عێراق سەرۆک وەزیرانەکان دەگۆڕێت، بەڵام ئایا سیستمەکە دەگۆڕێت؟
ڕێبەر عومەر
حەکایەتی حوکمڕانی لە عێراقی نوێدا هەمیشە بە هەمان سیناریۆ دەست پێدەکات: سەرۆک وەزیرانێکی نوێ دێتە سەر کار، جانتایەکی پڕ لە بەڵێنی بریقەداری وەک چاکسازیی ڕیشەیی، شەڕی بێبەزەییانە دژی گەندەڵی، باشکردنی خزمەتگوزارییەکان و گێڕانەوەی متمانەی خەڵک پێشکەش دەکات. بەڵام کاتێک تەمەنی حکومەتەکەی کۆتایی دێت و کورسییەکەی جێدەهێڵێت، کتوپڕ لافاوێک لە دۆسیەی گەندەڵی و دزینی ملیارەها دۆلار لەناو ئەو وەزارەت و دامەزراوانەدا ئاشکرا دەبن کە لەژێر چاودێریی ئەودا بوون. ئەم خولە بەردەوامە پرسیارە قووڵەکە دەورووژێنێت: ئایا کێشەی عێراق کەسی سەرۆک وەزیرانە، یان ئەو سیستمە سیاسییەی کە هەمیشە هەمان ئەنجام بەرهەم دەهێنێتەوە؟
واقیعی تاڵ پێمان دەڵێت کە گۆڕینی دەموچاوەکان لە لوتکەی دەسەڵاتدا تەنیا جوانکاریی پێکهاتەیەکی ڕزیوە. کێشەی ڕیشەیی عێراق لە ناوی سەرۆک وەزیراندا نییە، بەڵکو لەو سیستمە حیزباتی و پشکپشکێنەیەدایە (المحاصصة) کە وەک هێڵکارییەک بۆ دابەشکردنی دەوڵەت کێشراوە. لەم سیستمەدا، وەزارەتەکان ناگۆڕێن بۆ دەزگای نیشتمانی بۆ خزمەتی گشتی، بەڵکو دەبنە مۆڵگەی دارایی و ئابووریی حیزب و کوتلە سیاسییەکان. سەرۆک وەزیران، هەرچەندە نیازی چاکیشی هەبێت، لە کۆتاییدا خۆی لەناو تەوقی توندی ڕێککەوتنه پێشوەختەکانی پشت پەردەدا دەبینێتەوە و ناتوانێت دەست بۆ سەرە گەورەکانی پشتگیری حیزبەکەی یان هاوپەیمانەکانی ببات.
ئەمەی کە لێکۆڵینەوە و گرتنی بەرپرسە باڵاکان هەمیشە دوای ڕۆیشتنی حکومەتەکان یان لە کاتی ململانێی سیاسی نوێدا سەرهەڵدەدەن، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە لێپرسینەوە لای ئێمە کەرەستەیەکی سیستمی و جێگیر نییە، بەڵکو کارتێکی فشارە بۆ تەسفیەی حیساباتی سیاسی. تا کاتێک کە ژێرخانی حوکمڕانی لەسەر بنەمای پێدانی پۆست بەپێی دڵسۆزی بۆ حیزب نەک لێهاتوویی بێت، و تا کاتێک کە دامەزراوە چاودێرییەکان ترسیان لە چەک و پارەی کوتلەکان هەبێت، گۆڕینی سەرۆک وەزیران تەنیا کڕینی کاتی زیاترە بۆ سیستمەکە. عێراق پێویستی بە گۆڕینی شۆفێرەکە نییە، پێویستی بە گۆڕینی تەواوی ئەو بزوێنەرە هەیە کە وڵاتەکە بەرەو داڕمان دەبات.















Post Comment