پارتی و شاخەوان عەبدوڵا دژی ئەوە دەوەستنەوە کە خۆیان دروستیان کردووە

پارتی و شاخەوان عەبدوڵا دژی ئەوە دەوەستنەوە کە خۆیان دروستیان کردووە

جار بینراوە: (9)

احمد حميد محمد

هاوشێوەى شانۆکارێک لەسەر تەختەی شانۆکە بە دەنگی بەرز هاوار دەکات کە بیناکە ئاگری گرتووە و داوا لە خەڵک دەکات ڕابکەن، بەڵام کاتێک کامێراکان دەکوژێنەوە، هەمان ئەکتەر چەرخەکەی دەخاتەوە گیرفانی و دەچێتە پشت پەردە بۆ دابەشکردنی پارەی بلیتەکان لەگەڵ خاوەنی شانۆکە. شاخەوان عەبدوڵا و پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێک ئەم شانۆگەرییە قێزەونە لە بەغدا پێشکەش دەکەن؛ لە کاتێکدا بە ناوی بایکۆت و پاراستنی مافی نەتەوەییەوە خۆیان وەک قوربانی و ئۆپۆزسیۆن نیشان دەدەن، لە ژوورە تاریکەکاندا خەریکی ڕێککەوتنن بۆ پاراستنی پشکی خۆیان لە سامانی ونبوو و گەرەنتی کردنی ئەو ئابوورییە سێبەرەی کە دەسەڵاتی بنەماڵەی لەسەر وەستاوە. بایکۆتکردنی پەرلەمان لەلایەن ئەوانەوە، هیچ کاتێک لە پێناو نانی خەڵک و دادپەروەریدا نەبووە، بەڵکو تەنها کارتێکی فشارە بۆ ئەوەی لە سیستەمی پشک پشکێنەدا، پشکی کۆمپانیا حزبییەکان لە بودجەی فیدراڵی کەم نەکات.

کاتێک شاخەوان عەبدوڵا وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی شەراکەت دەکات، ئەمە بانگەوازێک نییە بۆ بونیادنانی دەوڵەت، بەڵکو داواکارییەکە بۆ درێژەدان بەو تۆڕە مافیاییەی کە نیشتمانیان لە نێوان میلیشیاکانی بەغدا و تاڵانچییەکانی هەولێردا دابەش کردووە. پارتی لە بەغدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە قوربانیی هێزی تاریکی و بڕیاری تاکڕەوانەیە، کەچی خۆی لە کوردستان هەمان ئەو هێزە ئەمنییانە بۆ سەرکوتکردنی مەدەنی و پاراستنی نەوتی دزراو بەکاردەهێنێت. ئەوان دەیانەوێت هاوڵاتیی کورد قەناعەت پێ بکەن کە دوژمن تەنها لە باشوورەوە دێت، تاوەکو چاو لەو تاڵانییە ناوخۆییە بپۆشن کە ڕۆژانە بە ناوی باجی ناڕەوا و قاچاخچێتی سنوورەوە گیرفانەکانیانی پێ خاڵی دەکرێت.

پێموایە کە  “تەنها دەرکەوتنی ڕواڵەتی حکومەتێک زۆرجار بەسە بۆ ئەوەی خەڵک ملکەچی بن” ئەمەش هەمان ئەو درۆ گەورەیە بوو کە لە سیاسەتی ئەفریقای باشووردا هەبوو لە کاتی ڕێککەوتنی دەستەبژێرەکاندا، کاتێک سیاسییەکان بە ڕۆژ بۆ چەواشەکردنی خەڵک دژی یەکتر لێدوانیان دەدا و بە شەویش لەسەر یەک مێز داهاتی کانزاکانیان دابەش دەکرد. بەڵام ئەم فەنتەڵۆسانەی ئێمە، لەوانەش ڕووقایمترن؛ ئەوان تەنانەت لە ناو جەرگەی دەسەڵاتدان، کەچی ی ئۆپۆزسیۆن بەکاردەهێنن و دەیانەوێت قەیرانی دروستکراوی خۆیان وەک دەسکەوتی نەتەوەیی بفرۆشنەوە بە میللەتێک کە پارەی کڕینی مۆەلیدە و ئاوی پاکی نەماوە.

دەبێت تێبگەین کە کاتێک حیزبێک هەم بەشێک بێت لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و هەمیش خۆی وەک ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی نمایش بکات، ئەوە نیشانەی زیرەکی نییە، بەڵکو نیشانەی گەورەترین دزیی سیاسییە لە مێژوودا. سیاسەتی پارتی لە بەغدا بەڕابەرایەتی شاخەوان، تەنها شەڕێکە بۆ ڕێگریکردن لە هەر گۆڕانکارییەک کە مەترسی بخاتە سەر دەسەڵاتی بنەماڵە، نەک بەرگریکردن لە شایستە داراییەکانی ئێوە. بڕوابوون بەم دووفاقییە، واتە ڕازیبوون بەوەی کە ئەوان بۆ هەمیشە وەک مەڕ بەکاری خۆیانمان بهێنن و لە کۆتاییشدا لە بازاڕی بەغدا بمانفرۆشنەوە

بابەتى تر

👤
Live: 90 Today: 2,001 📊 Click Here