شانۆیەک بەبێ ڕکابەر
حازم محمد جەلال
وەک یارییەکی تۆپی پێ کە تێیدا هەردوو تیمەکە سەر بە یەک خاوەن بن و ناوبژیوانەکەش لەلایەن هەمان کەسەوە مووچەی پێ بدرێت، پاشانیش داوا لە بینەران بکرێت باوەڕ بە گەرموگوڕی و ڕاستەقینەبوونی کێبڕکێیەکە بکەن؛ گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی ش ڕێک بەمجۆرە داڕێژراوە. کاتێک هاوڵاتییەک سەیری پەرلەمان یان شاشەی تەلەفزیۆنەکان دەکات، دەنگەدەنگ و شەڕەقسەی زۆر دەبینێت، بەڵام لە واقیعدا دەزانێت کە هیچ هێزێکی ڕاستەقینە بوونی نییە کە بتوانێت پێگەی ئەو دوو حیزبە دەسەڵاتدارە بهەژێنێت. لەم هەرێمەدا، ئۆپۆزسیۆنبوون ئیتر پرۆژەیەک نییە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و گۆڕینی سیستەم، بەڵکو بووەتە تەنها دەنگێکی ناڕازی کە لە باشترین حاڵەتدا ڕێگەی پێدەدرێت کەمێک هاوار بکات، بەو مەرجەی هەرگیز دەستی بۆ پایە یەکانی دەسەڵات نەچێت.
ئەم نەبوونی ئۆپۆزسیۆنە ڕاستەقینەیە، دەرەنجامی لاوازیی خەڵک نییە، بەڵکو ئەنجامی پرۆسەیەکی وردی خنکاندنە کە لەلایەن دەسەڵاتەوە پەیڕەو دەکرێت. ئەوان سیستەمێکیان دروستکردووە کە تێیدا بژێوی ژیان، کار، و تەنانەت ئاسایشی کەسیش بەستراوەتەوە بە وەلائی حیزبییەوە. هەر کاتێک هێزێکی نوێ هەوڵی دروستبوونی دابێت، یان بە پارە و پۆست کڕدراوە، یان بە هێزی سەربازی و دادگای دروستکراو تێکشکێنراوە. واتە دەسەڵات، بازاڕی سیاسەتی بە جۆرێک قۆرخ کردووە کە هەرگیز ڕێگە نادات دوکاندارێکی نوێ تیایدا سەوز ببێت.
هەژممونى ڕاستەقینە کاتێکە کە دەسەڵات نەک تەنها بە زەبری هێز، بەڵکو بە دەستبەسەرداگرتنی عەقڵ و ئابووری، ستەمەکەی خۆی وەک شتێکی سروشتی پیشانی کۆمەڵگا دەدات ئەمەش ڕێک هەمان ئەو واقیعەیە کە لە تورکیای ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغاندا بەرامبەر بە بزووتنەوەی سیاسیی کورد پەیڕەو دەکرێت، کاتێک هەر جارێک پارتێکی کوردی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، دەوڵەت بە بیانووی “تیرۆر” پارتەکە دادەخات و سەرکردەکانی (وەک دەمیرتاش) دەخاتە زیندانەوە، تاوەکو هیچ ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە نەمێنێتەوە. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە لە کوردستان، لەو مۆدێلەش پێشکەوتووترن؛ ئەوان پێویستیان بە داخستنی فەرمیی پارتەکان نییە، بەڵکو بە بڕینی سەرچاوەی دارایی و ترساندنی لایەنگرەکانیان، ئۆپۆزسیۆن لە ناوەوە خاڵی دەکەنەوە و دەیکەنە پێشانگایەکی بێ زیان.
ئەم کارتێلە سیاسییە، کاتێک دەچنە دەرەوەی وڵات، بە شانازییەوە باس لە فرەحیزبی و بوونی ئۆپۆزسیۆن دەکەن وەک بەڵگەیەک بۆ دیموکراسییەکەیان، بەڵام لە ناوخۆدا زۆر باش دەزانن کە ئەوەی پێی دەوترێت “ئۆپۆزسیۆن”، یان هێزێکی پەراوێزخراوە کە توانای گۆڕینی یەک یاسای نییە، یان هێزێکە کە لە کۆتاییدا دەبێتە هاوبەشی بەشێکی بچووکی گەندەڵییەکان. ئەوان تەماشاگەرییەکی مەدەنییان دروستکردووە کە تێیدا ڕەخنەگرتن ئازادە تەنها تا ئەو سنوورەی کە مەترسی لەسەر قاصەی خاڵە سنوورییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت دروست نەکات. ئەمە سیاسەت نییە، ئەمە مۆنۆپۆڵکردنی دەوڵەتە بە ناوی دیموکراسییەوە.















Post Comment