کە بێدەنگی دەبێتە کولتوور

کە بێدەنگی دەبێتە کولتوور

جار بینراوە: (254)

شیکردنەوەیەکی کورتی کۆمەڵایەتی بۆ بێدەنگی ، ترس و ملکەچی ..

بۆچی هەندێک کۆمەڵگا، تەنانەت کاتێک ژیانی ئابوورییان قورس دەبێت و مافە بنەڕەتییەکانیان سنووردار دەکرێت، هێشتا بەبێدەنگی دەمێننەوە؟

ئایا ئەمە نیشانەی ڕەزامەندییە، یان بەرهەمی ترس و فشار و میکانیزمە کۆمەڵایەتییەکانە ؟

دەسەڵاتی زاڵم و خۆسەپێن ، پێش ئەوەی پێویستی بە سوپا و زیندان هەبێت ، پێویستی بە کۆمەڵگایەک هەیە کە توانای پرسیارکردنی لاواز کرابێت، چونکە ئەو کاتەی مرۆڤ لە پرسیارکردن دەترسێت ، بە دەستی خۆی بەشێک لە کۆت و پێوەندەکانی خۆی دروست دەکات .

ئەو کۆمەڵگایەی کە لە ترسی دەسەڵات بێدەنگ دەبێت ، بێگومان هەموو تاکەکانی بێهۆش نین ؛ بەڵام ئەگەر ئەو بێدەنگییە ببێتە ڕەفتارێکی هەمیشەیی ، لەوانەیە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بە هێواشی بخنکێت ، لەو دۆخەدا تاکەکان زیاتر فێری گونجان دەبن لەوەی فێری ڕەخنەگرتن بن.

بەپێی شیکردنەوەکانی عەلی وەردی، کۆمەڵگا زۆرجار لەژێر فشاری ترس و بەرژەوەندی ، دوو جیهان دروست دەکات : جیهانێکی ئاشکرا کە تێیدا هەمووان پشتگیری دەردەبڕن ، و جیهانێکی نهێنی کە تێیدا گلەیی ، ڕەخنە و ناڕەزایی خۆیان تێدا دەشارنەوە ، ئەم دووڕووییە کۆمەڵگایەک دروست دەکات کە لە دەرەوە ئارامە ، بەڵام لە ناوەوە پڕە لە ترس و ناڕەزایی .

ئیمیل دورکهایم ڕوونی دەکاتەوە کە فشاری کۆمەڵایەتی دەتوانێت تاک ناچار بکات خۆی لەگەڵ باوەڕی زۆرینە بگونجێنێت ، ئەگەر ئەو باوەڕە بەرهەمی ( ترس ) یش بێت ، لە ئاکامدا بێدەنگی دەبێتە یاسا ، نەک ئازادی.

ماکس ڤێبەر پێی وایە زۆرجار دەسەڵات تەنها بە هێز ناپارێزرێت ، بەڵکو بەو باوەڕەی کە خەڵک بە ڕەوای دەزانن ، یان ناچار دەبن بە ڕەوای دابنێن ، لەم سۆنگەیەوە بەردەوامی بەخۆی دەدات ، کاتێکش پرسیارکردن لەناو دەچێت ، دەسەڵات بەبێ هیچ هەوڵێک ، خۆی دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە.

بەپێی شیکردنەوەکانی هانا ئارێنت، مەترسیدارترین سات ئەوە نییە کە دەنگی دەسەڵات بەرز بێت ؛ مەترسیی ڕاستەقینە ئەو کاتە دەست پێدەکات کە دەنگی کۆمەڵگا نزم ببێتەوە و بێدەنگی وەک دۆخێکی ئاسایی وەربگیرێت.

کۆمەڵگای مێگەلئاسا ، ئەو کۆمەڵگایە نییە کە هەموو ئەندامەکانی خراپ بن ؛ بەڵکو ئەو کۆمەڵگایەیە کە زۆربەی تاکەکانی ، بەهۆی دڵەڕاوکێ ، بەرژەوەندی یان بێهیوایی ، لە مافی بیرکردنەوە و پرسیارکردن خۆیان بێبەش دەکەن ، لەو دۆخەدا دەسەڵات پێویستی بە هێزی زۆر نامێنێت ، چونکە تۆقاندن دەبێتە باشترین پارێزەری دەسەڵات .

لە مێژووی هەموو گەلاندا، گۆڕانکاری لەو ڕۆژە دەستی پێکردووە کە هەندێک تاک بڕیاریان داوە ، لە جیاتی شوێنکەوتنی جەماوەرە بەرفراوانە خەفەکراوەکانیان بن ، شوێنکەوتوی ویژدانی خۆیان دەبن و کۆمەڵگاش لەو ڕۆژە دەست بە گۆڕان دەکات کە بێدەنگی لە کولتوورەوە دەگۆڕێت بۆ پرسیار.

بەڵام لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دروست دەبێت: چۆن دەسەڵات دەتوانێت بەردەوامی بەو ترس و بێدەنگییە بدات؟

سەرکوتکردن تەنها بە زیندان و هێز ڕوونادات ، زۆرجار ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە خەمی دابینکردنی نانی ڕۆژانەیاندان یان گرانبوونی ژیان و دڵەڕاوکێی داهاتووی خۆیان و ماڵ و منداڵیانن، ناپەرژزێن و هێز و هزر و کاتی کەمتریان هەیە ، بۆ بیرکردنەوە لە دۆخی گشتی و چاودێریکردنی دەسەڵات ، لەو دۆخەدا ، خەمی ژیان خۆی دەبێتە ئامرازێک بۆ خامۆشکردنی دەنگی ڕەخنە .

ئەوەی لە گی سیاسیی هاوچەرخدا زۆرجار بە «سیاسەتی ماکیاڤێلیانە» ناسراوە ، بریتییە لەوەی پاراستنی دەسەڵات بخرێتە سەروو هەموو ئامانجێکی تر ، تەنانەت ئەگەر ئەوە بە بەکارهێنانی ترس و زەبر و زەنگ و هەڕەشە ، دابەشکردنی کۆمەڵگا یان لاوازکردنی توانای هاوبەشی و ڕەخنەگرتنی خەڵک بێت.

لە دەرئەنجامدا ، خەڵک لە جیاتی ئەوەی پرسیار لە سیاسەت بکەن ، ناچار دەبن هەموو وزە و کاتی خۆیان بۆ مانەوە و دابینکردنی ژیانی ڕۆژانە تەرخان بکەن.

ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت، بێدەنگی تەنها وەڵامێک بەرامبەر دڵەڕاوکێ نامێنێت ؛ بەڵکو دەبێتە شێوازێکی ژیان.

لەو ساتەدا، دەسەڵات پێویستی بە زۆرداریی هەمیشەیی نامێنێت ، چونکە تۆقین لە ناخی تاکەکاندا جێگیر بووە و سنووری قسەکردنیان بۆ خۆیان دیاری کردووە .

بابەتى تر

👤
Live: 106 Today: 1,931 📊 Click Here