٣٩ بەرامبەر ٣٩: حکومەتسازی یان جەنگی ساردی سیاسی
محمد عەلى موراد
گۆڕەپانى سیاسى کوردستان وەکو شەترەنج کە تێیدا دوو یاریزان هەر یەکەیان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە شای یارییەکەیە، لە کاتێکدا سەربازەکان یەک لە دوای یەک دەمرن و تەختەکەش خەریکە دەسووتێت، بەڵام هیچ کامیان ئامادە نین یەک هەنگاو لە غروری خۆیان پاشەکشە بکەن. ئەمە ڕێک وێنەی حوکمڕانی و دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێیە لە هەرێمی کوردستان. ەکەی بافڵ تاڵەبانی سەبارەت بە هاوکێشەی “٣٩ بە ٣٩” کورسی، لە بنەڕەتدا کێشەی بیرکاری نییە و بە ڕێزگرتن لە دەنگی دەنگدەرانەوە نییە؛ ئەمە ڕاگەیاندنی جەنگێکی ساردی سیاسییە دژی ئەو سیستەمەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت بە ناوی “زۆرینەی هەڵبژاردن”ەوە بیسەپێنێت. پارتی پێی وایە ژمارەی کورسییەکان دەبێت ببێتە کلیلی کۆنترۆڵکردنی ڕەهای سەرجەم جومگەکانی حکومەت، لە کاتێکدا یەکێتی پێداگری دەکات کە سەقامگیریی هەرێم پێویستی بە دابەشکردنی دەسەڵاتە بە شێوەی “هاوبەشیی ڕاستەقینە”. لە نێوان ئەم دوو تێڕوانینەدا، ئەوەی دەدۆڕێت تەنیا یەک شتە: ژیان و کەرامەتی هاووڵاتییان.
کێشەکە ئەوەیە کە هیچ یەکێک لەم دوو هێزە، دامەزراوەکانی دەوڵەت وەک ئامرازێک بۆ خزمەتگوزاری سەیر ناکەن؛ بۆ ئەوان، حکومەت تەنیا کۆمپانیایەکی هاوبەشە کە دەبێت پشکەکانی بەسەر سەرکردەکاندا دابەش بکرێت. کاتێک پارتی باس لە “سەرکردایەتی بەپێی ئەنجام” دەکات، مەبەستی چەسپاندنی دەسەڵاتی بنەماڵەیە بەسەر سەرچاوەکانی داهات و بڕیاری سیاسیدا. لە بەرامبەردا، کاتێک یەکێتی باس لە “هاوبەشیی ڕاستەقینە” دەکات، مەبەستی گێڕانەوەی مافی پێشمەرگە یان موچەخۆر نییە؛ بەڵکو دەیەوێت دڵنیا بێت لەوەی کە لە دابەشکردنی نەوتی دزراو و ئابووری سێبەردا پشکی شێری بەردەکەوێت. ئەم هاوکێشەیەی ٣٩ کورسییە، تەنیا پاساوێکە بۆ مانەوە لە دۆخی چەقبەستووییدا، چونکە هەردوو لایەن دەزانن هەر کاتێک حکومەتێکی دامەزراوەیی و شەفاف دروست بێت، کۆتایی بە بەرژەوەندییە تەسکەکانی کۆمپانیا حزبییەکان دێت.
” لە هەموو کۆمەڵگایەکدا… دوو چین دەردەکەون، چینێک کە فەرمانڕەوایە و چینێک کە فەرمانی بەسەردا دەکرێت” ئەمەش ڕێک ئەو مۆدێلەیە کە لە بۆسنەی دوای جەنگدا بینرا، کاتێک سێ نەتەوە جیاوازەکە حکومەتیان کردە قوربانیی پشکی حزبی و نەتەوەیی، و وڵاتەکەیان خستە ناو ئیفلیجییەکی سیاسیی هەمیشەییەوە. دەسەڵاتدارانی ئێمەش، نەک هەر نایانەوێت دەوڵەتێکی نیشتمانی بونیاد بنێن، بەڵکو خودی دیموکراسی و هەڵبژاردنیان کردووەتە چەکێک بۆ پارچەپارچەکردنی کۆمەڵگا. ئەوان لەبری ئەوەی کێبڕکێ لەسەر پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بکەن، کێبڕکێ لەسەر ئەوە دەکەن کێ دەتوانێت باشتر میللەت بکاتە بارمتەی داواکارییە حزبییەکانی، و پەرلەمانیشیان کردووەتە تەنیا ژوورێکی چاوەڕوانی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکانیان.















Post Comment