عەجاج و قەڵای نوگرەسەلمان: کاتێک مەرگ دەبێتە کلیلێکی ونبوو
لە یادی برینی ساڕێژنەبووی ئەنفالدا، کاتێک ناوی “عەجاج” (ئەیاد تەها شەهاب) دەبیستین، یەکسەر وێنەی قەڵایەکی کۆن و ترسناک لە ناو جەرگەی بیابانەکانی سەماوەدا دێتە بەرچاومان؛ قەڵای نوگرەسەلمان. ئەو شوێنەی تەنها زیندان نەبوو، بەڵکو تاقیگەیەک بوو بۆ تاقیکردنەوەی ئاستی بەرگەی مرۆڤ لەبەردەم برسییەتی، تینوێتی و بێڕێزیکردن.
ئێستا کە بڕیاری لەسێدارەدانی عەجاج دەرچووە و چاوەڕێی جێبەجێکردن دەکات، ئێمە لەبەردەم ساتێکی مێژوویی مەترسیداین. عەجاج بۆ کورد تەنها تاوانبارێک نییە کە چاوەڕێی پەتی سێدارە بکات، بەڵکو ئەو “ی زیندووی” هەموو ئەو تاوانانەیە کە لە ناو قەڵای نوگرەسەلمان و بیابانەکانی دەوروبەریدا ئەنجام دراون.
نوگرەسەلمان؛ شوێنی سڕینەوەی مرۆڤایەتی
ئەوانەی لەو دۆزەخە ڕزگاریان بووە، عەجاج وەک “ئەهریمەنی مەرگ” وەسف دەکەن. ئەو دەیزانی چەند منداڵ لە باوەشی دایکیاندا بەهۆی بێدەرمانی مردن، ئەو دەیزانی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی لە دەوروبەری قەڵاکەدا هەڵکەنران لە کوێن، و ئەو دەیزانی کێ بوون ئەو جەلادانەی شەوانە زیندانییەکانیان بۆ شوێنێکی نادیار دەبرد.
بۆچی “مانەوەی” ئێستا گرنگترە لە “مردنی”؟
لەسێدارەدانی عەجاج لەم ساتەدا و بەبێ وەرگرتنی زانیاریی تەواو، واتە “پاداشتدانی تاوانبار”. مردن بۆ کەسێکی وەک ئەو، ڕزگاربوونە لە بەرپرسیارێتی و شاردنەوەی هەتاهەتایی بەڵگەکانە.
١. کوشتنی ڕاستییەکان: عەجاج کۆگایەک بوو لە زانیاری ی ئەو جەلادە “سێبەرانەی” کە لەو دڕندەتر بوون. بە کوشتنی ئەو، ئێمە دەرفەتی ناسینی دەیان بکوژی ترمان لەدەستدا کە ڕەنگە هێشتا لە ژیاندا مابن.
٢. بەردەوامیی ئازاری کەسوکاری قوربانییان:کاتێک عەجاج لەسێدارە دەدرێت بەبێ ئەوەی ناچار بکرێت شوێنی ڕووفاتەکان ئاشکرا بکات، بۆ هەمیشە مافی “ناشتنێکی شایستە” لە هەزاران خێزانی کورد زەوت دەکرێت. ئێمە جەلادەکەمان کوشت، بەڵام نەمانتوانی “ئارامی” بۆ دڵی دایکان بگەڕێنینەوە.
بانگەوازێک پێش ئەوەی پەتەکە بخرێتە ملی!
مادام هێشتا حوکمەکە جێبەجێ نەکراوە، ئەمەدوایین دەرفەتە. نابێت ڕێگە بدرێت عەجاج بێدەنگ بکرێت. دەبێت لایەنە دارەکان لە هەرێمی کوردستان و دادگای باڵای تاوانەکان، فشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی:
* پێش جێبەجێکردنی سێدارە، لیژنەیەکی پسپۆڕ ناچاری بکات نەخشەی وردی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بکێشێت.
* هەموو ئەو ناوانە ئاشکرا بکات کە لەو سەردەمەدا هاوکاری بوون لە چەوساندنەوەی کورداندا.
عەجاج دەمرێت، بەڵام با ڕێگە نەدەین نهێنیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی نوگرەسەلمان لەگەڵ خۆی بباتە ژێر خاک. سزا بۆ عەجاج، تەنها وەرگرتنی گیانی ئەو نییە، بەڵکو “قسەکردنە”. سێدارە بەبێ ئاشکراکردنی گۆڕەکان، تەنها شاردنەوەی دووبارە قوربانییەکانە و دواین “تاوانی” ئەم جەلادەیە بەرامبەر بە گەلی کورد.















Post Comment