ژمارەیەك کەسایەتی و مامۆستای زانکۆ خوازیاری یەکلاکردنەوەی پرسی پەرلەمانی کوردستانن

ژمارەیەك کەسایەتی و مامۆستای زانکۆ خوازیاری یەکلاکردنەوەی پرسی پەرلەمانی کوردستانن

جار بینراوە: (10)

-

لە یاداشتێکدا ژمارەیەك لە نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی
مەدەنی، نوسەران و ڕۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆ و کەسایەتی سیاسی و چین و توێژە
جیاوازەکان جەخت لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسی پەرلەمانی کوردستان دەکەنەوە.

لە یاداشتەکەدا کە ئاراستەی رای گشتی رای گشتی، فراکسۆنەکانی
پەرلەمانی کوردستان و هێزە سیاسیەکان کراوە هاتووە، “زیاتر لە هەژدە مانگ بە
سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت و تا ئێستا
جگە لە سوێند خواردنی ئەندامانی پەرلەمان و جێگیربوونی مووچە و ئیمتیازاتەکانی پەرلەمانتاران،
پەرلەمانی کوردستان هیچ کۆبونەوەیەکی ئەنجام نەداوە و هیچ ئەرکێکی خۆی جێ بەجێ نەکردوە”.

هەروەها هاتووە، “ئەم یاداشتە هەستکردنە بە نیگەرانی و
ناڕەزایی قوڵی خەڵکی کوردستان لەو دۆخە چەقبەستوویەی کە بە هۆی ناکۆکی هێزە سیاسیەکانەوە
هاتۆتە ئاراوە و دامەزراوەیەکی گرنگی وەك پەرلەمانی پەك خستوە”.

دەقی یاداشتەکە:

بۆ بەڕێزان

ڕای گشتی

فراکسۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان

هێزە سیاسیەکان

بابەت: یاداشتی پرسی پەرلەمانی کوردستان

زیاتر لە هەژدە مانگ بە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی
پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت و تا ئێستا جگە لە سوێند خواردنی ئەندامانی پەرلەمان
و جێگیربوونی مووچە و ئیمتیازاتەکانی پەرلەمانتاران، پەرلەمانی کوردستان هیچ کۆبونەوەیەکی
ئەنجام نەداوە و هیچ ئەرکێکی خۆی جێ بەجێ نەکردوە.

ئەوە وێڕای ئەوەی ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و
هەرێمی کوردستان لە هەمووکات زیاتر پێویستی بە پەرلەمانێکی کاراو و پێکهێنانی کابینەی
نوێ هەبووە و هەیە، بەڵام بەداخەوە زۆر خەمساردانە و نا بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ
پرسی پەرلەمانی کوردستان کراوە، ئەوە لە کاتێکدا هەڵبژاردنەکانی عێراق دوای ساڵێك
لە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام پەرلەمان و سەرۆکایەتیەکان
کاران و بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن، وێڕای بوونی ناکۆکی قوڵی نێوان هێزە سیاسیەکان

لە ئێستادا سەرجەم هێزە سیاسیەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی
کوردستان لە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی مێژووی و ئەخلاقی و سیاسی گەورەدان کە لەوە زیاتر
درێژە بەم خەمساردیە نەدەن و هەرێمی کوردستان لە بۆشایی گەورەی نەبوونی پەرلەمانێکی
کارادا نەهێڵنەوە.

ئێمە وەك ژمارەیەك لە نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی،
نوسەران و ڕۆشنبیران ومامۆستایانی زانکۆ و کەسایەتی سیاسی و چین و توێژە جیاوازەکان
لەم یاداشتەدا جەخت لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسی پەرلەمانی کوردستان دەکەینەوە وەك زەرورەتی
ئەم دۆخە چەقبەستوە نەخوازراوەی کە دامەزراوەکانی هەرێمی خستۆتە ژێر پرسیارەوە.

بۆیە لەم یاداشتەدا جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی کە:

*پەرلەمانتاران لە نزیکترین وادەدا کۆبونەوەکانی
پەرلەمان دەستپێبکەنەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن و ئەرکی خۆیان ڕاپەڕێنن لە بەرامبەر
ئەو بەرپرسیارێتیە مێژووییەی کە لە ئەستۆیاندایە، کە بێگومان ئەمە ڕێگا دروستەکەیە

لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی خاڵی یەکەمدا داوا دەکەین بە میکانزمی
گونجاو و رێگای یاسایی پێویست کۆتایی بەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بهێنرێت و چیتر
درێژە بەم دۆخە جەقبەستووە نەدەن، چونکە پەرلەمانێك
بە ئەرکی خۆی هەڵنەستێت و پەك خرابێ و هیچ هەنگاوێکی چارەسەریشی پێ نەبێ، مانەوەی
بەو شێوازە نەنگیەکی گەورەیە ونابێ پەرلەمانتاران لە پێناو هیچ ئیمتیازێکدا قبوڵی
بکەن.

ئەم یاداشتە هەستکردنە بە نیگەرانی و ناڕەزایی قوڵی خەڵکی
کوردستان لەو دۆخە چەقبەستوویەی کە بە هۆی ناکۆکی هێزە سیاسیەکانەوە هاتۆتە ئاراوە
و دامەزراوەیەکی گرنگی وەك پەرلەمانی پەك خستوە.

بۆیە داوا دەکەین فراکسیۆن و هێزە سیاسیەکان بەدەم ئەم یاداشتەوە
بێن و بە ڕوونی ڕای خۆیان بۆ ڕای گشتی خەڵکی
کوردستان لەو بارەوە ڕوون بکەنەوە و هەنگاوی جدی بۆ بنێن.

تێبینی

ئەم یاداشتە پێویستی بە پشتیوانی زۆربەی نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیر
و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چین و توێژەکان هەیە

بۆیە ئەگەر لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەم یاداشتەدایت، ئەوا ناوی خۆت
بنێرە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئاراستەکردن و بڵاوکردنەوەیدا ناوەکان هاوپێچ بکرێن

بابەتى تر

👤
Live: 150 Today: 1,199 📊 Click Here