مۆەلیدە کرا بە پێداویستییەکی حەتمی جارێکی تر!
ڕزگار کانابى
لە کاتێکدا هاوڵاتییانی ماندوو و بەدبەختی ئەم هەرێمە هیوایەکی زۆریان لەسەر دڵی خۆیان هەڵچنی بوو کە گوایە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت و پڕۆژە بریقەدارەکانی لە کەرتی وزەدا دواجار کۆتایی بە دیلێتی و پاشکۆیەتییان بۆ مۆەلیدە ئەهلییەکان دەهێنێت، کەچی واقیعێکی زۆر تاڵ و گاڵتەجاڕانەتر ڕووبەڕوویان بووەوە و بە چاوی خۆیان بینیمان کە “گەورەترین دەستکەوتی وزە” تەنیا بریتی بوو لە زیندووکردنەوەی مۆەلیدەکان و کردنیان بە پێداویستییەکی حەتمی و چارەنووسساز بۆ مانەوە لە ژیاندا . ئەم گەڕانەوە خێرایە بۆ سەردەمی پچڕانی بەردەوام و تاریکیی درێژخایەن، نەک هەر بە تەواوی متمانەی گشتی بە حکومەت و بڕیارەکانی لەناوبرد، بەڵکو وەهای کرد کە خێزانەکان لەبری هەستکردن بە ئارامی
هەموو مانگێک بە دەست قەیرانی دابینکردنی کرێی سەپێنراوی مۆەلیدەوە بناڵێنن و ئەم سیستەمە ئیفلیجە باجێکی قورسی دیکە بخاتە سەر شانیان . مرۆڤی کورد لەم هەرێمەدا کە خاوەنی یەکێک لە گەورەترین یەدەگەکانی غازی سروشتی و نەوتە لە ناوچەکەدا، ڕۆژانە دەبێت لە ناو گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاوین و سەرمای زستاندا، گوێ لە سەمفۆنیای بێزارکەر و ژەهراویی مۆەلیدەی گەڕەکەکەی بگرێت، وەک ئەوەی ئەم ئامێرە مۆتەکەیە بووبێتە ئەندامێکی هەمیشەیی خێزانەکەی . دەسەڵاتداران بەردەوام لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە بانگەشەی شۆڕشی کارەبا و سەرکەوتنی پڕۆژەکانی وەک پێوەری زیرەک و دروشمی ڕووناک دەکەن، بەڵام هاوڵاتییان زۆر باش دەزانن کە ئەمە تەنیا نمایشێکی سیاسییە بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستییەی کە ژێرخانی وزەی وڵات بە تەواوی داڕماوە و بازرگانانی قەیران خەریکی کۆکردنەوەی سامانی خەیاڵین لەسەر حیسابی گیرفانی خاڵی خەڵک . حکومەت دەیەوێت وا پیشان بدات کە خەریکی بنیاتنانی وڵاتێکی مۆدێرنە، بەڵام کاتێک هاوڵاتییەک ناچارە بۆ بچووکترین پێداویستییەکانی ڕۆژانەی وەک ساردکردنەوەی ئاوێک یان داگیرساندنی فێنککەرەوەیەک بۆ منداڵەکەی پەنا بباتە بەر خاوەن مۆەلیدەیەک و بپاڕێتەوە بۆ چەند ئەمپێرێک کارەبای گرانبەها، ئیتر هەموو ئەو دروشمە گەورانە دەبنە بڵقی سەر ئاو و دەسەلمێنن کە ئەم دەسەڵاتە تەنانەت ناتوانێت سەرەتاییترین مافی ژیان دابین بکات .
لەگەڵ ئەوەشدا کە حکومەت ملیاران دۆلاری بۆ کەرتی کارەبا خەرج کردووە، کەچی هێشتا گەورەترین خەونی هاوڵاتی بووەتە ئەوەی کە مۆەلیدەی گەڕەکەکەیان تێک نەچێت تا لە تاریکیدا نەمێننەوە، کە ئەمەش ئەوپەڕی گاڵتەجاڕییە بە عەقڵی کۆمەڵگایەک کە تەنیا داوای ژیانێکی ئاسایی دەکات . لە کۆتاییدا، دەسەڵاتداران دەبێت بە باشی لەو حەقیقەتە تاڵە تێبگەن کە دەتوانن لە شاشەکانەوە سەدان دروشمی بریقەدار و ی حەماسی پێشکەش بکەن و بەڵێنی درۆینە بە خەڵک بدەن، بەڵام هیچ شتێک هێندەی ئەو بەڵێنانە متمانەی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات وێران ناکات کە خەڵک دەتوانێت هەموو جارێک لە کاتی پەنجەنان بە دوگمەی گڵۆپێکی کوژراوەی ماڵەکەیدا بە چاوی خۆی پێوانەیان بکات و ڕاستەوخۆ درۆبوونیان بسەلمێنێت












Post Comment