کوردستان لەسەر بیرە نەوت هێشتا باس لە داشکاندنی چەند دینارێک دەکات!

کوردستان لەسەر بیرە نەوت هێشتا باس لە داشکاندنی چەند دینارێک دەکات!

جار بینراوە: (49)

ڕابەر جەمال خالید

دەبینین کە هەرێمی کوردستان لەسەر دەریایەک لە نەوت و غاز و بیرە نەوتییە زەبەلاحەکان دانیشتووە، کەچی دەسەڵاتداران بە جۆرێک ئاستی بیرکردنەوە و گفتوگۆی گشتییان دابەزاندووە کە هاوڵاتییان ناچارن لەبری باسکردنی ستراتیژیی بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان، تەنیا باسی داشکاندنی چەند دینارێکی کەم لە نرخی بەنزیندا بکەن . کاتێک شۆفێرێکی ماندوو لە گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاویندا، لە ڕیزێکی درێژی بەنزینخانەیەکدا کاتژمێرەها دەوەستێت بۆ ئەوەی چەند سەد دینارێک لە پڕکردنی تانکیی ئۆتۆمبێلەکەیدا پاشەکەوت بکات، بە تەواوی لەبیری دەچێتەوە کە ئەو لەسەر خاکێک دەژی کە دەبوو داهاتی نەوتەکەی ژیانێکی پڕ لە خۆشگوزەرانی و کەرامەتداری بۆ خۆی و منداڵەکانی دابین بکردایە . نوخبەی سیاسی و دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە زۆر وەستایانە و بە مەبەست، ئاراستەی گفتوگۆ و داواکارییەکانی شەقامیان لە پرسیارە ستراتیژی و گەورەکانی وەک شەفافیەت لە گرێبەستە نەوتییەکاندا، دیارنەمانی ملیارەها دۆلاری داهاتی گشتی، و نەبوونی ژێرخانی ئابووری، بچووک کردووەتەوە بۆ شەڕە پەڕۆیەکی بێمانا لەسەر جیاوازیی نرخی سوتەمەنی لە نێوان شارەکاندا .

ئەمە گەورەترین سووکایەتییە بە عەقڵی کۆمەڵگایەک کە ڕۆژانە دەبینێت سامانی ژێر زەوییەکەی دەردەهێنرێت و لە بازاڕەکانی جیهاندا دەفرۆشرێت، کەچی خۆی دەبێت وەک سواڵکەرێک چاوەڕێی سۆز و بەزەیی بەرپرسان بێت بۆ ئەوەی بڕێک داشکاندنی کاتیی بۆ بکرێت . دەسەڵاتداران دەیانەوێت گەنجان و ڕۆشنبیران لە جیاتی ئەوەی داوای ڕوونکردنەوە بکەن لەسەر ئەوەی چۆن نەوتی نیشتمان بووەتە موڵکی چەند خێزان و کۆمپانیایەکی حزبی، وزەی خۆیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ سوپاسکردنی ئەم بەرپرس یان ئەو حزب خەرج بکەن کە گوایە نرخی بەنزینی کەمێک هەرزان کردووە . ئەم داڕمانە گەورەیە لە ئاستی هۆشیاری و داواکاریی گشتیدا، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی کە سیستەمەکە چۆن مرۆڤی کوردی لە خاوەن مافێکی ڕاستەقینە لە سامانی نەتەوەییەوە، گۆڕیوە بۆ کڕیارێکی هەژار کە تەنیا بەدوای هەرزانترین کاڵادا دەگەڕێت و چاوەڕوانییەکانی بەرتەسک کراونەتەوە .

کاتێک وڵاتێک دەتوانێت ببێتە هێزێکی گەورەی ئابووری لە ناوچەکەدا، بەڵام دەسەڵاتەکەی خەڵکەکەی بە قەیرانی لاوەکی و دابەزاندنی چەند دینارێکەوە سەرقاڵ دەکات، ئەوە دەسەلمێنێت کە ئامانجی ی ئەم حوکمڕانییە خزمەتکردن نییە، بەڵکو درێژەدانە بە تاڵانکردنی ئەو بیرە نەوتانەی کە خەڵکەکەی لەسەری دانیشتوون بەڵام تەنیا بۆنی دووکەڵەکەیان پێدەگات . ئەم جۆرە لە سیاسەتکردن نەک هەر ئابووریی وڵاتی وێران کردووە، بەڵکو کەرامەتی هاوڵاتیشی خستووەتە ژێر پێ، چونکە هیچ شتێک لەوە ئازاربەخشتر نییە کە بزانیت خاکەکەت دەوڵەمەندترین خاکی ناوچەکەیە، بەڵام تۆ دەبێت بەردەوام لە دڵەڕاوکێی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنیدا بژیت و خەونەکانت هێندە بچووک بکرێنەوە کە تەنیا لەناو تانکیی ئۆتۆمبێلەکەتدا جێیان ببێتەوە . ئەمەیە ئەو واقیعە تاڵەی کە تێیدا دزینی ملیارەها دۆلار بە بێدەنگی تێدەپەڕێت، بەڵام بۆ دابەزاندنی پەنجا دینار لە نرخی سوتەمەنیدا، دەیان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندنی سەرکەوتن دەبەسترێت، تا هاوڵاتی بە تەواوی لەناو ئەم وەهمەدا ون بێت و هەرگیز نەتوانێت چاوی هەڵبڕێت و داوای ئەو مافە زەوتکراوانە بکات کە لە بنەڕەتدا موڵکی خۆیەتی

بابەتى تر

👤
Live: 98 Today: 1,537 📊 Click Here