کاتێک وڵات دەبێتە دیوەخانی دوو خێزان

کاتێک وڵات دەبێتە دیوەخانی دوو خێزان

جار بینراوە: (165)

ئەحمەد قارەمان

دەنگدەران لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، نەک تەنها بۆ خستنە ناوەوەی کاغەزێک، بەڵکو بە هیوای ئەوەی ئەو کاغەزە ببێتە دامەزراوەیەک کە مافەکانیان بپارێزێت. بەڵام ئێستا، دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو مانگە، خەڵک دەپرسێت: ئەنجامی ئەو هەموو بانگەشە و بەڵێنانە چی بوو؟ کاتێک پەرلەمان نییە بۆ چاودێری و کابینەی نوێش پێکنەهاتووە ، پرۆسەی هەڵبژاردن دەبێتە گاڵتەجاڕییەک کە تەنها بۆ تازەکردنەوەی ڕووکاری سیستەمێک کراوە کە لە ناوەڕۆکدا هیچ نەگۆڕاوە.

کێشە یەکە تەنها لەڕووی یاسایی و کارگێڕییەوە نییە. ئەوەی خەڵک تووڕە دەکات ئەو هەستەیە کە دەنگی ئەوان لە دروستکردنی بڕیاردا هیچ بەهایەکی نییە. هەرێمی کوردستان، لەبری ئەوەی لە ڕێگەی دامەزراوە نیشتمانییەکانییەوە بەڕێوەبچێت، زیاتر لە موڵکێکی دابەشکراو دەچێت لە نێوان پارتی و یەکێتیدا. ئەم دوو هێزە (یان دروستتر بڵێین، ئەم دوو خێزانە دەسەڵاتدارە)، تەنانەت دوای هەڵبژاردنیش ئامادە نین ئەنجامەکان وەک بنەمایەک بۆ دابەشکردنی دەسەڵات قبوڵ بکەن، بەڵکو دەبێت هەموو شتێک بگەڕێتەوە بۆ سەرمێزی ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکانیان.

ئەم بێدەنگییەی پەرلەمان و پێکنەهێنانی کابینەی دەیەم، مانایەکی مەترسیداری هەیە. کاتێک وڵات بە “کابینەی کاربەڕێکەر” و بێ چاودێری پەرلەمانی بەڕێوەدەچێت ، واتە بڕیارە ئابوورییەکان، گرێبەستەکان، و داهاتی ناوخۆ بەبێ هیچ شەفافیەتێک مامەڵەیان پێوە دەکرێت. ئەمە ئەو دۆخەیە کە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە دەیانەوێت؛ سیستەمێک کە تێیدا خەڵک باج دەدات، بەڵام هیچ نوێنەرێکی کارای نییە بۆ ئەوەی بپرسێت ئەو باجە بۆ کوێ دەچێت و چۆن خەرج دەکرێت. لەم سیناریۆیەدا، وڵات لە دەوڵەتێکی دامەزراوەییەوە دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە “سیرک” یان دیوەخان، کە تەنها ئەوانەی لە ژوورە داخراوەکاندان دەزانن یارییەکە چۆن بەڕێوەدەچێت.

ئەگەر هاووڵاتییەک هەست بکات کە بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسیدا هیچ کاریگەرییەکی نییە، و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ناتوانن تەنانەت حکومەتێک پێکبهێنن، ئەوا متمانەی بە تەواوی پرۆسەی گۆڕانکاریی ئاشتیانە نامێنێت. ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی هەرێمەکە. ئایا دەسەڵاتداران درک بەوە دەکەن کە پەکخستنی دامەزراوەکان تەنها پەراوێزخستنی ڕکابەرەکانیان نییە، بەڵکو کوشتنی ئینتیمای خەڵکیشە بۆ قەوارەکە؟ کاتێک سندوقی دەنگدان بێبەها دەکرێت، خەڵک ناچار دەبێت بیر لە ڕێگەی تر بکاتەوە بۆ گەیاندنی دەنگی خۆی.

بابەتى تر

👤
Live: 37 Today: 1,470 📊 Click Here