مەسرور بارزانی بەڵێنی داهاتووی دا، بەڵام هاوڵاتییان ڕابردوویان بۆ گەڕایەوە!

مەسرور بارزانی بەڵێنی داهاتووی دا، بەڵام هاوڵاتییان ڕابردوویان بۆ گەڕایەوە!

جار بینراوە: (70)

ئەرسەلان عەلى ڕەشەید

بۆ ماوەی چەندین دەیە، نەبوونی کارەبا یەکێک بووە لە دیارترین و شەرمهێنەرترین شکستەکانی خزمەتگوزاریی گشتی لە هەرێمی کوردستاندا، بۆیە کاتێک مەسرور بارزانی و کابینەکەی بەڵێنی کۆتاییهێنان بەم قەیرانەیان دا و پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان ڕاگەیاند، هاوڵاتییان بۆ ساتێک باوەڕیان کرد کە ئیتر سەردەمی تاریکی و مۆەلیدە ئەهلییەکان بەڕاستی کۆتایی هاتووە. حکومەت وەها وێنای دەکرد کە هەرێمی کوردستان هەنگاو دەنێتە ناو داهاتوویەکی مۆدێرنەوە، و ئیتر هاوڵاتیی کورد پێویست ناکات گوێی لە دەنگی بێزارکەری مۆەلیدەی گەڕەکەکەی بێت یان مانگانە دوو جۆر پارەی کارەبا بدات.

بەڵام ئەم خەونە پەمەییە تەنیا چەند مانگێکی خایاند و هەر زوو شەقام تووشی شۆکێکی گەورە بووەوە کاتێک بینییان ئەو داهاتووەی بەڵێنیان پێدرابوو، لە ڕاستیدا تەنیا گەڕانەوەیەکی خێرا بوو بۆ هەمان ڕابردووە تاریک و پڕ لە قەیرانەکەی جاران! ئەمە ئەو کۆمیدیایەیە کە تێیدا دەسەڵاتدارێک باس لە “حکومەتی ئەلکترۆنی” و “پێشکەوتنی تەکنەلۆژی” دەکات، کەچی هاوڵاتییەکەی دەبێت وەک دەیەکانی ڕابردوو چاوەڕێی کاتی هاتنەوەی کارەبای نیشتمانی بکات و خشتەی ژیانی لەسەر بنەمای بڕانی کارەبا ڕێکبخات. پرسیارە جەوهەرییەکە کە ڕۆژانە لەسەر زاری خەڵکە ئەوەیە: ئەگەر ئەو چارەسەرەی حکومەت بانگەشەی بۆ دەکرد ڕاستەقینە و بنەڕەتی بوو، ئیتر بۆچی هەمان کێشە کۆنەکە دیسانەوە گەڕایەوە؟ بۆچی لە هەرێمێکدا کە بەردەوام باس لە زیادکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان لە کەرتی وزەدا دەکرێت، هێشتا مۆەلیدەی ئەهلی تاکە فریادڕەسی هاوڵاتییانە؟ ڕاستییەکە ئەوەیە کە چارەسەرەکان ڕاستەقینە نەبوون، بەڵکو تەنیا مانۆڕێکی کاتی بوون بۆ کڕینی کات و کەمکردنەوەی فشاری شەقام.

کاتێک حکومەت نەتوانێت ژێرخانێکی بەهێز بۆ وێستگەکانی گازی سروشتی دابین بکات و هێشتا چاوەڕێی سووتەمەنی بێت، و لە هەمان کاتدا سێکتەری کارەبا وەکو سەرچاوەیەکی داهات بۆ کۆمپانیا حیزبییەکان سەیر بکات، ئیتر مەحاڵە چارەسەرێکی هەمیشەیی بێتە ئاراوە. خەڵکی کوردستان باجی گەورەیان بۆ ئەم بەڵێنانە داوە، بەڵام لەبری ئەوەی ببنە خاوەنی داهاتوویەکی ڕووناک، حکومەت تەنیا ڕابردوویەکی پڕ لە تاریکی و گیرفانێکی خاڵیتری بۆ گەڕاندنەوە

بابەتى تر

👤
Live: 115 Today: 1,564 📊 Click Here