باجە شاراوەکەی هەر دینارێکی دزراو
اسماعیل عبداللە سعداللە
کاتێک دەسەڵاتداران بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنن کە ملیاران دینار و ملیۆنان دۆلار لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا زەوت کراون، زۆرجار میدیاکان و خەڵک تەنها چاویان دەچێتە سەر ژمارەکە و ئەو سەروەتە خەیاڵییەی کە لە ماڵی بەرپرساندا دۆزراوەتەوە. بەڵام ڕاستییەکی زۆر سامناک هەیە کە کەم کەس باسی دەکات: ئەم پارانە تەنها ژمارەی ناو حساباتێکی بانکی نەبوون کە گواسترابێتنەوە بۆ حساباتێکی تر؛ ئەم ملیارانە لە بنەڕەتدا ژیانی دزراوی ملیۆنان هاوڵاتین. هەر دینارێک کە دەچێتە گیرفانی گەندەڵکارێکەوە، لە ڕاستیدا بلۆکێکە لە بینای قوتابخانەیەک کە هەرگیز دروست نەکراوە، یان ئامێرێکی پزیشکییە لە نەخۆشخانەیەکدا کە هەرگیز نەکڕدراوە، یان مووچەی مامۆستایەکە کە مانگانە بە بیانووی بێپارەییەوە لێی دەبڕدرێت. کاتێک بەرپرسێک ٧٠ موڵکی نیشتەجێبوون دەکڕێت، لە واقیعدا خەونی هەزاران گەنجی بۆ کڕینی یەک شوقەی سادە کوشتووە، چونکە ئەو پارەیەی ئەو پێی دەوڵەمەند بووە، ڕێک ئەو پارەیە بووە کە دەبوو بۆ سندوقی نیشتەجێبوون و قەرزی گەنجان تەرخان بکرێت.
بەداخەوە، باسی گەندەڵی لەم وڵاتەدا هەمیشە وەک فیلمێکی ئەکشن باس دەکرێت؛ کێ گیرا، چەندی پێ بوو، و چۆن شاردرابووەوە! بەڵام کەمترین جار قسە لەسەر لێکەوتە وێرانکەرەکانی ئەم تاڵانییە دەکرێت لەسەر ئابووریی وڵات. ئەو ملیارانەی دەچنە گیرفانی ئەم حوتانەوە، دەبنە هۆی وەستانی سەدان پرۆژەی بچووک و مامناوەند کە دەیتوانی هەزاران هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت. کاتێک سەرمایە لە بازاڕی وەبەرهێنانی دروستەوە دەگوازرێتەوە بۆ کڕینی زێڕ و شاردنەوەی پارەی کاش لە ژێرزەمینەکاندا، بازاڕ تووشی ئیفلیجی دەبێت و هێزی کڕینی خەڵکی سادە دادەبەزێت. ئەمەیە باجە ڕاستەقینەکەی گەندەڵی؛ ئەوەی دزراوە تەنها بودجەی حکومەت نییە، بەڵکو گەشەی ئابووری، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، و داهاتووی نەوەیەکە کە ناچار دەکرێت باجی کۆشک و ڤێلای بەرپرسان لەسەر حسابی بێکاریی خۆی بدات.
لەلایەکی تریشەوە، ئەم دۆسیە زەبەلاحانەی گەندەڵی، گەورەترین گورز لە متمانەی وەبەرهێنەری بیانی و ناوخۆیی دەدەن. کام وەبەرهێنەر ئامادەیە سەرمایەکەی بهێنێتە وڵاتێکەوە کە تێیدا جێگرە وەزیرێک یان بەڕێوەبەرێکی گشتی بتوانێت بەو ئاسانییە بودجەی پرۆژەیەک بڕفێنێت و بیکاتە سەیارەی گرانبەها؟ کاتێک سیستەمی ئابووری دەبێتە ژینگەیەک بۆ پارە سپیکردنەوە و قۆرخکاری، وەبەرهێنانی ڕاستەقینە ڕادەکات و تەنها ئەو کۆمپانیایانە دەمێننەوە کە بەشێکن لە یارییەکە. گەڕاندنەوەی ئەم پارانە دوای گیرانی بەرپرسەکان، هەرگیز ناتوانێت قەرەبووی ئەو چەند ساڵە بکاتەوە کە تێیدا ئابووریی وڵات پاشەکشەی کردووە، هەروەک چۆن گەڕاندنەوەی بزوێنەرێکی دزراو ناتوانێت قەرەبووی ئەو گەشتە بکاتەوە کە بەهۆی وەستانی ئۆتۆمبێلەکەوە لەدەستت چووە. گەندەڵی لێرەدا تەنها دزینی پارە نییە، بەڵکو کوشتنی کاتی کۆمەڵگایەک و ڕاگرتنی تەواوی ژیانی ئابوورییە لە پێناو ئارەزووی چەند کەسێکدا.















Post Comment