کارتی بریقەدار و سکی خاڵی
محمد سەمەد مەحممود
نەخۆشێکی لەپێکەوتوو کە خوێنی لێ دەڕوات، لەبری نەشتەرگەری و دەرمان، تەنها پلاستەرێکی ڕەنگاوڕەنگی لەسەر برینەکەی بۆ دادەنرێت تاوەکو لە وێنەکاندا جوان دەربکەوێت. مامۆستایەکی ماندوو لە بەردەم ئامێرێکی پارەڕاکێشاندا وەستاوە، سەیری شاشەیەکی ڕووناک دەکات کە تێیدا مووچەکەی بووەتە ژمارەیەکی ئەلیکترۆنی، بەڵام هێشتا ناتوانێت یەک دینار ڕابکێشێت بۆ کڕینی نانی ماڵەکەی. ئەم حکومەتە تەنها شارەزای گۆڕینی فۆڕمی ئازارەکانە؛ نەخۆشییەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، تەنها ئامرازی پێوانەکردنی مردنەکە مۆدێرن کراوە.
لەبری ئەوەی خەزێنەی بەتاڵ پڕبکرێتەوە و کۆتایی بە قەیرانی دروستکراو بهێنرێت، دەسەڵات دەیەوێت بە ناوی تەکنەلۆژیاوە شەرعیەت بدات بەو تاڵانییەی ساڵانێکە دەیکات. کاتێک بانکە حیزبییەکان کۆنترۆڵی هەموو جوڵەیەکی دارایی دەکەن و پارەی دزراوی میللەت لە هەژمارەکانی دەرەوەدا دەسوڕێتەوە، پێدانی کارتێکی پلاستیکی بە فەرمانبەران تەنها گاڵتەجاڕییەکە بە عەقڵی گشتی. ئەوان دەیانەوێت بێتوانایی خۆیان لە دابینکردنی شایستە داراییەکان، لە پشت سیستەمێکی ئەلیکترۆنییەوە بشارنەوە، وەک ئەوەی کێشەکە لە شێوازی پارەدانەکەدا بووبێت، نەک لە خودی دزینی پارەکەدا.
“خۆشگوزەرانیی گەل، هەمیشە وەک پاساوێک بووە بۆ ستەمکاران” ئەمەش هەمان شتە کە لە ڕژێمە تۆتالیتارەکانی ئەمریکای لاتین لە سەدەی ڕابردوودا ڕووی دا، کاتێک دیکتاتۆرەکان پرۆژەی مۆدێرنە و سیستەمی نوێیان وەک دەمامکێک بۆ شاردنەوەی داڕمانی ئابووری بەکاردەهێنا. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، هێشتا لەو باوەڕەدان کە دەتوانن بە شاشەیەکی دیجیتاڵی و چەند ئەپڵیکەیشنێکی مۆبایل، ئابووری سێبەر و سامانی ونبوو لە بیر هاوڵاتیان ببەنەوە.
دیجیتاڵکردنی فەشەل، هەر فەشەل بەرهەم دەهێنێت. کاتێک تاڵانچییەکان بودجە و داهاتی ناوخۆ دەخەنە گیرفانی حیزبەوە، کاتێک سەدان هەزار موچەخۆری بن دیوار لە سیستەمەکەدا دەلەوەڕێن، کارتی ئەلیکترۆنی نابێتە فریادڕەس.















Post Comment