حاکم ناز نوری وەڵامی روونکردنەوەکەی دادگای سلێمانی دەداتەوە

– سازگار ئەحمەد
دوای روونکردنەوەکەی دادگای سلێمانی کە رایگەیاند، “ناز نوری عارف دادوەر نەبووە و هیچ کاتێك ئەو ئەرکەی نەبووە“، حاکم ناز نوری روونکردنەوە دەدات.
حاکم ناز نوری بە راگەیاند، “لە ئەنجومەنی دادوەری عێراق سکاڵا لەسەر دادگای سلێمانی تۆماردەکەم لەسەر ئەو روونکردنەوەی داویەتی“.
ئاماژەی بەوەشکرد، “من هەوێم هەیە و بە بەڵگە دەیسەلمێنم کە دادوەر بووم یەکێک لە هەوێکانم هی بەغدایە و ئەوی دیکەشیان هی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمە“، وێنەی هەوێکان لای پارێزراوە.
ئەمڕۆ هەینی 3ی تشرینی یەکەمی 2025، دادگای سلێمانی رایگەیاند، “ماوەیەکە کەسانێک کە هیچ سیفەتێکى دادوەرییان نیە و لە پەیکەرى پێکهاتەى ئەنجومەنى دادوەرى دادوەر نین، بەڵام بەناوى دادوەرەوە خۆیان دەناسێنن و لە سایت و کەناڵەكانەوە دەرئەكەون و قسەو ئاماژەى بێ سەروبەر بڵاودەکەنەوە بەناو خەڵکدا و بوونەتە هۆی دروستکردنى بێمتمانەیی و چاندنی تۆوی ڕق و کینە لە ناو کۆمەڵگەدا“.
ئاماژە بەوەکراوە، “بەناوی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی كە بەشێكە لە ئەنجومەنى دادوەرى هەرێمی كوردستان هەموو ئەوانە ئاگادار دەكەینەوە کە بە کردەیی دادوەر نین و سەربە ئەنجومەنى دادوەرى هەرێمى کوردستان یان دەسەڵاتی دادوەری عیراق نین، جارێکیتر نازناوى دادوەر بەکار نەهێنن و خۆیانی پێ نەناسێنن“.
دادگای سلێمانی دەڵێت، “هەر لەو میانەیەدا ماوەیەکە دەبینین کەسێک بەناوی (ناز نوری عارف) بۆ خۆدەرخستن خۆی بە (حاکم ناز)لە کەناڵ و سایتەکان ناوزەد دەکات و بەپێی حەزی خۆی و چۆنی پێخۆشە سیناریۆ دادەڕێژێت و كەیس دروست دەكات و سوکایەتی بەدامەزراوەی دادوەری و دامەزراوەکانی تر دەکات و هەستی ناسکی خەڵک دەورووژێنێت، گوایە دادوەر بووە و وازی هێناوە“.
دەشڵێت، “لە راستیدا ئەو کەسە هیچ کاتێک دادوەر نەبووە و لەسەر سەکۆی دادوەری دانەنیشتووە و لەتەمەنیدا دادوەریی نێوان دوو کەسی نەکردووە، بەڵكو ئەم کەسە کاتی خۆی ماوەیەکی کورت بەرپرسی فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی بووە و ساڵی 2014 بەر لە هاتنی تەمەنی خانەنشینی بە ی لیژنەی پزیشکی بە هۆكاری خراپی باری تەندروستی و بەپلەی پەككەوتەیی (العجز البدني) خۆی هەواڵەی خانەنشینی کردووە و بە %80ی ئیمتیازات و كۆتا مووچەی كە لەوكاتەوە تائێستا مانگانە وەریدەگرێت و بەتێكڕایی سەدان ملیۆن دینار دەكات، ماوەی چەندين ساڵە لەماڵەوەیە و یاری بە هەست و سۆزی خەڵک دەكات، كە جێگای پرسیار و تێڕامانە كەسێك بەقسەی لیژنەی پزیشکی پەككەوتەیی هەبێت چۆن ئەتوانێ ئامۆژگاری خەڵك بكات و پەی بەچاكە و خراپە بەرێت، لەكاتێكدا لەو ماوەیەی بەرپرسیارێتی هەبووە هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ چارەسەری گرفتەکان“.
ئەوەش روونکراوەتەوە، “بەهەموو لایەکی ڕادەگەیەنین قسەو رەفتارەکانی ئەو کەسە لەسەر دادوەر حساب نەکەن، چونکە دادوەر نەبووە و هیچ کاتێك ئەو ئەرکەی نەبووە. وە بە مافی یاسایی خۆمانی دەزانین لەسەر ئەم رەفتار و خۆ بە دادوەر ناساندن و سیناریۆ داڕشتن و سوکایەتیکردنە بە دامەزراوەی دادوەری ئاگاداری بکەینەوە كە بە یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسە و هاوشێوەكانی دەكەین بۆ ئەوەی کەسیتر چاوی لێ نەکات و تووشی بەرپرسیارێتی یاسایی نەبێت“.















Post Comment