باوكم و سۆران و دوو ڕستە
من و باوكم
باوكم هەر لە تەمەنێكی كەمەوە سەرەتای ساڵانی پەنجا دەبێتە سەرباز ، ئەو خوێنەواری هەبوو، نامەی دەنووسی و كتێبیشی دەخوێندەوە، كەمتر سەرو بۆری وەك ئەمەی ئێستا بە كار دەهێنا ، لە سوپادا دەبێتە عەریف و دواتر عەریفی مەشق ، بە هۆی ڕوداوێكەوە دەگیرێن و سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنرێت ، چیرۆكی لێدان و ئازاری نێو زیندانی بۆ مناڵەكانی نەدەگێڕایەوە، بەڵام دایكم دەیزانی ، دوای لێبوردن و بەربوونی دەگەڕێتەوە سەر كارەكەی ، بەڵام بە پێشمەرگەوە دەكات كە تازە سەریهەڵداوە ، لە ساڵی 1962 تا ڕۆژی ئاشبەتاڵ پێشمەرگەو بەرپرسی سەربازی بووە ، كۆچكردووان كاك عەلی حەمە خورشیدو كاك باجەت توركە زۆر چیرۆك و ئازایەتی باوكمیان دەگێڕایەوە ، خەڵكی دیكەش ماون ئەو گەواهیە دەدەن ، دوای كەوتنی بزوتنەوە چەكداریەكەو نەچوونی دایكم لە گەڵیدا بۆ ئێران، لە خەلەكان دوكانێكی هەژارانەی داناو بەوە دەژیاین ، ئەگەر جاشێتی قەبوڵبوایە، هەم دەبوە خاوەن خانوو هەم ژیانی زۆر باش دەبوو، بەڵام نەیكردو كولە مەرگی پێخۆشتر بوو، كرێكاری ڕێگەو بان و دوكانداری و دەردیسەری، كاتێك بەعس ڕوخا و پارتی و یەكێتی بوونە دەسەڵاتدار زۆر هەوڵی دا مافی ئەو 14 ساڵەی نەفەوتێ دۆست و كەس و كاریش لە خەمدا بوون ، لە شوێنێك پێیان ووتبوو بڕۆ با كوڕەكانت بتدەنێ ، وەك ئەوەی ئێمەلە سەر وارەكە بین، لە كاتێكا جاش و موستەشار موچەی مڕیان هەبوو، تا مرد بە كامی دڵ نەژیا تا مردیش بەو كورد بونە ساغەی خۆی مایەوە، نەمن نە هیچ براو خوشكێك قڕانێكی باوكم نەهاتوەتە گیرفانمانەوە ، ئەو كۆچی كردو خودا خۆی هەقی ئێمەو ئەویش لەوانە بسەنێت كە مافەكەیان خوارد.
2
من و سۆران
سۆرانی مامە حەمە شاعیر ، ڕۆژنامەوان ، زیت و وریا و تا بڵێی كوڕێكی شیرین بوو ، كورد بوو ، كوردی ساغ و پاك ، لەو كوردانەی كە هەندێك لێی قەڵسن ، لە گەڵ من تێكەڵ و دۆست و برا بوو، شیعرێكی تازەی نووسیبا نیوە شەو تەلی دەكردو بۆی دەخوێندمەوە، زۆر سەفەرو گەڕانمان بە یەكەوە دەكرد ، كەس نەبوو ڕقی لێی بێت مەگەر ئەوانەی چاویان بە جوانی مرۆڤدا هەڵنایەت ، لە گەڵ ئەوەشدا پێمدەگوت سۆران ئاگات لە خۆت بێت ، هەر ئەوەی كە خەڵكی تر بە منیشیان دەگوت ئاگام لە خۆم بێت ، لە بیرەوەریەكانیدا ئەوەی نووسیوە كە لەتیف پێی وتوە ئاگاداری خۆت بە ، هەندێك سەرنج و بیرو ڕام پێ ئەهوەن دەكردەوە، گەنج بوو بەهاری تەمەنی بوو، دڵگەرم و خاوەن خەون بوو ، لەو گەورەتربووم ، ئەزمونم زیاتر بوو، ئەویش لەوە دەگەیشت، سۆران نەدوژمنی كەس بوو نەڕقی لە هیچ حزب و لایەنێك بوو، دەیویست كەركوكێكی ئاوەدان و جوان و پڕ لە پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی هەبێت ، كەركوكی لە خۆی زیاتر خۆش دەویست ، بە یەك دووری لە هەموو لایەنەكانەوە دوور بوو، لە ئیشكردنیشدا دەیویست وا بێت ، ئەو لە سەر نووسین كوژرا ، نووسینێك كە ئەوانەی لە دیموكراسیەت و مافی مرۆڤ ناگەن و بە پێی ڕبەی خۆیان پێوانەی وشەو دەربڕین دەكەن ، بۆ من مەرگی سۆران زۆر ئازار بەخش بوو، چركە ساتی هەواڵەكە هێندە قورس بوو قسەیەكم بەو وت، چونكە بە قسەی نەكردم ، تا ڕۆژی مردن نەمەرگی باوكم بیر دەچێت نە تیرۆری سۆران ، ئەو دوو كۆستە هەردوك زۆر ئازاریان دام ، هەردوكیشیان ستەمی گەورەیان لێكرا، ئەوان كوردایەتیان كرد ، كوردایەتی بە مانا مرۆییەكەی نەك مانا حزبیەكەی ، تۆ بڵێی ئەوی سۆرانی كوشت ئەگەر لە ژیاندا مابێت ئاسودە بێت ، تۆ بڵێی ئەو كەسەی مافی باوكە ماندوەكەی منی خوارد ئاسودە بێت ، دڵنیام هەق و حسابێكی ویژدانی هەیە، ئەو كەسانە هەیانبێت یان نا ، هیچ ستەمێك بە ئاسانی تێناپەڕێ ، من نزاو هاواری ئەوانەم بینی كە كەس و كاریان لە ناودران و سزای بكەرانی ئەو ستەمكاریانەشم خراپتر بینی .
كورد دەڵێن: ئەو كەسە كەسە ئەلفێكی بەسە.















Post Comment