جەنگی ئیرادەکان: پێوەرەکانی بردنەوە و دۆڕان لە جەنگی هاوچەرخدا:
جەنگی نێوان دەوڵەتان، تەنها پێکدادانێکی فیزیکی و سەربازی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی ئاڵۆزی تاقیکردنەوەی ئیرادەیە، زۆرجار کە باس لە “کۆتایی جەنگ” دەکرێت، ڕاستەوخۆ بیرمان دەچێت بۆ دیمەنی واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی ئاشتی یان کشانەوەی هێزەکان، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدا سەر هەڵدەدا: “ئایا کێ براوەی جەنگە؟” بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەمان دەست بکەوێت پێویستمان بە تێپەڕاندنی دیمەنی ڕووکەشیی جەنگ و قووڵبوونەوەیە لە پێوەرە سیاسی، جیۆپۆلەتیکی و شەرعییەتە نێودەوڵەتییەکان. ئەم ە هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی ئەو پێوەرانەی کە ئاستی سەرکەوتنی ڕاستەقینە و تێچووی بردنەوە لە جەنگی ئیرادەکاندا دیاری دەکەن.
دیدی کلاسیکی بۆ جەنگ:
تێڕوانینی کلاسیکی بۆ جەنگ، کە زیاتر لە ژێر کاریگەری بیرمەندە گەورەکانی وەک “کارڵ ڤۆن کلاوزڤیتز و سۆن تزو” دایە لە چوارچێوەی قوتابخانەی ڕیالیزمدا، بردنەوە و دۆڕان وەک پرسێکی تەکنیکی و سیاسی یەکلاکەرەوە دەبینن. لەم دیدگایەدا، جەنگ تەنها پێکدادان نییە، بەڵکو کێبڕکێیەکە بۆ سەپاندنی ئیرادە، هەر لایەنە و هەوڵی شکاندن و کۆنترۆڵکردنی ئیرادەی ئەوی تر دەدات.
ئامرازە سیاسی وسەربازیەکانی کۆن سنورداربوون و مەودایان کورت و سادە و بەردەست بوون، بۆیە دەشێت هەر لەو چوارچێوەیەدا لێی بڕوانین. لە ڕوانگەی ئەوانەوە جەنگ وەک ئامرازێکی سیاسی سەربەخۆ نییە، بەڵکو پاشکۆی سیاسەتە. بردنەوە لێرەدا بەو واتایە دێت کە ئامانجە سیاسییەکە بەدی بێت و ئامانجی سیاسیش ئاڵۆز نیە. بۆ نمونە ئەگەر سوپایەک هەموو شەڕەکان بباتەوە بەڵام نەتوانێت لایەنی بەرامبەر ناچار بکات کە مەرجە سیاسییەکانی قبوڵ بکات، ئەوا لە ئەدەبیاتی کلاسیکیدا سەرکەوتوو نییە، بە پێی ئەم دیدگایە جەنگ بریتیە لە کۆنترۆڵکردن و شکاندنی ئیرادەی ئەوی تر بە بێ هیچ شتێکی تر.
لە لایەکی ترەوە “کلاوزڤیتز” پێی وایە هەر دەوڵەتێک “ناوەندێکی قورسایی” هەیە، “ناوەندی قورسایی”: ئەو خاڵەیە کە هەموو هێز و جوڵانەوەیەکی دەوڵەتی لێوە سەرچاوە دەگرێت وەک: (پایتەخت، سوپا، خاک). تێکشاکاندنی ئەم ناوەندە بە واتای کۆنترۆڵکردنی ئیرادەی دەوڵەت دێت.
کەواتە پێوەری بردنەوە لەوەدا چڕ نابێتەوە کە کام لایەن زۆرترین زیانی بە بەرامبەر گەیاندووە یان کێ زۆرترین خاکی داگیرکردووە، بەڵکو پێوەرەکە ئەوەیە: “کێ توانیویەتی ناوەندی قورسایی بەرامبەرەکەی هەڵتەکێنێت”
“سۆن تزو” لە کتێبی “هونەری جەنگ”دا دەڵێت: “بەرزترین ئاستی لێهاتوویی ئەوەیە کە بەبێ شەڕکردن دوژمن بشکێنیت.” لە دیدی کلاسیکدا، بردنەوە تەنها کوشتنی سەرباز و داگیرکردنی خاک نییە، بەڵکو گەیاندنی دوژمنە بەو باوەڕەی کە “بەردەوامبوون لە جەنگ ” بێسوودە، کاتێک ئیرادەی سیاسی و دەروونی سەرکردایەتی دوژمن دەشکێت، جەنگەکە کۆتایی هاتووە.
