متمانە پێش پارەکە دزرا
هێمن غەریب ڕەحمان
کاتێک دەسەڵاتداران بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنن کە دەستیان بەسەر ملیۆنان دۆلار و دەیان خانووی دزراودا گرتووە، چاوەڕێن خەڵک بێتە سەر شەقام و ئاهەنگیان بۆ بگێڕێت. پێیان وایە پیشاندانی سەیارە و زێڕی زەوتکراو لەسەر شاشەکان، بەسە بۆ ئەوەی خەڵک باوەڕ بکات کە سیستەمەکە چاک بووەتەوە. بەڵام ڕاستییەکی زۆر سادە هەیە کە پێدەچێت لەو ژوورە داخراوانەدا لێی تێنەگەن: متمانەی خەڵک زۆر پێش ئەوەی پارەکە بگەڕێتەوە، هەر لەو ڕۆژەدا مرد کە ئەو ملیارانە بە ئاسانی بەناو سیستەمەکەدا هاتوچۆیان کرد! کاتێک دزێک دێتە ماڵەکەتەوە و دواتر پۆلیس کەلوپەلەکانت بۆ دەهێنێتەوە، ڕاستە پارەکەت بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانیت بە ئارامی بخەویت، چونکە دەزانیت قفڵی دەرگاکەت شکاوە و پاسەوانەکانیش نووستبوون. خەڵک پرسیاری ئەو پارەیە ناکات کە گێڕاوتانەتەوە، خەڵک دەپرسێت: باشە ئەو هەموو دەزگای چاودێری و وردبینییە، لە کوێ بوون کاتێک ئەم شاخە پارەیە دروست بوو؟
ئەوەی جێگەی پێکەنینێکی تاڵە، شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم شانۆگەرییەیە. لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی بەبێ شەفافییەت، وەک ئەوە وایە بە پەردەی داخراوەوە سەیری یارییەکی شانۆیی بکەیت. لای هاوڵاتیی ئاسایی و چالاکوانان، ئاشکراکردنی تەواوی ئەو تۆڕە سیاسی و ئابوورییەی کە چەتری بۆ ئەم گەندەڵکارانە هەڵداوە، هەزار جار لە گەڕاندنەوەی پارەکە گرنگترە. ئەگەر خەڵک نەزانێت چۆن گرێبەستەکان واژۆ کراون و کێ تەلەفۆنی بۆ کێ کردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ملیارانە، ئەوا پرۆسەکە تەنها وەک ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر دەبینرێت نەک سەروەریی یاسا. لەم حاڵەتەدا، گەڕاندنەوەی ئەو سەروەتە دەبێتە تەنها “باجێک” کە گەندەڵکارەکە دەیدات بۆ ئەوەی ناوەکانی تر بشارێتەوە و خۆی لە سزای ڕاستەقینە ڕزگار بکات. ئەگەر دادگاکان کراوە نەبن و وردەکارییەکان بڵاو نەکرێنەوە، گرتنی یەک بەرپرس تەنها دەرکردنی ئەکتەرێکە بۆ هێنانە پێشەوەی ئەکتەرێکی تر.
دامەزراوەکان کاتێک دەتوانن باوەڕ بە خەڵک بهێنن کە بەوپەڕی بوێرییەوە لاوازییەکانی ناو سیستەمی بانکی و چاودێریی خۆیان ئاشکرا بکەن و دەرگاکان دابخەن. ناکرێت تەنها ئەنجامی تاوانەکە بسڕیتەوە و وا پیشان بدەیت کە هەموو شتێک ئاساییە. تا ئەو کاتەی پرۆسەی گەندەڵی ڕیشەکێش نەکرێت و لێکۆڵینەوەکان لەبەردەم ڕای گشتیدا نەکرێن، گەڕاندنەوەی هەر ملیارێک تەنها دانانی لەزگەیەکە لەسەر برینێکی قووڵ کە خوێنی لێ دەچۆڕێت!















Post Comment