کابینەی مەسرور بارزانی تەنها لە دروستکردنی کەلەپچە بۆ ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان سەرکەوتوو بوو

کابینەی مەسرور بارزانی تەنها لە دروستکردنی کەلەپچە بۆ ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان سەرکەوتوو بوو

جار بینراوە: (8.8K)

شوان عبدالرحمن حارس




شۆفێرێک کە پاسێکی پڕ لە سەرنشین بەرەو هەڵدێرێک دەبات، بەڵام لەبری ئەوەی ئیستۆپ بکات و ڕێڕەوی مەترسیدارەکە بگۆڕێت، دەرگاکانی پاسەکە دادەخات، ڕووناکییەکان دەکوژێنێتەوە، و دەست دەکات بە لێدانی ئەو سەرنشینانەی کە لە ترسی مەرگ هاوار دەکەن و باسی داڕمانەکە دەکەن! لێرەدا کێشەکە ئەوە نییە کە ئۆتۆمبێلەکە خراپ بووە، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە کە شۆفێرەکە دەیەوێت بە زۆر مەرگ وەک چارەنووسێکی سروشتی بەسەر سەرنشینەکاندا بسەپێنێت! ئەمە ڕێک وێنەی ئەو کارەساتەیە کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا بە ناوی کابینەی نۆیەمەوە دەگوزەرێت؛ دەسەڵاتێک کە نەتوانێت کارەبای نیشتمانی دابین بکات و مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی بدات، بەڵام خاوەنی سوپایەک لە پۆلیسی سێبەر و ئامێری تیرۆری دەروونی بێت بۆ ئەوەی هەر ڕۆژنامەنووسێک کە پەنجە دەخاتە سەر ئەم شکستە، دەستبەجێ بە پەڕاوی دروستکراو ڕاپێچی زیندانی بکات!
ئەم حکومەتە ئیفلیجکراوە، کە پەرلەمانی بێدەنگکراوی وەک دیوارێکی بێگیان جێهێشتووە، تەواوی وزەی خۆی تەرخان کردووە بۆ پاراستنی حوکمی خێزانی و قۆرخکاری بازاڕ. کاتێک هاوڵاتییەک بۆ پاروویەک نان و بۆ غازی ماڵەوە دەناڵێنێت، تاڵانچییەکان لە پشتی پەردەوە خەریکی ئەوەن چۆن دادگاکانی کارتۆنی بەکاربهێنن بۆ سەرکوتکردنی مەدەنی و خنکاندنی هەر دەنگێک کە پرسیار لەسەر سامانی ونبوو و نەوتی دزراو بکات. لێرەدا سەروەریی یاسا بوونی نییە، ئەوەی هەیە تەنها یاسای دارستانە کە تێیدا حەقیقەت گەورەترین تاوانە و بێدەنگیش تاکە مەرجی مانەوەیە!
ئێدمۆند بێرک دەڵێت: “یاسا خراپەکان، دڕندەترین جۆری ستەمکارین”! ئەم خوێندنەوەیە ڕێک پێناسەی ئەو مۆدێلەیە کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کڵێسا پەیڕەوی دەکرد، کاتێک دادگاکانی پشکنین یاسایان بۆ سوتاندنی زانا و بیرمەندەکان بەکاردەهێنا لەبری پاراستنی خەڵک، تەنها بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ڕەهای خۆیان بپارێزن و سامانی گشتی بە ئارەزووی خۆیان بخۆن! ئەمڕۆ لە نیشتمانی ئێمەشدا هەمان ستەمکاری لەسەر دەستی کابینەی مەسرور بارزانی دووبارە دەبێتەوە؛ دەزگاکانی حکومەت کە دەبوو خزمەتی هاوڵاتی بکەن، ئێستا بوونەتە ئامێری ڕفاندنی سیاسی و سەپاندنی سزای پێشوەختە بەسەر هەر کەسێکدا کە داوای مافە سادەکانی وەک کارەبا و مووچە بکات!
لە سایەی ئەم دۆخەدا، ئازادی بووەتە درۆیەک کە تەنها لەسەر شاشەی میدیای سێبەر دەبینرێت، بەڵام لەسەر شەقام و لەناو فەیسبووکدا، فەزایەک لە چاودێریی فاشیستی باڵی کێشاوە. هەر گەنجێک یان چالاکوانێک بیەوێت پەردە لەسەر داهاتی قاچاخی سنوور و کۆمپانیاکانی حیزب هەڵبداتەوە، دەستبەجێ دەبێتە قوربانیی ئەو دەزگا ئەمنییانەی کە لەبری پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، تەرخان کراون بۆ پاسەوانیکردنی خەزێنەی بەتاڵکراو و پاراستنی بەرژەوەندیی ئەو مافیایانەی بازرگانی بە ژیانی خەڵکەوە دەکەن.

👤
Live: 72 Today: 2,218 📊 Click Here