سزادانی ڕەخنە خێراترە لە لێپرسینەوەی گەندەڵی

سزادانی ڕەخنە خێراترە لە لێپرسینەوەی گەندەڵی

جار بینراوە: (1)

ئاکام خالید

لە پاڵ مانەوەی شێروان شێروانی و ڕۆژنامەنووسانی تر لە پشتی شیشەکانەوە، ئیتر درۆی سەروەریی یاسا بەتەواوی ئابڕووی چوو و پەردە لەسەر ڕوخساری قێزەونی دەسەڵات هەڵماڵرا ! ئەم پیاوە و زیندانیانی تری ویژدان، بوونەتە قوربانیی سیستەمێک کە پەڕاوەکانی بۆ دۆزینەوەی پاساوێکی یاسایی دژی ڕۆژنامەنووسان بە خێرایی تیشک هەڵدەداتەوە، کەچی لە ئاست ونبوونی ملیارەها دۆلاری نەوتی دزراو و قۆرخکاریی کۆمپانیاکانی حیزبدا، تووشی ئیفلیجییەکی ئەبەدی دەبێت !

“یاساکان وەک تەونی جاڵجاڵۆکە وان؛ بێهێزەکان دەگرن، بەڵام دەسەڵاتدارەکان دەیپچڕێنن و تێدەپەڕن” ئەمە هەمان ئەو درکپێکردنە مێژووییەیە کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بۆ دادگاکانی پشکنین لە ئەوروپا دەگوترا، کاتێک قەشەکان یاسایان بۆ سوتاندنی زانا و بیرمەندەکان بەکاردەهێنا لەبری جێبەجێکردنی دادپەروەری ! ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا، هەمان ئەو مۆدێلە لەلایەن دادوەرەکانی سێبەرەوە دووبارە دەکرێتەوە، کە تێیدا حەقیقەت بووەتە گەورەترین تاوان و بێدەنگییش وەک تاکە مەرجی ژیان بەسەر هاوڵاتیاندا دەسەپێنرێت !

ئایا چ کارەساتێک لەمە گەورەترە کە دامەزراوەکانی دەوڵەت ببنە ئامرازی پاسەوانیکردنی ئەو نوخبەیەی کە قەیرانی دروستکراو بەرهەم دەهێنێت ! زیادکردنی سزای ڕۆژنامەنووسێک لە ساتی چاوەڕوانیی ئازادبوونیدا، تەنها سەلماندنی ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە لەم هەرێمەدا دادگاکانی کارتۆنی هیچ نین جگە لە لقی ئەمنی و سەرکوتکردنی دەسەڵاتداران ! ئەم هەنگاوە نەک تەنها بۆ تیرۆرکردنی خامەیە، بەڵکو بۆ چاندنی تۆوی ترسە لە دڵی هەر هاوڵاتییەک کە بیەوێت پرسیار لەسەر سامانی ونبوو و داهاتی دەروازە سنوورییەکان بکات !

کاتی ئەوە هاتووە لەم شانۆگەرییە قێزەونە تێبگەن و بێدەنگی بشکێنن ! واز لە چاوەڕوانیی دادپەروەری بهێنن لە سیستەمێکدا کە خۆی ئەندازیاری ستەمکارییە و دادگاکانی کردووەتە قەسابخانەی وشە و ئازادی ! با ترسی گەورەی ئەم نوخبە تاڵانچییە لە قەڵەمێک و چەند وشەیەکی ڕاستگۆیانە، ببێتە بەهێزترین بەڵگە بۆ ئێوە کە ئەم کۆشکە لەرزۆکانەیان چەندە لە حەقیقەت و لە دەنگی یەکگرتوو و تووڕەی ئێوە دەترسن !

بابەتى تر

👤
Live: 106 Today: 1,993 📊 Click Here