دەسەڵات پرۆژەی وەهمی دەفرۆشێت لەکاتێکدا میللەت بێ حاڵە

دەسەڵات پرۆژەی وەهمی دەفرۆشێت لەکاتێکدا میللەت بێ حاڵە

جار بینراوە: (6)

عزیز حسێن عمر

مۆنۆمێنتێک لەسەر زێرابێکی تەواونەکراو بەرز دەکرێتەوە، کامێراکان دەنگی چەپڵە دەگوازنەوە و بەرپرسان زەردەخەنە دەکەن، بەڵام لە ژێر پێیاندا بۆنی گەندەڵی و داڕمان هەموو شارەکەی خنکاندووە. دایکێکی ماندوو لە گەڕەکێکی پەراوێزخراو، هەموو بەیانییەک بە دەبە خاڵییەکانیەوە چاوەڕێی تانکەرێکی ئاو دەکات، لەکاتێکدا لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە کاربەدەستان شریتی سوور بۆ دروستکردنی تاوەرێکی نوێ و شەقامێکی خێرا دەبڕن کە هەرگیز گیرفانی خاڵی ئەو ژنە ناتوانێت پێیدا تێپەڕێت. ئەم دەسەڵاتە تەنها شارەزای بونیادنانی ماکێتە، شانۆیەکە کە تێیدا بینەران دەبێت چەپڵە بۆ شاشەیەکی ڕەنگاوڕەنگ لێبدەن لە کاتێکدا ماڵەکانی خۆیان تاریکە.

کاتێک باس لە چارەسەرکردنی قەیرانی مووچە یان دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەکرێت، خەزێنەی وڵات لەپڕ دەبێتە بیابان و پێمان دەڵێن کە دەبێت بەرگە بگرین؛ بەڵام کاتێک کاتی پرۆژەی وەهمی و ڕاگەیاندنی کارە زەبەلاحەکان دێت، دەبینین کە بودجەی شاراوە وەک جادوو پەیدا دەبێت بۆ ئەوەی کۆمپانیا حزبییەکان گرێبەستەکانی پێ وەربگرن. ئەمانە تاڵانچییەکانن کە بە مەبەست قەیرانی دروستکراو بەرهەم دەهێنن، تاوەکو لە دیوەکەی ترەوە غەسلی پارە بکەن و خۆیان وەک پاڵەوانی ئاوەدانی نیشان بدەن.

“هیچ بەڵگەنامەیەکی شارستانیەت نییە کە لە هەمان کاتدا بەڵگەنامەی بەربەریەت نەبێت. ئەمەش هەمان ئەو درۆ گەورەیە بوو کە لە ڕۆمای کۆندا دەگوزەرا، کاتێک ئیمپراتۆرەکان بۆ شاردنەوەی برسییەتی کۆمەڵگا و داڕمانی ئابووری، کۆلۆسیۆم و گۆڕەپانی گەورەیان دروست دەکرد تاوەکو خەڵک بە یارییەکانەوە سەرقاڵ بکەن. بەڵام ئەم فەنتەڵۆسانەی ئێمە، تەنانەت یارییەکی ڕاستەقینەش پێشکەش ناکەن؛ ئەوان تەنها پارەی دزراوی میللەت لە پرۆژەیەکدا دەشۆنەوە و پێمان دەفرۆشنەوە بە ناوی پێشکەوتن.

ئەو مشەخۆرانەی کە لەسەر بنەمای ئابووری سێبەر و قۆرخکاری بازاڕ پەروەردە بوون، هەرگیز ناتوانن کێشەی نەبوونی کارەبا یان غاز چارەسەر بکەن، چونکە خۆیان دەڵاڵەکانی ئەو قەیرانانەن و باجی ناڕەوا لە خەڵک دەسەنن. .

بابەتى تر

👤
Live: 130 Today: 959 📊 Click Here