مەسعود بارزانی لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر: ئەمجۆرە هێرش و هەڕەشانە کاروانی پێشکەوتنی هەرێم ناوەستێنێت

-
ئەمڕۆ سێشەممە 2ی کانونی یەکەمی 2025 لە پیرمام مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کرد کە پێکهاتبوو لە ماسامیچی سوگایا، بەرپرسی دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن و ئاکیارا ئیندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و چەند دیپلۆماتکاری تری ژاپۆن.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا، ستایشی ئەو بووژانەوە و پێشکەوتنەیان کرد کە لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئارا و بە هۆکارێکی گرنگیان لەقەڵەم دا بۆ گەشەسەندنی وەبەرهێنانی بیانی، و ئامادەیی وڵاتەکەشیان راگەیاند بۆ پەرەپێدانی یەکان لە بواری لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
ئاماژە بەوەکراوە، شاندی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن هەروەها نیگەرانیی خۆیان بۆ هێرشی ئەم دواییەی سەر کۆرمۆر نیشاندا و وێڕای ئیدانەکردنی رایانگەیاند کە ئەم هێرشانە دژی سەقامگیریی وزە و ئابووریی عێراق و ناوچەکەیە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، مەسعود بارزانی، وێڕای ئاماژەدان بە هۆکارەکانی پشت هێرشەکەی سەر کۆرمۆر رایگەیاند، “ئەم جۆرە هێرش و هەڕەشانە کاروانی پێشکەوتنی هەرێم ناوەستێنێت”.
سەرۆکی پارتی لە دیدارەکەدا، رۆشنایی خستووەتەسەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و کەموکوڕییەکانی یاسای هەڵبژاردن و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق.
ئایندەی کورد لە سوریا و هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوون.















Post Comment