نیشتمان بوو بە کۆیلەی هێزە تاریکەکان
محمد سيامند ئيمام
عێراق هاوشێوەى پاسەوانێکی لاواز لەبەردەم قەڵایەکی گەورەدا وەستاوە و بە شانازییەوە ئاڵایەک دەشەکێنێتەوە، لەکاتێکدا لە ناوەوەی قەڵاکەدا چەتەکان خەریکی دابەشکردنی ماڵ و سامانی دانیشتووانەکەن و هەر کەسێکیش بێتە دەرەوە، پاسەوانەکە پێی دەڵێت کە هەموو شتێک لەژێر کۆنترۆڵدایە! لێرەدا ئاڵاکە تەنها پارچە قوماشێکە بۆ شاردنەوەی ئەو داڕمانە گەورەیەی کە لە ناوەوە ڕوو دەدات، و پاسەوانەکەش تەنها بووکەڵەیەکە کە چەتەکان بۆ چەواشەکردنی خەڵک دایناوە ! ئەمە ڕێک واقیعی ئەمڕۆی عێراقە؛ دەوڵەتێک کە تێیدا حکومەت تەنها ڕووخسارێکی فەرمییە بۆ واژۆکردنی کاغەزەکان، بەڵام بڕیاری ڕاستەقینە و هێزی یەکلاکەرەوە لە دەستی ئەو میلیشیا و هێزە چەکدارانەدایە کە سەروەریی نیشتمانیان لەژێر پێڵاوەکانیاندا پێشێل کردووە !
لە سایەی ئەم دۆخەدا، حکومەتی ئیفلیجکراو توانای ئەوەی نییە تەنانەت یەک بڕیاری چارەنووسساز بەبێ ڕەزامەندیی سەرکردەی میلیشیاکان بدات. کاتێک بودجەی شاراوە و داهاتی دەروازە سنوورییەکان دەچێتە گیرفانی ئەو گرووپانەی کە لە دەرەوەی یاسان، ئیتر باسی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبێتە گاڵتەجاڕییەکی قێزەون. ئەوان دەوڵەتیان کردووەتە قەڵغانێک بۆ شاردنەوەی ئابووریی سێبەر، و هەر کاتێکیش مەترسی بکەوێتە سەر بەرژەوەندییەکانیان، بە ئاشکرا چەکەکانیان دەهێننە سەر شەقام و تەواوی دامەزراوە بێگیانەکان دەخەنە ژێر گەمارۆوە تا پێمان بڵێن کە خاوەنی ڕاستەقینەی نیشتمان کێیە.
پێموایە کە “دەوڵەت ئەو تاکە کۆمەڵگە مرۆییەیە کە مافی قۆرخکردنی بەکارهێنانی هێزی ڕەوای هەیە” ! ئەم حەقیقەتە ڕێک پێناسەی ئەو کارەساتەیە کە لە لوبناندا ڕوویدا، کاتێک گرووپە چەکدارەکانی وەک حیزبوڵڵا چەکیان لە سەرووی سوپاوە دانا و وڵاتیان کردە بارمتەی بڕیارە دەرەکییەکانیان، کە لە کۆتاییدا دەوڵەتی گەیاندە داڕمانی تەواوەتیی ئابووری و سیاسی ! ئەمڕۆ لە عێراق و هەرێمی شدا هەمان شانۆگەریی کوشندە پەیڕەو دەکرێت؛ دەسەڵاتداران بە ناوی دیموکراسیی ساختەوە هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام لە واقیعدا ئەوە هێزە تاریکەکانن کە دادگاکانی کارتۆنی و پەرلەمانی بێدەنگکراو ئاراستە دەکەن، و هەر دەنگێکی ناڕازیش بە خێرایی لە ڕێگەی سەرکوتکردنی مەدەنی و دروستکردنی پەڕاوی ساختەوە لەناو دەبەن !
لێرەدا، سەروەری تەنها وشەیەکە بۆ ە تەلەفزیۆنییەکان، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع، هاوڵاتیی سادە دەبێت باجی ئەم فرەدەسەڵاتییە بدات. کاتێک کارگەکانی نیشتمان دادەخرێن و بازاڕەکان قۆرخ دەکرێن، ئەوە باجی ئەو سەرانە نایاساییانەیە کە چەکدارەکان لە ژێرزەمینەکاندا لێی وەردەگرن. هیچ پرۆژەیەک و هیچ وەبەرهێنانێک ناتوانێت بژی ئەگەر پشکی شێری نەچێتە ناو خەزێنەی ئەو تاڵانچییانەوە کە یاسایان کردووەتە پاشکۆی تفەنگەکانیان.















Post Comment