دیدی مۆدێرن بۆ جەنگ:
لە هاوچەرخدا، چەمکی “سەرکەوتنی ڕەها” (Absolute Victory) کاڵبووەتەوە. ئێستا ئێمە لەبەردەم جۆرەها سەرکەوتنی جیاوازداین لە “سەرکەوتنی پیروسی” (سەرکەوتنی پڕ لە زیان) تا دەگاتە “دۆڕانی تاکتیکی و سەرکەوتنی ستراتیژی”. زۆرجار وڵاتێک لە ڕووی تەکنەلۆژیا و هێزی ئاگرینەوە باڵادەستە، بەڵام لەبەر نەبوونی دیدگایەکی سیاسی ڕوون یان نەخوێندنەوەی دروستی بارودۆخی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لە کۆتاییدا خۆی لەبەردەم شکستی ستراتیژیدا دەبینێتەوە.
ئەم دیدە زیاتر جەخت دەکاتە سەر ڕەهەندە جیاوازەکانی (سیاسی، سەربازی، ئابووری، دەروونی، ڕەوایەتی نێودەوڵەتی) ئەمانەش ئەو پێوەرە وردانەن کە هێڵی جیاکەرەوەن لە نێوان مانەوە و داڕووخان، یان لە نێوان بردنەوەیەکی کاتی و سەرکەوتنێکی مێژووییدا. تێگەیشتن لەم پێوەرانە نەک تەنها بۆ شیکردنەوەی ڕابردوو، بەڵکو بۆ تێگەیشتن لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ئەمڕۆ و داهاتووش بایەخێکی چارەنووسسازیان هەیە.
دیاریکردنی براوە و دۆڕاو لە شەڕدا هەمیشە بەو ڕادەیە سادە نییە کە لە دەستکەوتی خاک یان ژمارەی کوژراوەکاندا دەردەکەوێت. چەندین پێوەری جیاواز هەن لە تێڕوانینی مۆدێرن بۆ جەنگ، کە زیاتر لە دوای جەنگی دووەم و بەتایبەت لە سەردەمی جەنگی سارد و قۆناغی دوای ئەو پەرەی سەندووە. لێرەدا جەنگ چیتر تەنها پێکدادانی نێوان دوو سوپای ڕێکخراو نییە لە مەیدانێکی دیاریکراودا، بەڵکو گۆڕاوە بۆ دیاردەیەکی ئاڵۆز کە سنوورەکانی نێوان “سەربازی” و “سەرجەم کایەکانی تری سیاسەت” پێکەوە دەبەستێتەوە و وەک یەک پاکێج مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.
بە گوێرەی زانستی سیاسی و ستراتیژی سەربازی لە دیدی مۆدێرن، پێوەری جیاواز هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەنجامی شەڕ، لەوانە:
١- پێوەری سیاسی:
ئەمە بە گرنگترین پێوەر هەژمار دەکرێت و چڕی قورسایی دەکەوێتە سەر ئەم پێوەرە، هەر لەم ڕوانگەیەوە براوە ئەو لایەنەیە کە دەگاتە ئەو ئامانجە سیاسییەی کە لە پێناویدا دەستی بە شەڕ کردووەو لە ئەنجامدا بە دەستی دەهێنێت. ڕەنگە سوپایەک لە ڕووی سەربازییەوە سەرکەوتوو بێت، بەڵام ئەگەر نەتوانێت بارودۆخە سیاسییەکە جێگیر بکات (وەک ئەمریکا لە ئەفغانستان)، لە کۆتاییدا بە دۆڕاو هەژمار دەکرێت.
