مونا قەهوەچی: نابێت بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی سیاسی هێرش بکرێتە سەر قەوارەی هەرێم

مونا قەهوەچی: نابێت بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی سیاسی هێرش بکرێتە سەر قەوارەی هەرێم

جار بینراوە: (6)

-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی حوزەیرانی 2026، مونا نەبی قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، لە پەیامێکدا بەرگری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەم هەرێمە بە بڕیارێکی کاغەزی یان بەخشینێکی سیاسی دانەمەزراوە، بەڵکو بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە و قوربانییەکی گەورەیە.

مونا قەهوەچی ئاماژەی بەوە کرد، جێی داخی گەورەیە کە سەرۆکی حزبێکی کورد دژی قەوارە و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بوەستێتەوە، وتیشی: “رەخنەی بەرپرسانە پێویستە، بەڵام کاتێک هێرش بۆ سەر قەوارەی هەرێم دەکرێت بۆ ئەوەی هەڵە و شکستی سیاسی پەردەپۆش بکرێت، ئەوا خزمەت بە چاکسازی ناکات، بەڵکو زیان بە بەرژەوەندی گشتی و متمانەی خەڵک دەگەیەنێت”.

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان جەختی لەوە کردەوە، ئەوانەی لە پێناو دەستکەوتی کاتی و بەرژەوەندی حزبی هەوڵی لاوازکردنی دامەزراوەکانی هەرێم دەدەن، دەبێت بزانن کە مێژوو هەمیشە هەڵوێستی نیشتیمانی و نانیشتیمانی لێک جیا دەکاتەوە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، قەهوەچی دووپاتی کردەوە کە بەرگری لە هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی، بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و نابێت بکرێتە ئامرازێک بۆ پەردەپۆشکردنی هەڵە و کەموکوڕییە سیاسییەکان.

بابەتى تر

👤
Live: 94 Today: 1,431 📊 Click Here