حزبی شیوعی کوردستان: کارانەکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان مەترسییە لەسەر دیموکراسی و قەوارەی هەرێمی کوردستان

-
دوێنێ شەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2025، کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لەبارەی بارودۆخی سیاسی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا.
کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان رایگەیاند، “لە کۆبوونەوەکدا رووداوە خێراکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی و جیهان بەگشتی بەهۆی گۆڕان لە پارسەنگی هێز و ئەگەر و لێکەوتەکانی لەسەر دۆخی عێراق و کوردستان، گفتوگۆی لەبارەوە کرا”.
ئاماژە بەوەکراوە، “هەڵکشانی ئاراستەی نیولیبرالیزم و دەرئەنجامەکانی لەسەر پەیکەر و ڕۆڵی دەوڵەت بەئاراستەی خزمەتکردنی ناوەندی ئۆلیگارشی و کۆمپانیاکان و میکانیزمەکانی ئابووری بازاڕ لەسەر حسابی نەمانی ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەڵکشانی ڕێژەی هەژاری و بێکاری و پێشێڵکاری زیاتر لەسەر ماف و ئازادییەکان، تاوتوێکرا”.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لە لایەکی ترەوە، بەردەوامی قەیرانی سیاسی و کارانەکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە یەکێک لە مەترسییەکانی سەر شەرعیەتی میللی و دیموکراسی و قەوارەی هەرێمی کوردستان دانرا، هەڵوێستی حزبی شیوعی کوردستان کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانە لە زووترین کاتدا لە حاڵەتی بەردەوامبوونی پەکخستنی پەرلەمان و دامودەزگا شەرعییەکان، جگە لە گەڕانەوە بۆ ئیرادەی خەڵک و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی کوردستان وەک بژاردەیەک بۆ دەرباز کردنی هەرێمی کوردستان، ئەمەش نەخشەڕێگا و ئیرادەی سیاسی دەوێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان دوور لە عەقڵیەتی زۆنی تایبەتی هێزەکانی دەسەڵات”.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەوەرێکی دیکی کۆبوونەوەکەی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان بووە و وەک ئاماژەی پێکراوە، “لە بارەی دەستپێکردنی هەڵمەتی پرۆپاگەندەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق جەخت لەسەر بەکارنەهێنانی دارایی و سامانی گشتی و ئیستغلاڵ کردنی هەستی ئاینی و دام و دەزگا ئاینییەکان دەکەینەوە لە پێناو دروستکردنی ژینگەیەکی یەکسانی کێبڕکێ لەسەر بنەمای دروستکردنی هەلی یەکسان کە تێیدا گی عەقڵانی و پێشکەشکردنی بەرنامەی جێگرەوە لە پێناو خزمەتکردنی هاوڵاتییان ببێتە بنەمای ململانێی پارت و لیستەکانی هەڵبژاردن، ئەمەش وادەکات لەدوای هەڵبژاردن هاوڵاتییان جارێکی تر ڕووبەڕووی نائومێدی نەبنەوە و هەڵبژاردن وەک میکانیزمێک بتوانێت لە خزمەتی دیموکراسیەت و ماف و ئازادییەکانی و شکۆی هاونیشتیمانیاندا بێت، نەک بەرژەوەندی تەسکی لایەنە سیاسییەکان”.
ئەوەش هاتووە، “لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک بڕیار و راسپاردە لەسەر ئەو بنەمایانەی سەرەوە بۆ کاراکردنی زیاتری رۆڵی حزب لە پێناو داکۆکیکردن لە چین و توێژە پەراوێزخراوەکان وەرگیرا”.















Post Comment