٢- پێوەری ستراتیژی: بۆ ئەوەی بزانیت کام لایەن براوەی ڕاستەقینەی جەنگە، پێویستە لە کایەی “تاکتیکی” (کوشتن و بڕین و بردنەوەی شەڕە بچووکەکان) بێیتە دەرەوە و بە “پێوەرە ستراتیژییەکان” سەیری ئەنجامەکان بکەیت. واتا بەپێی ئەو گۆڕانکارییانە کە لە نەخشەی هێز و پێگەی دەوڵەتدا ڕوودەدەن. بە گوێرەی بنەماکانی زانستی ستراتیژ، براوەی جەنگ جەخت دەکاتە سەر چەند خاڵێکی : (مانەوەی قەوارە، هاوسەنگی هێز، تێچووی بردنەوە ).
٣- پێوەری جیۆپۆلەتیک: واتا نێوان “جوگرافیا” و “سیاسەت”. لەم ڕوانگەیەوە، بردنەوە و دۆڕان لەسەر کۆمەڵێک بنەما وەستاوە، هەر هێزێک ئەگەر دەست بەسەر ناوچە ستراتیژییەکان و قوڵایی ستراتیژی بەرامبەردا بگرێت و هەروەها بتوانێت نەخشەی سیاسی بگۆڕێت و هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپینێ، بە براوەی جەنگ.
٤- پێوەری “شەرعییەتی نێودەوڵەتی”: لە ئەمڕۆدا بابەتی “ڕەوایەتی” (Legitimacy) پێوەرێکی یە لە هەڵگیرساندنی شەڕەکاندا، هەر شەڕێک بۆ دەوڵەتی هێرشبەر پێویستی بە وەرگرتنی ڕەوایەتی هەیە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا. ئەگەر دەوڵەتێک دەسدرێژی بکاتە سەر دەوڵەتێک یان خاکەکەی داگیر بکات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی پێدا نەنێت و ڕەوایەتی پێ نەدات، ئەوا پێگەی نێودەوڵەتی لەکەدار دەبێت. لە ساڵی ٢٠١٤، ڕووسیا نیمچە دوورگەی قرمی داگیر کرد کە سەر بە ئۆکرانیا بوو، ڕووسیا خاکی بەدەست هێنا، بەڵام شەرعییەتی نێودەوڵەتی و سەقامگیری ئابووری و دۆستایەتی دراوسێیەکی گرنگی دۆڕاند، تووشی “دۆڕانی دیپلۆماسی و ئابووری” بوو، ئەوە بوو دواتر بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورەتر لە ٢٠٢٢. ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو جەنگە هەر بەردەوامە.
دەرئەنجام
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە جەنگی هاوچەرخ چیتر لە مەیدانی جەنگدا کۆتایی نایەت، بەڵکو لە عەقڵی ستراتیژیی بڕیاربەدەستەکان و لەناو هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ئابووری و شەرعییەتی نێودەوڵەتیدا یەکلا دەبێتەوە. بردنەوەی ڕاستەقینە تەنها بریتی نییە لە شکاندنی سوپای بەرامبەر، بەڵکو بریتییە لە پاراستنی “ئیرادەی نیشتمانی” و بەدەستهێنانی “ئاشتییەکی باشتر” کە تێیدا دەوڵەت نەک هەر خاک، بەڵکو قووڵاییەکی ئەمنی و سیاسیی درێژخایەن بۆ نەوەکانی داهاتووی مسۆگەر بکات.
ئەو دەوڵەتەی کە بەهۆی جەنگێکی درێژخایەنەوە قووڵایی ستراتیژیی خۆی دەگۆڕێتەوە بە وێرانکاریی ئابووری، یان لە پێناو گرتنی خاکدا شەرعییەتی نێودەوڵەتی لەدەست دەدات، لە ڕاستیدا لەبەردەم “شکستێکی ستراتیژیی” گەورەدایە کە ڕەنگە ساڵانێکی زۆر دوای بێدەنگبوونی دەنگی تۆپەکان، دەرەنجامە تاڵەکانی دەربکەون. جەنگ تاقیکردنەوەی ئیرادەیە، بەڵام تەنها ئەو ئیرادەیەی کە بە ژیریی سیاسی و خوێندنەوەی وردی جیۆپۆلەتیک ئاڕاستە دەکرێت، دەتوانێت سەرکەوتنی سەربازی بگۆڕێت بۆ دەستکەوتێکی مێژوویی هەمیشەیی.















Post Comment