

بەکارهێنانی چەکی بێکاری وەک تەڵەیەک بۆ بەحیزبیکردنی هاووڵاتییان

جار بینراوە: (11)

محەمەد فایەق

پەیڕەوکردنی سیاسەتی برسیکردن و بێکارکردنی هاووڵاتییان بە گشتی و توێژی گەنجان بە تایبەتی لەلایەن دوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە، ڕەوشێکی سەختی خوڵقاندووە کە تێیدا خەڵکی ناچار دەکرێن بۆ دابینکردنی نانی ڕۆژانە و بژێویی ژیانیان پەنا بۆ حیزبەکان ببەن و ببنە ئەندامیان. هەنگاوی یەکەمی ئەم سیاسەتە بە ڕاگرتنی پڕۆسەی دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا بۆ زیاتر لە ١٤ ساڵ دەستی پێکرد. هاوکات، پەکخستن و ئیفلیجکردنی کەرتی تایبەت لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتن و قۆرغکاریی حیزبییەوە، هەنگاوێکی تری ئەم ستراتیژە بوو. بەم هۆیەوە، کاتێک گەنجێک دوای ١٦ ساڵ لە ڕەنجدان، خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەیەکی بەرز ئامادە دەبێت سوود لە زانستەکەی وەربگرێت و پیشە و بژێوییەکی شایستە بۆ خۆی دابین بکات، ئاستەنگی ئەم دیوارە بێکارییە دەبێتەوە.
ناواخنی بنەڕەتیی ئەم سیاسەتە ڕوونە: نەهێشتنی دەرفەتی دامەزراندن و کاری شایستە، مەگەر لە ڕێگەی بوون بە ئەندام یان چەکداری حیزبی دەسەڵاتدارەوە. دەرئەنجامی ئەم ڕەوشەش بە ئاشکرا ڕەنگی داوەتەوە؛ دەسەڵات دەنگی هەزاران کەسی ناڕازیی بێدەنگ کردووە بەوەی لە ئۆرگانە حیزبییەکان یان وەک هێزی چەکدار دامەزراندوون لە بەرامبەر بڕێک پارەی کەمدا وەک مووچەی مانگانە.
دواتریش هەمان ئەم هێزە بەکاردەهێنرێن بۆ سەرکوتکردنی هەر جۆرە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەک کە دژایەتیی دەسەڵات بکات. سوودمەندی یەکەم و کۆتاییش خودی حیزبی فەرمانڕەوایە؛ چونکە لەلایەک بەشێک لە دەنگی ناڕازیی کڕیوەتەوە و لەلایەکی ترەوە بەکاری دەهێنێت دژی بەشەکەی تری جەماوەر، کە ئەمەش بووەتە هۆی بەهێزبوون و درێژبوونەوەی تەمەنی دەسەڵاتەکەی. لە کۆتاییدا، ترس لە هەژاری و لەدەستدانی سەرچاوەی بژێوی، وای لەو هێزانە کردووە ئامادە بن هەموو کارێک بکەن—تەنانەت لێدان، کوشتن و سووکایەتیکردن بە هاوزمان و هاونیشتمانییەکانی خۆیان، وەک ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەرامبەر خۆپیشاندەران لە کوردستان بینرا.

بابەتى تر

👤
Live: 73 Today: 1,331 📊 Click Here