کارەبای ٢٤ کاتژمێریدا چی بەسەر هات؟
محمد ئەحمەد قادر
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا بە زنجیرەیەک پڕوپاگەندەی میدیایی زەبەلاحەوە پڕۆژەکانی وەک “ڕووناکی” ڕاگەیاند و وەها وێنای کرد کە ئیتر سەردەمی تاریکی کۆتایی هاتووە و کوردستان دەچێتە ناو قۆناغێکی مێژوویی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییەوە. بەرپرسان لەسەر شاشەکان بە شانازییەوە مژدەی ئەوەیان دەدا کە ئەو خەونەی بۆ دەیان ساڵە هاوڵاتیی کورد چاوەڕێی دەکات، لەسەر دەستی ئەم کابینەیە بووەتە واقیع، و “کوردستانێکی ڕووناکتر” ئیتر لە بەردەستدایە.
بەڵام کاتێک هاوڵاتییەک دوای ئەم هەموو بەڵێنە گەورانە هێشتا دەبێت مانگانە بڕێکی خەیاڵی پارە بە خاوەن مۆەلیدەی گەڕەکەکەی بدات بۆ ئەوەی منداڵەکانی لە گەرمادا نەسووتێن یان لە سەرمادا نەبنە سەهۆڵ، بە گاڵتەجاڕییەوە پرسیار دەکات: ئەرێ بەڕاست چی بەسەر ئەو کارەبا ٢٤ کاتژمێرییەدا هات کە دەبوو گەورەترین دەستکەوتی ئەم حکومەتە بێت؟ بۆچی جارێکی تر خەڵک ناچارکراوەتەوە بگەڕێتەوە بۆ ژێر ڕەحمەتی دەنگی بێزارکەر و دووکەڵی ژەهراویی مۆەلیدە ئەهلییەکان و خۆیان لەگەڵ خشتەی بڕانی کارەبادا بگونجێنن؟ ئەگەر ئەمە گەورەترین دەستکەوتی حکومەت بووبێت، ئیتر بۆچی لەگەڵ یەکەمین شەپۆلی گەرما یان سەرمادا، ئەم “دەستکەوتە” وەکو بەفر دەتوێتەوە و وڵات نوقمی تاریکی دەبێت؟ کێشەکە لە خودی دروشمەکان و بەڵێنی دابینکردنی کارەبادا نییە، بەڵکو کێشە گەورەکە لەوەدایە کە ئایا ئەم پڕۆژانە لە بنەڕەتدا بەردەوام و واقیعی بوون، یان تەنیا بۆ کەمپینێکی کاتی و ڕازیکردنی کاتیی شەقام ڕاگەیەندراون؟ کاتێک حکومەت کۆنترۆڵی سێکتەری کارەبا دەداتە دەست کۆمپانیا ئەهلییەکانی سەر بە حیزب و هاوڵاتییان ناچار دەکات باجێکی قورس بۆ سمارتمیتەرەکان بدەن، کەچی هێشتا ژێرخانی بەرهەمهێنان لاوازە، ئەمە پیشانی دەدات کە پڕۆژەکان زیاتر بۆ قازانجی بازرگانی دروستکراون نەک بۆ خزمەتی گشتی.
خەڵکی کوردستان دوای دەیان ساڵ لە چاوەڕوانی و پێدانی ملیارەها دۆلار لە داهاتی نەوت، چاوەڕێی چارەسەرێکی هەمیشەیی و بنەڕەتی بوون، نەک تەنیا نمایشێکی کاتیی تەلەفزیۆنی کە بۆ چەند ڕۆژێک کارەبایان پێ بدات و دواتر بە پاساوی “نەبوونی سووتەمەنی” و “کێشەی تەکنیکی” دووبارە بیانگەڕێنێتەوە بۆ سەدەکانی پێشوو. کاتێک کارەبا لە وڵاتێکی پڕ لە گاز و نەوتدا دەبێتە خەون، ئەمە مانای ئیفلیجبوونی تەواوەتیی سیستەمێکی حوکمڕانییە کە ناتوانێت سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان دابین بکات















Post Comment