وەبەرهێنان، هێنانی بێگانە و بەکۆیلەکردنی کورد!

وەبەرهێنان، هێنانی بێگانە و بەکۆیلەکردنی کورد!

جار بینراوە: (450)

سامناک عبداللە – چالاکوان

لە ژێر ناوی «وەبەرهێنان»دا، هەرچی زەوی کشتوکاڵی، پیشەسازی، باخداری، گەشتیاری و لەوەڕگایە هەبوو، کرا بە شوقە و ڤێلا و فرۆشرا بە بێگانە. بەداخەوە وەبەرهێنان تەنها لە بیناسازیدا کورتکرایەوە، کەرتی کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتیاری، باخداری و ئاژەڵداری فەرامۆش کرا.

لە ڕاستیدا ئەوەی ئێستا «وەبەرهێنان»ی پێ دەگوترێت، سێ شتی لەخۆدەگرێت:

• لەلایەک هێنانی بێگانە و فرۆشتنی خاک، موڵک و زەوی بە بیگانەکان

• لەلایەک سپیکردنەوەی پارەی گەندەڵییە

• لەلایەک بەکۆیلەکردنی کوردە

بەکۆیلەکردنی کورد یانی چی؟

یانی ئەوەی هەرچی زەوی نایابەکانی سەنتەری شار و دەوروبەری هەیە، بکرێت بە ڤێلا و شوقە و بفرۆشرێت بە بیگانە. بەڵام مامۆستای قوتابخانە دوای ٢٠ ساڵ خزمەت، ئاسیش دوای ٢٠ ساڵ پاراستنی ئاسایش،پیشمەرگە، مامۆستای زانکۆ، دادوەر، پزیشک، فەرمانبەر، پۆلیس و مامۆستای ئاینی — کە شەو بە ڕۆژ خەریکی پێگەیاندنی نەوە و خزمەتی کۆمەڵگەن — دەبێت زەوییەکی دوور لە شار وەربگرێت کە تا ٢٠ ساڵی تریش ئاو، کارەبا، جادە، خزمەتگوزاری و قوتابخانەی پێ ناگات. ئەمە بەکۆیلەکردنی کوردە.

هێنانی بیگانە و فرۆشتنی خاک و موڵک یانی چی؟

یانی هێنانی ڕیژەیەکی زۆر لە بیگانە بۆ ناو شارە کوردنشینەکان، کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لە ناوچەکە و گۆڕینی دیمۆگرافیا. تابلۆکان بە زمانێکی دیکە بنووسرێن، دەیان قوتابخانەی زمانێکی دیکە بکرێنەوە. فرۆشتنی خاک، موڵک و زەوی بە بیگانە بەشێکە لەم پلانە — دەیان چێشتخانە، دوکان، مۆڵ و بازاڕ لەلایەن بیگانەوە بکرێنەوە. ئەمە هێنانی بیگانەیە بۆ گۆڕینی کۆی گشتی ناوچەکە.

سپیکردنەوەی پارەی گەندەڵی یانی چی؟

یانی هێنانی پارەی دزراوی گەندەڵی بۆ ناو بازاڕ و خستنە ڕووی لە پڕۆژەی بیناسازیدا بۆ ئەوەی بەرگێکی یاسایی بەسەردا بکەن. ئەمە دەیان کەلێنەی خراپی لێ دەکەوێتەوە: بەرزبوونەوەی نرخی خانوو و بەرەوە، زیادبوونی تاوان، شکستپێهێنانی سەرمایەداری ڕاستەقینە، هەڵتۆقینی سەرمایەداری ساختە و باندی مافیاگەری.

ئاگاداربن!

ئێمە کۆمەڵگەیەکین پێکھاتوو لە پێنج ملیۆن کەس، دابەشبوین بەسەر دوو هەرێمدا، و دەیان کێشەی سیاسی، ئابووری و ئەمنی ڕووبەڕوومانە. ئەگەر ڕێژەی بیگانە و فرۆشتنی خاک زیاتر بێت، ئەوکات دەیان کێشەی سیاسی، ئیداری، ئەمنی، یاسایی، کۆمەڵایەتی و مەزهەبی ڕوودەدات – شەڕی تائیفی و ناکۆکیی چینایەتی.

هەر کەسێک بە ناوی «وەبەرهێنان» پارە بێنێت و لەگەڵ هێنانی بێگانە و فرۆشتنی خاک و موڵک بێت، ئەوا تاوانبارە. چونکە ئەو کێشانەی لە ئایندەدا سەرهەڵدەدەن، بە هیچ پارەیەک قەرەبوو ناکرێنەوە.

بابەتى تر

👤
Live: 128 Today: 1,986 📊 Click Here